دۆسیە
ئه‌و ڕوداوه‌ی شیلادزێ بۆچی ڕویدا
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم
هاوڵاتییانی ناحیەی شیلادزێ-ی سەربە پارێزگای دهۆك خۆپیشاندانێكیان دژی توركیا لەو ناوچەیە ئەنجامداو خۆپیشاندەران هەڵیان كوتایە سەر سەربازگەیەكی سوپای توركیا لە ناحییەكەو ئاڵۆزی لێكەوتەوەو چەندین كەلوپەلی سەربازی ناو بنكەكەیان سوتاند.

وەزارەتی بەرگری توركیا  ( پەكەكە) لە پشت ئەو هێرشانەوەیە

 هەر بەهۆی ئاڵۆزییەكان و تەقینەوەی تانكێكی سوپای توركیا، هاوڵاتییەك شەهید بووەو چەند كەسێكی تریش برینداربووە، كە یەكێكیان ئەفسەرێكی پلەداری سوپای توركیایە،  هەر لە خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكاندا سوپای توركیا چەند خۆپیشاندەرێكیان دەستگیر كردووە و تەسلیمی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردوون، لەگەڵ خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكانیشدا  چەند فڕۆكەیەكی  جەنگیی توركیا بە ئاسمانی سنورەكەداسوڕاونه‌ته‌وه‌. 
هاوكات   وەزارەتی بەرگری توركیا  لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە پشت ئەو هێرشانەوەیە كە كراوەتە سەر بارەگایەكیان لە باكووری عیراق و بەو هۆیەوە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی سەربازی سوتێنراون.


‎ 
ڕوداوه‌كه‌ی شیلادزێ ده‌شێت ده‌ركه‌وته‌و دیارده‌ی‌ وه‌رگۆڕینێكی‌ نوێ بێت

‎ ئاری عومه‌ر ڕۆژنامه‌نوس ده‌ڵێت :ئه‌وه‌ی‌ له‌ شیلادزێ رویدا، ئه‌گه‌ر له‌رواڵه‌تدا كاردانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ده‌شێت ده‌ركه‌وته‌و دیارده‌ی‌ وه‌رگۆڕینێكی‌ نوێش بێت، ئه‌و پرسه‌ هه‌روا سانا نییه‌، ته‌نێ‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ ئیحساسی نه‌ته‌وه‌یی نابێت پێوانه‌ بكرێت، به‌ڵكو گرێ‌و گۆڵه‌كانی‌ پشت ئه‌و روداوه‌، ده‌شێت په‌یوه‌ندی به‌ روداوه‌كانی‌ سوریا، عێراق‌و ده‌رهاویشته‌ هه‌رێمییه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، ره‌نگه‌ بچێته‌وه‌ سه‌ر ناكۆكی‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌ ناوچه‌ییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ ناوخۆییه‌كانیش، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ هێشتا زووه‌ بۆ شرۆڤه‌، زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شیكاری ده‌ره‌نجام‌و لێكه‌وته‌كانی‌ بكرێت‌و ماویشیه‌تی‌ تا په‌رچه‌كرداره‌كانی‌ شه‌نوكه‌و بكرێت.

‎ بوونی‌ سه‌ربازگه‌ی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ  شكاندنی‌ شكۆ‌و سه‌روه‌ری‌ نیشتمانییه‌

ئاری ده‌شڵێت:ئاماده‌گی هێزه‌ هه‌رێمییه‌كان له‌نێوخۆی‌ خاكی كوردستان، بوونی‌ سه‌ربازگه‌ی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ  هه‌م پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌و هه‌میش شكاندنی‌ شكۆ‌و سه‌روه‌ری‌ نیشتمانییه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی‌ سنورێك بۆ ئاماده‌گییه‌ سه‌ربازییه‌ دابنرێت، ئه‌وه‌ به‌ په‌رچه‌كردارو هه‌ڵشاخان‌و ته‌قینه‌وه‌ به‌رووی‌ ئه‌و سه‌ربازگایانه‌ به‌دینایه‌ت، به‌ڵكو له‌رێگه‌ی‌ فشاری‌ مه‌ده‌نی‌‌و ناچاركردنی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و جوڵاندنی‌ ئه‌و كه‌یسه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌دی دێت، به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ ده‌شێت ئه‌وه‌ی‌ له‌ شیلادزێ وه‌ك كاردانه‌وه‌ خۆی‌ به‌رجه‌سته‌ كرد، لێكه‌وته‌ی‌ توندتری به‌دوادا بێ‌و هه‌رێم‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی به‌رگه‌ی‌ شوێنه‌واره‌كانی‌ ئه‌و كاردانه‌وانه‌ نه‌گرن، چونكه‌ ئیدی‌ له‌ دوای‌ پرسی‌ داگیركاریی عه‌فرینه‌وه‌ وه‌ستاندنی‌ له‌شكركێشی‌و كاردانه‌وه‌كان ئه‌سته‌م ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ به‌رگه‌گرتنی‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت.

روداوه‌كانی‌ شیلادزێ وه‌ك داستان‌و نه‌به‌ردی‌ ته‌ماشا بكه‌ین

‎ ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ باس له‌وه‌شده‌كات:هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و شكۆی‌ نیشتمانی‌ ناچارمان ده‌كات كه‌ روداوه‌كانی‌ شیلادزێ وه‌ك داستان‌و نه‌به‌ردی‌ ته‌ماشا بكه‌ین، به‌ڵام واقیعی سیاسی‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ هه‌رێمی‌‌و ئه‌گه‌ره‌كانی‌ په‌رچه‌كردار ناچار به‌وه‌ستان‌و رامانمان ده‌كات، ئاخر خۆ له‌ساته‌وه‌ختی‌ له‌شكركێشی گه‌وره‌تر وه‌ك كاردانه‌وه‌ی‌ توركی جگه‌ له‌ مه‌ینه‌تی‌ هیچ به‌دوایدا خۆیدا ناهێنێ‌... ئێستا روداوه‌كان له‌سه‌ره‌تادان، گریمانه‌ی‌ هه‌مه‌ چه‌شنه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام پێناچێت به‌ ئه‌زموون وه‌رگرتن له‌سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا ئه‌و روداوه‌ به‌بێ په‌رچه‌كردار ره‌تبێت.
‎ئێستا سات‌و كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ پرسی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا‌و ئاماده‌گی‌ سه‌ربازی وڵاتانی‌ هه‌رێمیی بكرێته‌ كه‌یسێكی‌ سیاسی فیدراڵی‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ند به‌رێكاری دبلۆماسی‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ سنورێك بۆ به‌زاندنی‌ سنوره‌كان‌و سه‌روه‌ری‌ نیشتمانی‌ دابنرێت، نه‌ك به‌ هێرشبردن‌و كاردانه‌وانه‌ هه‌موو هه‌رێم‌و سنووره‌كه‌ بخه‌نه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ركێشییه‌كانی‌ ئۆردۆگان‌و توركیاوه‌.

بێدەنگی درێژخایەن لەسەر دۆخێکی سیاسی بەمانای ڕازیبوون نیە

نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوس عەزیز رەئوف له‌ باره‌ی ڕوداوه‌كه‌ی شیلدزێ وه‌ چه‌ند خاڵێكی خستۆته‌ ڕوو ده‌ڵێت:
یەکەم: بێدەنگی درێژخایەن لەسەر دۆخێکی سیاسی بەمانای ڕازیبوون نیە. هەندێ جار لە سوچێکی دنیای ئێمە بەشێک لە ناڕەزایی ئامادەیە و لەپڕ دەتەقێتەوە و زۆر شت لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا پێماندەڵێت دۆخی بێدەنگی و فەزای قسەنەکردن بەمانای ڕازیبوون نایات و ڕەنگە ڕووداوێک، توڕەییەکی کاتی دۆخەکە بباتە قۆناغێکی تر و ناڕەزایی فراوان دروست بکات.
دووەم: تورک بەڵای گەورەی ناوچەکەیە و هەمیشە شەڕ دەگوازێتەوە دەرەوەی سنوری خۆی. تورک لە قەندیل و لە شیلادزێ و لە شەنگال دەیەوێت لە باشور ئامادە بێت و ئەگەر نەشکرا ئەوا لە بەرگێکی تردا کە گروپی تیرۆرستی داعشە دێتەوە نێو دنیای ئێمە.
سێیەم: دنیای ئێمە پڕە لە ناڕەزایی و توڕەیی نادیار. ئەم بێدەنگیە و لە پشتکردنە دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن دەیسەلمێنێت کە لە کۆڵانەکانی ئێمە شتێکی تر دەگوزەرێت و نابینرێت. لە کۆڵانەکانی دنیای ئێمە ناڕازی گەورە ئامادەیە و نایبینین و ئەم ناڕەزاییانە لە هەڵوێستێکی کاتیدا خۆی مانڤێست دەکات. 

خۆپیشانەکانی شیلادزێ خورسکە و خاوەنی نیە

چوارەم: خۆپیشانەکانی شیلادزێ خورسکە و خاوەنی نیە. خۆپیشاندەری بێخاوەن جۆرێک لە جوانی تێدایە بەوەی نەکەس ئاراستەی دەکات، نە دەتوانرێت کات و شوێنی بۆ دیاری بکرێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا دەم و چاوی کەسی پێوە دیار نیە و دەستی کەسی تێدا نابینرێت جگە لە دەستی خەڵک خۆی بە خۆیان و خەم و توڕەیی و ناڕەزاییەکانیانەوە. 

ئەم هەموو تانک و زرێپۆش و سەربازەی تورک چی دەکا لە شیلادزێ؟.

پێنجەم: مرۆڤ پرسیاری لا دروست دەبێت: ئەم هەموو تانک و زرێپۆش و سەربازەی تورک چی دەکا لە شیلادزێ؟. خۆ پارتی هەمیشە ناوچەی سلێمانی تاوانبار دەکرد بە بوونی هێزە ئێرانیەکان و قاسمی سولەیمانی. دەسەڵاتداران لەو دەڤەرە پێیان وابوو ناوچەکە ئارامە. ئەم خۆپیشاندانە عەورەتی ناشرینی دەسەڵاتی لەو دەڤەرە نیشانداین کە دەیویست دایپۆشێ و کەس نەیبینێت کە لە نێوان پارتی و تورکیادا چی لەئارادایە. دروستبوونی ئەم درزە  سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە شتێک بەناوی سنور لە هەرێم نەماوە و شوێن پۆستاڵی تورکەکان بەئاشکرا دیارە.

شەشەم: ئەوەی بینیمان لە شیلادزێ و بێدەنگی سەرجەم هێزەکان سەلماندی کە لە باشور سیاسەت مردووە و ئەسڵەن پارتە سیاسیەکان لە ناڕەزایی و خەم و ئازار و تەنانەت دیدو تێڕوانینی خەڵک تێناگەن و ئەوان لە بارەگاکاندا سیاسەت دەکەن نەک لە کۆڵانەکان. ئەم خۆپیشاندانە خوڕسکە ئەوەی دەرخست کە سیاسەت لە کۆڵان و لەسەر شەقامەکانە نەک لەبارەگای حزبەکان.
1296 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/28/2019 10:36:34 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ