هونەر
هونه‌رمه‌دێكى دێرین و ناسراوى سلێمانى له‌ دۆخێكى ناهه‌مواردا ده‌ژى
  ئاڕاسته‌: پشتیوان عه‌زیز

صڵاح مه‌جید هونه‌رمه‌ندى دێرینى شارى سلێمانى كه‌ له‌ ساڵانى حه‌فتاكانه‌وه‌ ده‌ستى به‌ كارى هونه‌رى كردووه‌ و تاكو ئێستا بێ دابڕان به‌رده‌وه‌مه‌،له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ماڵپه‌ڕى ئاراسته‌دا ژیان و گوزه‌رانى و كاروچالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانى ده‌خه‌ینه‌روو.

ئاراسته‌:صڵاح مه‌جید كێیه‌؟

هونه‌رمه‌ند:من ناوم صڵاحه‌دین مه‌جیده‌ و ناوى هونه‌ریم صڵاح مه‌جیده‌ كه‌ له‌ ساڵى 1951 له‌ گه‌ڕه‌كى ئیسكانى شارى سلێمانى دایك بوومه‌ وتا قۆناغى سه‌ره‌تایم خوێندووه‌ و سه‌ره‌تاى ژیانم به‌ كارى كرێكارى ژیاوم.


ئاراسته‌:ده‌ستپێكى كارى هونه‌رییت بۆ چى ساڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

صڵاح مه‌جید:له‌ ساڵى 1971 هاتوومه‌ته‌ ناو كارى هونه‌رییه‌وه‌ و وه‌ك گۆرانى بێژ ده‌ستم پێكردووه‌ و سه‌ره‌تا بووم به‌ ئه‌ندام له‌ كۆمه‌ڵه‌ى هونه‌رى وێژه‌ ،هه‌روه‌ها له‌و ساڵانه‌دا له‌ شارى به‌غدا گۆرانیم تۆمار كردووه‌ و پاشانیش له‌گه‌ڵ تیپى هونه‌رى مه‌وله‌وى سه‌رجه‌م كاره‌كانم كردووه‌ و كه‌ له‌ ساڵى 1977 مۆڵه‌تى ئه‌و تیپه‌مان وه‌رگرت.

ئاڕاسته‌:تاكو ئێستا چه‌ند به‌رهه‌مت هه‌یه‌ و چه‌ند به‌رهه‌مى كارى كلیپت بۆ كردووه‌؟

صڵاح مه‌جید:تاكو ئێستا كۆى به‌رهه‌مه‌كانى گشتۆته‌ 22 به‌رهه‌م و 13 به‌رهه‌میشى كارى كلیپم بۆ كردووه‌،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌سه‌ر شانۆ چه‌ندین كارى هونه‌رى خۆبه‌خشانه‌م ئه‌نجام داوه‌ له‌وانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى هیوا بۆ دڵخۆشكردنى نه‌خۆشه‌كان و منداڵانى بێ دایك و باوكان و خه‌ڵوه‌تگه‌ى پیران و منداڵپارێز،هه‌روه‌ها له‌ شاره‌جیاوازه‌كانى كوردستانیش كارى هونه‌رىم كردووه‌ وه‌ك سلێمانى و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌ و هتد.

ئاڕاسته‌:ئایا كاره‌ هونه‌رییه‌كانت ته‌نها له‌ ناوخۆى كوردستاندا ئه‌نجام داوه‌؟

صڵاح مه‌جید:من له‌ ساڵى 1995 بۆ 1996 رۆیشتمه‌ ده‌ره‌وه‌ى كوردستان و له‌ وڵاتى هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند نامدار قه‌ره‌داغى درێژه‌م به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانم داو چه‌ند به‌رهه‌مێكیشم له‌و وڵاته‌ تۆمار كرد،به‌ڵام له‌ساڵى 2006ه‌وه‌ بۆ یه‌كجارى گه‌ڕامه‌وه‌ كوردستان.

ئاراسته‌:ئایا هونه‌رمه‌ند له‌پاى ئه‌و خزمه‌ته‌ى به‌ كارى هونه‌رى كردووه‌ هیچ سودمه‌ند بووه‌؟

صڵاح مه‌جید:نه‌خێر تاكو ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سودمه‌ند نه‌بوومه‌ نه‌ به‌پێدانى پارچه‌ زه‌وی نه‌ شوێنه‌ نیشته‌جێبوونه‌كان، ته‌نانه‌ت كاتێكیش گه‌ڕامه‌وه‌ یه‌كێتى هونه‌رمه‌دانى كورد پێیان وتم بگه‌ڕێیه‌وه‌ هاوكاریت ده‌كه‌ین به‌ڵام نه‌یان كرد هه‌رچه‌نده‌ خۆم یه‌كێكم له‌ ئه‌ندامانى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى هونه‌رمه‌ندانى كورد له‌ ساڵى 1983.

ئاراسته‌:كه‌واته‌ ئێستا هونه‌رمه‌ند صڵاح مه‌جید بارى ژیان و گوزه‌رانى به‌چى شێوه‌یه‌كه‌ و له‌ چى ئاستێكدایه‌؟

صڵاح مه‌جید:بارى دارایی من هیچ باش نییه‌ و هیچ داهاتییه‌كم نییه‌،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕه‌ پاره‌یه‌كى زۆریش قه‌رزارم.

هاوكات له‌سه‌ر كار و ژیانى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ جه‌زاى ساز بۆ ئاراسته‌ باسى له‌وه‌ كرد:صڵاح مه‌جید سێ چاره‌كى ته‌مه‌نى بۆ هونه‌ر ته‌رخان كردووه‌ و خزمه‌تى به‌هونه‌ر كردووه‌ ،بۆیه‌ ناكرێت كه‌ ناوى كه‌سایه‌تییه‌كانى سلێمانى بهێنى ناوى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌هێنى چونكه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌ى میلله‌ت بووه‌ له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمدا،هه‌روه‌ها له‌ گه‌ڵ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و خه‌باتى كردووه‌.

هونه‌رمه‌ند جه‌زاى ساز ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: تاكو ئێستا له‌و زه‌وى و شوێنه‌ نیشته‌جێ بونانه‌ى كه‌ حكومه‌ت پێشكه‌شى هونه‌رمه‌ندانى ده‌كرد ئه‌و سودمه‌ند نه‌بووه‌ و هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵى 2010  به‌یاوه‌رى من داواكارییه‌كمان له‌و باریه‌وه‌ خسته‌به‌رده‌ستى مام جه‌لال،ئه‌ویش له‌ وڵامدا به‌ د.به‌رهه‌مى ڕاگه‌یاند شوێنى نیشته‌جێ بوونى بۆ دابن بكه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ش دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ هه‌ر بۆى جێبه‌جێ نه‌كرا بۆیه‌ داواكارم بۆ ئه‌وه‌ى روحى مام جه‌لال شاد  بێت ئه‌و داواكارییه‌ى بۆ جێبه‌جێ بكرێت چونكى له‌ ژیانێكدا ده‌ژى له‌ ڕاستیدا شایسته‌ى ئه‌و نییه‌.

4149 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/14/2019 1:58:53 PM
زیاتر ...

بیروڕا

زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ