له یادى مه‌رگى پێشمه‌رگه‌و هاوسه‌ره‌كه‌م
دڵسۆز محمود
ئێواره‌یه‌و له گۆشه‌یه‌كى ماڵه‌كه‌مدا له‌ناو بێده‌نگییه‌كى سه‌یردا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌و یادگاریه‌كانم مێژووى ژیانم ده‌هێنم و ده‌به‌م، ئه‌م ئێواره‌یه حه‌زده‌كه‌م هه‌موو گڵۆپى ماڵه‌كه‌م هه‌ڵبكه‌م هه‌موو گوڵه‌كانى ئینجانه‌و باخه‌كه‌م ئاوبدهم بۆن و به‌رامه‌ى ڕێحانه‌و گوڵ بگاته قوڵایى ڕۆحم، به‌ڵێ حه‌زده‌كه‌م ماڵه‌كه‌م ڕێك بخه‌م و سفره‌ى ئێواره خوان دابخه‌م، نه‌وه‌كا میوانه‌كه‌م له ده‌رگاى ڕۆحم بدا، نه‌وه‌ك سه‌رێك بداته‌وه له ماڵه‌وه تا له ئه‌حواڵمان بپرسێت تا بزانێت منداڵه‌كان چۆنن به چییه‌وه خه‌ریكن، ئاخر ئه‌و له سه‌فه‌رێكى دووره نه‌وه‌كو بێته‌وه‌و هه‌واڵى خزمان و هاوڕێیانى بپرسێت. له گۆشه‌ى ماڵه‌كه‌مه‌وه به‌رده‌وام چاوم له‌سه‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌یه كه ده‌رگاى حه‌وشه‌ى لێوه دیاره نه‌وه‌ك میوانه‌كه بێت زۆر له ده‌رگا بدات چونكه ئه‌و ئازیزه‌كه‌ى دڵمه‌و دوو ساڵه.. به‌ڵێ دوو ساڵه.. سه‌فه‌رى كردووه، بۆیه له گۆشه‌ى ماڵه‌كه‌مه‌وه بیر ده‌كه‌مه‌وه زۆر چاوه‌ڕێى ده‌كه‌م ئه‌ترسم ههرنهیهت، بۆیه به‌ناچارى ده‌چمه‌وه ناو ڕۆحى خۆم و باخچه‌ى یادگاریه‌كانم ئاو ده‌ده‌م ئه‌و هه‌ر نه‌هات بۆیه به‌ناچارى ده‌بێت گڵۆپى ناخم داگیرسێنم بۆ ئه‌وه‌ى ماڵى ده‌روونم و یاده‌وه‌رییه‌كان ڕوونكهمهوهو تۆزێك بۆ ئارامى ڕۆحم له‌گه‌ڵ هاوسه‌رم و پێشمه‌رگه‌یه‌كى كوردستان بۆ ساتێك گفتوگۆ بكه‌ین، بۆیه له‌م یاده‌داو له هه‌موو كاته‌كان و چركه ساته‌كانى ژیاندا تۆ پاڵه‌وانى ژیان و یادهوهریهكانمیت تۆ هه‌ر له‌گه‌ڵمدا دهژیى و ڕۆحت فریشته‌یه‌كه له‌سه‌ر سه‌رمان تۆ هه‌موو به‌یانیه‌ك هێزوو توانا‌مان پێده‌به‌خشیت و ڕێگه‌ى ژیانمان ڕووناك ده‌كه‌یته‌وه من و منداڵه‌كانیش هه‌موو ڕۆژێك هێزو وزه‌و توانا له تۆوه وه‌رده‌گرین، منیش ده‌زانم تۆ به‌رده‌وام پاسه‌وانى ڕۆحمانیت چاوت له‌سه‌رمانه بۆیه له‌ناو یادگاریى و بیرهوهریهكانما ده‌گه‌ڕێم و دێم و ده‌چم چ پرسیارێكم هه‌بێت بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێم لاى تۆ، تاكو به ئاسووده‌یى بتوانم هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵمژم كه تۆ له ناخماندا هه‌ر زیندووى و به زیندوویى ده‌مێنیته‌وه .
هه‌موو ساڵێك له‌م كات و وه‌خته‌دا ناخم ده‌بێته پشكۆیهكى ئاگرو ده‌مه‌وێت به‌م گفتگۆیهى ناو ده‌روونم، به یاده‌وه‌ریه‌كانم، ئه‌م سوتاویهى ناخم ساڕێژكهم و خۆم ئارام بكه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بم، به‌رده‌وام بم..
هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا ڕۆحت په‌روانه‌ى عیشقى چه‌ندین ساڵه‌ى هاوسه‌ریمان دێته ئامێزى بیره‌وه‌ریه‌كانم و جارێكى تر ئه‌ڵقه‌ى بووكێنى ده‌كه‌یته‌وه ده‌ستم... ئه‌زیزه‌كه‌م هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا مێژووى جۆگه‌ى ئازاره‌كانمان ..نهبوونیهكانمان دهربهدهریهكانمان .. له بیره‌وه‌ریمدا عه‌شق دایپۆشیوهو هیچ ئازارێك نابینم چونكه تۆ خه‌باتكارێك بوویت دژى هه‌موو جۆره ئازار‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك، بۆیه هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا ئارام ناگرم نه‌یه‌مه سهرگۆڕت و چاوێك به حاڵ و باڵى گۆڕه‌كه‌تدا نه‌گێڕم تێر تێر به باڵاى ههوارگهكهتدا نه‌ڕوانم ڕۆحم ئارام ناگرێت هه‌رچه‌نده تۆ بۆ ساتێكیش لێم دوورنیت چونكه تۆ به‌شێكى گه‌وره‌ى له ژیان و یاده‌وه‌ریى و داهاتووم ..
یادت به‌خێرو جێگه‌ت به‌هه‌شت بێت، ئیتر تاریكى كرد و وه‌ختى ئێواره خوانهو نه‌هاتیته‌وه منداڵه‌كان چاوه‌ڕێى نانن ...
یادت به‌خێرو جێگه‌ت به‌هه‌شت بێت ...
هاوسه‌رت
دڵسۆز محمود