بیروڕا
ئایا فشاری ترەمپ ئەنجامی دەبێت؟
د. سەردار عەزیز
ئەوپەڕی فشار بکە، هەتا ئەویتر ناچار دەکەیت، بە مەرجەکانت ڕازی بێت و بێتە سەر مێزی دانوستان. دەتوانین بڵێین ئەمە کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپە. ئایا ئەمە سەردەگرێت؟
لە ساڵی ١٩٨٧ دۆناڵد ترامپ کتێبێک دەنووسێت بە ناوی هونەری ڕێککەوتن، بە دیدی خۆی ئەو کتێبە ئەوی کردە کەسێکی پسپۆڕ لە بواری دانوستاندا. ئەو کاتە لۆبیی ئیدارەی بۆشی باوکی کرد کە بیکاتە بەرپرسی دانوستانی کەمکردنەوەی چەک لە نێوان ئەمەریکا و یەکێتیی سۆڤیەتدا. بەڵام ئیدارەی بۆش ترەمپی بە جددی وەرنەگرت و پۆستەکە درا بە ریتچارد بێرت، کە دیپلۆماتێکی شارەزای ئەم بوارە بوو. پاش ماوەیەک کاتێک لە ئاهەنگێکدا لە شاری نیویۆرک ترامپ و بوێرت یەکتر دەبینن، ترامپ بویرت دەباتە لاوە و بە گوێیدا دەچپێنێ، ئەگەر ئەو پۆستەکەی وەرگرتایە چی دەکرد. کە لە هەمانکاتدا بە مانای ئەوە دەهات کە ئەو دەبێت چی بکات.  ترەمپ دەڵێت: سەرەتا سۆڤیەتەکان بە گەرمی پێشوازی دەکەیت، لێیانگەڕێ با دابنیشن و کاغەزەکانیان دەربێنن. ئینجا هەستە سەرپێ و دەستت بخەرە سەر مێزەکە و بە سەریاندا بنووشتێرەوە و جنێوێکیان پێ بدە و ژوورەکە بە جێ بهێڵە.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ترامپ لە کۆنەوە بڕوای وەها بووە کە کەڵەگایی و سوکایەتی باشترین شێوازی دانوستانە بۆ ئەوەی لایەنەکەی بەرامبەرت ناچار بکەیت بە مەرجەکانت ڕازی بێت. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەمان لەگەڵ کۆریای باکووردا بینی و ئێستاش لەگەڵ ئێراندا دەیبینین.
کەیسی ئێران و کۆریای باکوور ئاسان نییە بە خێرایی بڕیاری لەسەر بدرێت. بەڵام وەها دیارە لە ئاستی سنوورداردا ئیدارەی ترەمپ بەم شێوازە دیپلۆماسییە هەندێک دەستکەوت بە دەست دەهێنێت. نموونە لێرەدا لوبنانە. ئەم ڕۆژانە وڵاتی لوبنان لە هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنە لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە سەر دیاریکردنی سنوور، بە تایبەتی سنووری دەریایی نێوانیان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە غازی بن دەریای ناوەڕاست کە دەکەوێتە سنووری نێوان هەردوو وڵاتەوە.ئەم پانتاییە نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەترێکە.
ئەو دیپلۆماتە ئەمەریکییەی کە کراوە بە بەرپرسی ئەم پرسە دەیڤید ساتەرفیڵدە، کە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، یەکەم، ڕازیبوونی حزبوڵڵایە، دووەم، هەڵوێستگۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنانیی نەبیه بەریە.
هەندێک چاودێر ڕازیبوونی حزبوڵڵا بە دانوستان لەگەڵ ئیسڕائیلدا بۆ فشاری سەر ئێران و کۆمەڵێک هۆکاری تر دەگەڕێننەوە. لە هەمان کاتدا سەرۆکی پەرلەمان کە لە حزبوڵڵاوە نزیکە سەرەتا هەڵوێستی جیاواز بوو.
کاتێک لە مانگی سێ پۆمپیو سەردانی بەیروتی کرد، لەوێ باسی چۆنێتیی سەپاندنی سزای ئابووریی کرد بەسەر بەری و نزیکەکانیدا، بە هۆی نزیکیی لە ئێران و حزبوڵڵاوە. ناوی پێنج کەس هات کە لە بەریەوە نزیک بوون کە سزای ئابوورییان بە سەردا بسەپێت.
بەری دوای بەئاگابوونی لەم هەوڵانە هەڵوێستی گۆڕی و بوو بە پشتیوانی دانوستان لەگەڵ ئیسڕائیلدا.  دیارە دەکرێت خوێندنەوەی جیاواز بکرێت بۆ ئەم دۆخە. دەکرێت وەها لێک بدرێتەوە کە بەرهەمی فشارە، لە هەمان کاتدا دەکرێت وەها لێک بدرێتەوە کە یارییەکی تاکتیکییە بۆ خۆ دەربازکردن لە فشارەکانی ئابڵۆقە لەم دۆخەدا. ئەوەی ڕوونە کە هەردوو تێزەکە ڕاستن، بەڵام ئایا لە چ ڕوانگەیەکەوە لێی دەڕوانیت. بە دڵنیاییەوە ئێرانییەکان هەست بە فشار دەکەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بەڵام ئەگەر وەها لێک بدرێتەوە کە حزبوڵڵا پشت لە ئێران دەکات لەبەر بێتوانایی ئێران لە پشتیوانیکردنی ماددی، تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە بەرەی ئێرانی زیاتر ئایدۆلۆژییە، لەوەی ئابووری بێت. لە ڕاستیدا بەرەی سوننە، زیاتر لە سەر مامەڵەی بازرگانی و ئابووری وەستاوە.
ئەم بیرکردنەوە ئابوورییە لە بەرامبەر بیرکردنەوەی تایفی یان ئایدۆلۆژی ڕەنگە هۆکاری خراپتێگەیشتنی ئەمەریکییەکان بێت بۆ دۆخەکە. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ ڕەنگە ئەگەر ڕێککەوتن لە نێوان ئیسڕائیل و لوبناندا واژۆ بکرێت بە سەرکەوتنی میتۆدەکەیان لە قەڵەمی بدەن، بەڵام ئەمە هەموو وێنەکە نییە. ئەوەی دەتوانین بڵێین ئەوەیە کە میتۆدی ترەمپ لە هەندێک ئاساتدا بە خێرایی کار دەکات، لە ئاستی تردا بە هەمان جۆر نییە. بۆیە ئەوە دۆخ و جۆری ململانێیە کە کاریگەریی میتۆدی ئەوپەڕی فشار دیاری دەکات.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
نەوزادی موهەندیس
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ