بەوێنە : 25 ساڵە تەسبێح دەهۆنێتەوە و دەفڕۆشێت
ئاڕاستە : هەردی حەسەن
لە شاری ڕانیە نیشتەجێ یە وە مێژویەکە بۆخۆی ، بەکری هەمینەشۆڕ نیوەی تەمەنی بە دیار تەسبێح هۆنینەوە و فڕۆشتنەوە بەسەر بردووە .
هەرکات بە بەردەم دووکانی ئەو تەسبێح فڕۆشەدا تێپەڕ دەبیت وێنەیەکی گەورە لە بەشی پێشەوە دووکانەکەی دا نمایش کردوە کاتێک سەردانمان کرد سەداو ئاوازی ڕادیۆکەی جەنجاڵی شەقام و شاری بیر بردبۆوە ، بەکری هەمینەشۆڕ بۆ ئاڕاستە وتی " ئەوە وێنەی سەرۆک( مام جەلال ) ـە دوای ڕاپەڕین هاتەماڵەوە و زۆر بەڕێز و خۆشەویستی یەوە سەردانی کردنین ، هۆکاری سەردانەکەشی بۆ ئەو ڕۆڵەی ئێمە دەگەڕێتەوە کە لە ڕۆژی ڕاپەڕینی 1991 دا گێڕامان خەڵکی شایەدن کە لە گرتنی مەرکەزی ناوبازاڕ دوای شەهید ( عەلی نەبی) من چومە ژووەرە " .
ژیانی ڕۆژانەی خۆی خستە ڕوو بە ئێمەی وت " لە ساڵی 1961 لە دایک بووم ، وە ماوەی ساڵێکە توانای ڕۆیشتنم لەدەست داوە ، بە عارەبانە هاتوچۆ دەکەم مناڵەکان نیوەڕۆیان نانم بۆ دەهێنە دووکانەکەم ، وەکاری تەسبێح فڕۆشتن وەک جاران نەماوە لاواز بووە ، وەک دەیبین بێ بازاڕی یە ، تەسبێحیش جۆری زۆرە ، نرخشیان جیاوازە ،وە لە تەسبێحی قەزواندا باشترینی لاسورەیە " .
هەروەها مام بەکر ئاماژەی بەوەشکرد " لەگەڵ کارکردن ڕووداوەکانی ئەو شارە لە ڕۆژمێرەکەم تۆمار دەکەم و لای خۆم ئەرشیفی دەکەم ، ماوەی چەند ساڵێکە زۆربەی ڕووداوەکانی ئەو شارەم ئەرشیف کردووە و بەردەوام دەبم لە تۆمارکردنی ڕووداوە " .
|