بیروڕا
پێكرانی فڕۆكەیەك
د.ئه‌رسه‌لان بایز


زستانی گوندی (توژەڵە)ی سەر سنووری دیوی كوردستانی ڕۆژهەڵات. هەتا بڵێی شاخاوی و سەخت بوو. تا وەرزی بەهار بەفر گوێ‌ سەبانەكانی بەرنەدەدا، هەتاو میوانی گەرم كەرەوەو خۆشەویست بوو. زریانی بەیانی و ئێوارانی وەكو موس دەم و چاوی مرۆڤی شەقار شەقار دەكرد. شەوانی دارو بەرد دەیبەست و دەبووە یەك پارچە سەهۆڵبەندان. هەموو بەیانیان دوو سێ‌ پێشمەرگە سۆندە بەستووەكەی ئاوی كانیەكەیان دەخستە ناو تەشتێ‌ ئاوی گەرم تاكو بیكاتەوە.
سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو… سەرەتای شەڕی نێوان عێراق و ئێران… پێش نیوەڕۆیەكی تۆف و زریان لەگەڵ (پەخشان) خانی هاوسەرم بە دیار سۆپا دارەكەی ژوورە بچكۆڵە خنجیلانەكەمان گرمۆلەمان كردبوو. شەپ شەپ دەنگی دەرگا نایلۆنەكەی بەر هەیوانەكە هات. منیش لە بەتانیە ڕەشەكەی دەرگا سەرم بردە دەرەوە پێشمەرگەیەكی سكرتاریەتی (مام جەلال) بە تاخم و تفەنگەوە. بەلەك پێچ (پوزەوانە)ی تا ئەژنۆ بە جامانەكەی سەری وا خۆی پێچابووەوە تەنیا كونە چاوەكانی دیار بوون. منیش فەرمووم لێكرد. نامەیەكی (مام)ی ڕادەستم كرد.
كاكە ئەرسەلانەكەی خۆمان. سڵاو میوانێكم بۆلات نارد. چەند ڕۆژێك لاتان دەمێنێتەوە. داواكارم زۆر ڕێزی لێبگرن و هەموو پێداویستیەكی ژیانی بۆ دابین بكەن. كاتێ‌ سەرم لە دەرگا نایلۆنەكە بردە دەرەوە. لەولاوە میوانەكە لەگەڵ پێشمەرگەیەكی تر وەستابوون.
لەو سەری هەیوانەكەی بەرامبەر ژووری خۆمان، دەم و دەست ژوورە بەتاڵەكەمان بۆ چاك كرد. ئەوەی بۆمان لواو كرا خزمەتمان كرد لە ڕێزو ژوورو خواردنی گەرم، لەگەڵ چاودێری كردنی.
ڕۆژی دواتر لەگەڵی كەوتمە گفتوگۆ. زانیم ئەفسەرێكی ئێرانیەو بە موشەكی دژە ئاسمانی هێزەكانی سوپای عێراق فڕۆكەكەی پێكراوە، بەخت یاری بووە پەڕاشوتەكەی لە دۆڵی پڵنگانی ناوچەی ڕانیە نیشتۆتەوەو كەوتۆتە دەستی پێشمەرگە. ئەو ئەفسەرە بەژن مام ناوەندی سمێڵ و ڕیش تاشراوی سپیكەلە نە نوێژی دەكرد، نە بڕوای بە ڕۆژو هەبوو. بەڵكو مرۆڤێكی عەلمانی و لەگەڵ سستەمی حوكمڕانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش نەیارو ناتەبا بوو. بۆیە بەسەرسوڕمانەوە لێم پرسی: ئەی كەواتە چی هانی داوی ئاوا شێلگیرانە فڕۆكەوانی بكەیت و ژیانی خۆت بخەیتە سەر لەپی دەست و مەترسیەوە…؟ زۆر بە كورتی و ڕاشكاوانە وەڵامی دامەوە. خۆشەویستی ئێران… خۆشەویستی نیشتیمانەكەم… ئەمڕۆ نیشتیمانەكەم داگیركراوەو مەترسی لەسەرە… من لە پێناوی ڕزگار كردنی وڵاتەكەم دەجەنگم نەك بۆ ئەم و ئەو… لەلای من خۆشەویستی نیشتیمان لە سەرەوەی خێزان و هەموو حیزب و بۆچوون و ئایدۆلۆژیایەكە.
دواتر لە كتێبە چاپكراوەكەی (سقوگ در چهلمین پرواز) دەركەوت كە لە چلەمین فڕینیدا پێكراوە. ماڵیشی ئاوابێت بە پێزانین و سوپاسەوە باسی لە چۆنیەتی دەرباز بوونی خۆیی و ڕێزو خزمەتگوزارییەكان و خواردنە گەرم و خۆشەكانی (پەخشان) كردبوو.
تەنانەت جارێك بە ڕێكەوت لە شەقامەكانی تاران یەكترمان بینیەوە، زۆر هەوڵیدا لەگەڵی بچینەوە ماڵیان و بە خێزانەكەیمان بناسێنێ‌.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
نەوزادی موهەندیس
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ