هەواڵ
نێچیرڤان بارزانی :هیوادارم قۆناغی هەستیار و سەخت تێپەڕێت
 ئاڕاستە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت: ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاریه‌تی و متمانەیەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی، به‌ كه‌سێكی لێهاتوو و شایسته‌ و جێگه‌ی متمانه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، وه‌سفی ده‌كات.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى،
سەرۆ‌ك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
سڵاو و ڕێز..
خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان متمانه‌ى دا به‌ به‌ڕێزتان وەك سەرۆ‌ك وەزیران و به‌ كابینەی نۆیەمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. بەو بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەم.
ئەمە دەستكەوتێكی دیكەی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ویست و خۆڕاگری و هاوكاریی هاووڵاتیان و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و دۆست و پشتیوانانی گەلەكەمان.
ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاریه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.
دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرز دەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن. هیچتان درێخی ناكەن لە ئەرك و جێبەجێكردنی كاری ڕۆژانە و درێژخایەن بۆ درێژەدان بە دابینكردنی ئارامی، ئاسایش، گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان.
گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاریی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم.
سەركەوتنی ئێوە و جێگری سەرۆك وەزیران و تەواوی وەزیرەكان بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هەموومان و سەركەوتنی گەل و هەرێمی كوردستانە.
لەگەڵ ڕێزمدا..
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
464 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/10/2019 4:30:24 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ