ترافیک
سیسته‌مێكى نوێ بۆ پێدانى مۆڵه‌تى شۆفێرى ده‌رده‌كرێت
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
سیسته‌مێكى نوێ بۆ پێدانى مۆڵه‌تى شۆفێرى ده‌رده‌كرێت و له‌ ئێستادا هه‌نگاوه‌كان له‌قۆناغی كۆتاییدایه‌ و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا جێگیر ده‌كرێت.

عه‌قید ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی هه‌رێم رایگه‌یاند: وابڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو لیژنه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی سیستمی پێدانی مۆڵه‌تی شۆفێری له‌هه‌رێمی كوردستان كۆبێته‌وه‌و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سیستمێكی نوێی و پێشكه‌وتووی سودمه‌ند بۆ هه‌موولایه‌ك ده‌رده‌كرێت.

وتیشی:"له‌ئێستادا له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌شێوازێك مۆڵه‌تی شۆفێری ده‌درێت، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو شوێنه‌كان یه‌ك میكانیزم په‌یڕه‌و بكه‌ن".

ئاشكراشیكردوه‌: ئه‌و سیستمه‌ له‌لایه‌ن راهێنه‌رێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌و پڕۆژه‌یه‌كی تێروته‌سه‌له‌و ورده‌كاری زۆری تێدایه‌و له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"ماوه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێری به‌یاسا رێكخراوه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌ گۆڕانكاری تێدا بكه‌ین و زیادو كه‌مبكرێته‌وه‌، ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌ تایبه‌ته‌ به‌شێوازی پێدانی مۆڵه‌تی شۆفێری".

ده‌شڵێت:"تاوه‌كو ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان راهێنه‌ری دانپێدانراومان نه‌بووه‌ بۆ راهێنانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت مۆڵه‌تی شۆفێری ده‌ربكه‌ن، له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مماندا ده‌مانه‌وێت راهێنه‌ری دانپێدانراو دروست بكه‌ین".
1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/25/2019 10:48:19 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ