دۆسیە
حكومه‌تی عیراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ڕاده‌گرێت؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم
هه‌رڕۆژه‌ی ده‌نگۆیه‌ك بلأوده‌كرێته‌وه‌ له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ،كه‌ ده‌وترێت ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ غدا ده‌ینێرێت بۆموچه‌ خۆران حكومه‌تی هه‌رێم دابه‌شی ناكات،یاخود باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئیدی حكومه‌تی هه‌رێم موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نانێرێت.

له‌م ڕاپۆرته‌ی ئاڕاسته‌دا زۆرترین زانیاری له‌ زاری به‌رپرسان له‌ هه‌رێم و به‌ غداوه‌ بلأوده‌كه‌ینه‌وه‌ و لێدوانه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌رگیز بۆئه‌مساڵی 2019 كێشه‌ له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا نابێت.

حكومه‌تی هه‌رێم سزای خه‌ڵكی هەرێم ده‌دات

عەبدولهادی موحان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاندوه‌،حكومه‌تی هه‌رێم سزای خه‌ڵكی هەرێم ده‌دات و ئەو موچانەی بەغدا ڕەوانەیان دەكات ناگاتە دەستی فەرمانبەرانی كورد، هەر بۆیە بەغدا ناچاربوو جارێكی دیكە موچەكە ڕاگرێت و بیر لە رێگاچارەیەكی دیكە بكاتەوە.

عه‌بدولهادی موحان په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاماژە بەوەشدەكات :موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ بۆ چوار مانگی ئه‌مساڵ نێردراوه‌، به‌ڵام تائێستا حكومەتی هەریم موچەكەی بۆ فەرمانبەرانی خه‌رجنەكردووە.به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوه‌ به‌ڕاده‌ستكردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ به‌كۆمپانیای سۆمۆ.

داوای‌ ڕاگرتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كرێت

له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ نوسراوێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق كراوه‌ كه‌ واژۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی له‌سه‌ره‌و تێیدا داوای‌ ڕاگرتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كات تائه‌وكاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی‌ ڕاده‌ستی سۆمۆ ده‌كات.
به‌وته‌ی عه‌بدولهادی موحان، “بۆ حكومه‌تی به‌غدا ڕونبۆته‌وه‌ ئه‌و موچانه‌ی له‌مساڵدا نێردراون بۆ هه‌رێم، به‌شێكی به‌پاشه‌كه‌وته‌وه‌ به‌سه‌ر موچه‌خۆران دابه‌شكراوه‌و به‌ته‌واوه‌تی نه‌دراوه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران،وه‌حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕاده‌ستنه‌كردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌، سزای خه‌ڵكی كوردستان دووجار دەدات جارێك موچەكانیان دوادەخات و جارێكیش سەرلەنوێ‌ قەیرانی بڕینی بودجە دروست دەكاتەوە .


بەهیچ شێوەیەك موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش راگەیاندوه‌، هەمیشە دۆسیەی بودجە یەكێك بووە لە گرفتە سەرەكییەكانی نێوان هەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند، بەڵام بەدوری دەزانم ئەو جیاوازی لێكدانەوانە لەو نوسراوەوە سەرچاوەیان گرتبێت كە سەرۆك وەزیری عێراق ناردویەتی بۆ وەزارەتی دارایی و داوای راگرتنی هەموو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات،وتیشی، "شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەدا واتا هەموو پشكی بودجە، بەڵام لەمەدا دۆسیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لێ جیاكراوەتەوە". 

لەكاتی وتوێژەكان لەسەر بودجەی ساڵی 2020 كێشە دروست ده‌بێت

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئاماژەی بەوەشكردووە، "تەنانەت ئەگەر هەرێمی كوردستان لەم ساڵی 2019یەشدا نەوت ڕادەستی بەغدا نەكات، پێناچێت دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق بكەوێتە ژێر فشارەوە، بەڵام وەك دەڵێن پێدەچێت لەكاتی وتوێژەكان لەسەر بودجەی ساڵی 2020 كێشە دروست ببێت".

حكومەتی هەرێم بەردەوامدەبێت لەپێدانی موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا

هه‌روه‌ها  سەفین دزەیی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت:حكومەتی هەرێم بەردەوامدەبێت لەپێدانی موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا، بەگوێرەی داهاتی حكومەت و ئەو بەشە بودجەیەی لەلایەن بەغداوە بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران دێت،بەغدا لە(60%) بەشە بودجە كە بۆ موچەی فەرمانبەرانە دەنێرێت و بڕەكەشی‌ 460 ملیار دینارە، بەشێكی نەناردوە لەناویاندا موچەو خەرجیی سیادیی پێشمەرگە كە حكومەتی هەرێم خۆی (40%)كەی تری دابیندەكات و 400 ملیار دینارە، هەركاتێكیش پارەی دیاریكراوی سێ موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.

جێگه‌ی باسه‌ ،لە یاسای بودجەی عێراقدا پشكی هەرێمی كوردستان بە لەسەدا 12.67 جێگیركراوە، لە بەرامبەردا دەبێت رۆژانە هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەڵام لە ئەگەری رادەستنەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بەغدا تەنها 522 ملیار دینار دەنێرێت.
5827 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/29/2019 9:00:19 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ