هونەر
لیره‌ منداڵه‌ قسه‌ خۆشه‌كه‌ى ئنستاگرام
 ئاڕاسته‌:شانیا حه‌سه‌ن

لیره‌ ئه‌و منداڵه‌ جوانكیله‌ و قسه‌ خۆشه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا له‌ نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرته‌ ڤیدیۆكانى بڵاوبۆته‌وه‌ و بۆته‌ جێى باسى تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تى ئنستاگرام منداڵێكى كه‌مێك جیاوازه‌ و  دایكى ده‌ڵێت،" لیره‌ جیاواز له‌ خوشكه‌كه‌ى و منداڵانى دیكه‌ ئاره‌زووى ئایپاد و مۆبایل ناكات و خولیاى فێربوونى زمانه‌".

ژینۆ ستار دایكى لیره‌ له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ ئاڕاسته‌ وتى:"لیره‌ له‌ 5-5-2016 له‌دایك بووه‌ و سه‌ره‌تاى بڵاو كردنه‌وه‌ى ڤیدیۆكانیشى له‌ ڕاستیدا پلان بۆ دارێژراو نه‌بوو ،به‌ڵام كاتێك كه‌ لیره‌ ته‌مه‌نى بوو به‌ شه‌ش بۆ حه‌وت مانگ ده‌ركه‌وت كه‌ لیره‌ جوانییه‌كى كه‌مێك تایبه‌تى هه‌یه‌، سه‌رتاش من په‌یجێكم ناسى كه‌ ئه‌وروپى بوو و وێنه‌یه‌كم بۆ ناردن و له‌وێ بڵاو كرایه‌وه‌ ،له‌پاش ئه‌و وێنه‌یه‌ش فۆڵۆوێكى زۆرمان بۆ هات و ئێمه‌ش ئه‌كاونته‌كه‌مان كرد به‌ په‌بڵیك ".

وتیشى:" هیچ مه‌به‌ستێكمان له‌م ڤیدیۆیانه‌ى لیره‌ نییه‌ ،به‌ڵكو به‌ ته‌نها بۆ خۆشییه‌ ،وه‌ ئه‌وه‌شى لیره‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاره‌زووى به‌كارهێنانى مۆبایل و ئایپاد ناكات ،به‌ته‌نها ئاره‌زووى ته‌ماشاكردنى ته‌له‌فزیۆن ده‌كات ".

سه‌باره‌ت به‌ شێوازى په‌روه‌رده‌ كردنیشیان دایكى لیره‌ وتى:"منداڵ پێویسته‌ پشتگوێ  نه‌خرێت و هه‌ست بكات كه‌ تۆ گرنگى پێده‌ده‌یت وه‌ هه‌ر پرسیارێكیشى كرد به‌پێى زانیارى خۆت وه‌ڵامى بده‌یته‌وه‌ ،لیره‌ ئێستا پرسیارى زۆر ده‌كات و به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوكى هه‌ورامییه‌و منیش سۆرانیم ئاره‌زووى فێربوونى زمان ده‌كات و ئاره‌زووش ده‌كات ئه‌فلام كارتۆنه‌كان به‌ زمانى جیاواز ته‌ماشا بكات و زیاتریش ئه‌و ئه‌فلام كارتۆنانه‌ ده‌هێڵم ته‌ماشابكات كه‌ ئامۆژگارین و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌خۆش ده‌ربكه‌وێت".

ده‌شڵێت:"من ته‌واوى كاته‌كانیانم بۆ دابه‌ش كردوون و ئه‌و خۆراكانه‌ى كه‌ ده‌شى خۆن به‌ هه‌مان شێوه‌ خۆم پێیان ده‌ده‌م به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نیان كه‌مه‌ زۆر كات ناتوانیت كۆنتڕۆڵى ته‌واوى خواردنه‌كانیان بكه‌یت ،به‌ زۆریش من شۆرباى سه‌وزه‌وات و شیرچۆكلێتیان پێده‌ده‌م ئه‌گه‌ر خواردنى خۆمان نه‌خۆن ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆژانه‌ بۆیان هه‌یه‌ یه‌ك چۆكۆله‌ت یان هه‌ر شیرینییه‌كى دیكه‌ بخۆن".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكیشدا كه‌ لێمان پرسى هه‌ست ده‌كه‌یت منداڵه‌كانى تۆ جیاوازتربن له‌ منداڵى خه‌ڵكى یان ئه‌و جیاوازییه‌ى كه‌ هه‌یه‌ هۆكار دایك و باوكه‌كه‌یه‌ كه‌ دروستى ده‌كه‌ن دایكى لیره‌ وتى:"بێگومان هۆكار دایك و باوكه‌ چونكه‌ منداڵ وه‌كو په‌ڕه‌یه‌كى سپى وایه‌ تۆ چى له‌سه‌ر بنوسیت هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌رده‌چێت ،به‌ ئامۆژگاریش نا به‌ڵكو به‌ هه‌ڵسوكه‌وتى دایك و باوكه‌كه‌ ،پێویستیشه‌ یه‌كه‌م شت هه‌رگیز منداڵه‌كانیان پشت گوێ نه‌خه‌ن و ورد ببنه‌وه‌ له‌ قسه‌كانیان ئاره‌زوویان له‌ چییه‌ و چییان ده‌وێت بۆیان دابین بكه‌ن ".

2588 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/16/2019 3:59:07 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ