دۆسیە
زانیاری ده‌رباره‌ى به‌نداوه‌كانى هه‌رێم ده‌خرێته‌روو.
  ئاڕاسته‌: پشتیوان عه‌زیز
له‌ به‌دواداچوونێكى ماڵپه‌ڕى ئاراسته‌دا كۆى ئه‌و به‌نداوانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بوونى هه‌یه‌ و سود و گرنگى به‌نداوه‌كان ده‌خه‌ینه‌روو، هاوكات پلانى زیاد كردنى ژماره‌ى به‌نداوه‌كان ئاشكرا ده‌كرێت،به‌رێوه‌به‌رى گشتى به‌نداو و كۆگاكانى ئاوى هه‌رێمیش باس له‌وه‌ ده‌كات:له‌ئێستادا 17 به‌نداو بوونى هه‌یه‌ كه‌ سودى لێوه‌رده‌گیرێت و17 به‌نداویش له‌ جێ به‌جێ كردندایه‌،هه‌روه‌ها 250 شوێنیش دیارى كراوه‌ بۆ دروست كردنى به‌نداوى نوێ.

ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ به‌رێوه‌به‌رى گشتى به‌نداو و كۆگاكانى ئاوى هه‌رێم له‌ لێدوانێكى تایبه‌تیدا بۆ ئاراسته‌ ڕایگه‌یاند:له‌ ئێستادا 17 به‌نداو بوونى هه‌یه‌ كه‌ ئاو گل ده‌داته‌وه‌ و سودى لێوه‌رده‌گیرێت،؟له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 17 به‌نداویش له‌ جێ به‌جێ كردندایه‌ به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كاره‌كانیان وه‌ستاوه‌ ته‌نها دوو بۆ سێ نه‌بێت ئه‌وانیش كاره‌كانىان به‌ سستى ده‌روات.

وتیشى: بۆ ده‌ست كردنه‌وه‌ به‌ كاره‌كانیان پێویستمان به‌ بودجه‌یه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ دراوه‌ و چاوه‌رێى پاره‌ین به‌ڵام هیچ كاتێكى دیاریكراو نیه‌ كه‌ كه‌ى ده‌ست بكرێته‌وه‌ به‌ كاره‌ككردن تێیاندا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: له‌ ئێستادا 250 شوێن دیارى كراوه‌ بۆ دروست كردنى به‌نداو،وه‌ 40 دانه‌یه‌یان كارى دیزاینى ته‌واو بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ سود و گرنگى به‌نداوه‌كانیش ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌ى خسته‌روو:بۆ كارى كشتوكاڵ و بوژانه‌وه‌ى ئاوى ژێر زه‌وى و كاره‌با و سامانى ماسى سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌هێزن و كاریگه‌رى باشىان هه‌یه‌،ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى تریش ته‌واو ببن مه‌ودایه‌كى فراوانتر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ین و ده‌بێته‌ هۆى دابین كردنى ئاسایشى خۆراك و ئاویش.

هاوكات ئه‌ندازیارى شاره‌زا حه‌مه‌ تاهیر جه‌لال به‌رێوه‌به‌رى به‌نداوى دوكانیش بۆ ئاراسته‌ ئه‌وه‌ى روون كرده‌وه‌:به‌نداوى دوكان به‌كێكه‌ له‌ به‌نداوه‌ گرنگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقیش و تواناى گلدانه‌وه‌ى 7 ملیار سێجا ئاوى هه‌یه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ بۆ سامانى ماسى و به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كاره‌با بڕى 400 میگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

 وتیشى:هه‌روه‌ها مه‌ترسى لافاو و زریان ناهێلێت و له‌ وه‌رزى باراندا ئه‌و ئاوه‌ى گلده‌داته‌وه‌ له‌ وه‌رزى وشكانیدا بۆ كشتوكاڵ و ئاودێرى و ئاوى خواردنه‌وه‌ سودى لێ ده‌بینرێت،ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ش و هه‌واش فێنك ده‌كاته‌وه‌ و ناوچه‌یه‌كى له‌بار  بۆ گه‌شت و گوزار دروست ده‌كات.

له‌باره‌ى گرنگى ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ى باران بارینه‌ى ئه‌مساڵیش بۆ به‌نداوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد:جگه‌ له‌وه‌ى له‌ ساڵى 1988  به‌نداوه‌كه‌ به‌ته‌واوى پڕ بووه‌ له‌ ئاو ساڵانه‌ ئاوه‌كه‌ زۆر كه‌مه‌ به‌ڵام ئه‌مساڵ رێژه‌ى ئاو له‌ به‌نداوه‌كه‌ زۆر به‌رز بووه‌ و 1 مه‌تر و 30 سانتیمه‌تر ماوه‌ كه‌ به‌ ته‌واوى پڕ ببێت كه‌ به‌مه‌ش بڕێكى زۆر زیاتر كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

به‌رێوه‌به‌رى به‌نداوى دوكان باسى له‌ سه‌ره‌نتاى دروست بوونى به‌نداوه‌كه‌ش كرد و ئاشكراى كرد:له‌ عێراقدا یه‌كه‌م  به‌نداوه‌ كه‌ له‌ ساڵى 1936 بیر له‌ دروست كردنى كرایه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى به‌ریتانییه‌وه‌ سه‌رپه‌ریشتانى كرا و كۆمپانیایه‌كى فه‌ره‌نسى ته‌نده‌رى بۆ ده‌رچووه‌ و 116 مه‌تر به‌رزه‌ و له‌سه‌ره‌وه‌ش 306 مه‌تر درێژه‌.

ڕاپۆرت: پشتیوان عه‌زیـز

1791 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/28/2019 3:35:46 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ