هەواڵ
لە بوودجەی عێراق دا بڕگەیەکی گرنگ تایبەتە بە مووچەخۆرانی هەرێم زیاد کرا
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن
لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2019 عێراق دا خاڵی ( ج ) کە تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە زیادکرا پەرلەمانتارانی کوردیش بەگرنگیەوە باسی ئەو بڕگەیە دەکەن .

شێروان میرزا ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی عێراق  ئاماژەی بەوەکردوە "  لەپڕۆژە یاسای بوودجە دا توانیمان
 بڕگەی( ج ) لە مادەی ( 10  )لە پڕۆژە یاسای بوجەی 2019 ی عێراق  زیاد بکەین ، ئەگەر هەرێم پابەندیش نەبێت بە ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەران دەنێرێت کە بڕی ( 5448000000000 ) پێنج ملیۆن و چوارسەد و چل و هەشت ملیار دینار ،  دانراوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە مانگانە دەکاتە ( 454  )ملیار دینار لەگەڵ بڕێک بۆ مووچەی پێشمەرگە " .

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە "  لە ڕاستیدا ئەمە سیناریۆی سێیەمە کە سەبارەت بە هەرێم پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرابوو ، ئەم بڕگەیە لەلایەن بەشێک لە لایەنە عەرەبەکانەوە دژایەتی دەکرێت و ئێمەش هەوڵ دەدەین وەک خۆی بمێنێتەوە ، وەلەم کاتەدا هیچ هۆکارێک بۆ هەڵنەوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە نامێنێت و دەبێت حکومەتی هەرێم دەستبەجێ مووچە بگەڕێنێتەوە سەردەمی پێش قەیران، هاوکات هۆکارێکی کاریگەرییە بۆ بە جوڵەخستنەوەی بازاڕەکانی کوردستان ،بەڵێنمان بە خەڵکی کوردستان داوە چی لە قازانجی خەڵکە پشتگیری ئەوە بکەین و لەسەر بەڵێنی خۆمان سورین " .

لە لێدوانێکی پێشوتری دا بۆ ئاڕاستە  ، شێروان میرزا ڕایگەیاندبوو " پێویستە حکومەتی هەرێم و عێراق ڕێکەوتنێکی باش لە سەر بوودجە ئەنجام بدەن ، ئەگەر ڕێکەوتن نەکرێت گرفت دروست دەبێت ، که چۆن هەرێم دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات  گشت کوتلە کوردستانیەکان لەسەر بوودجە هاودەنگن ، پێویستیشە لەسەر بابەتە نیشتمانیەکان یەکڕیز و تەبای هەبێت هەربەو شێوازە دەتوانرێت ئەنجامی باش بەدی بهێنرێت " .

4819 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/10/2019 2:33:05 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ