بیروڕا
کەمینەیەک پارە دەخۆن و زۆرینەیەکیش خەم
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


(۱)ــ
لەئەیلولی 2015دا ئەلێکس تسیپریسی سەرۆک وەزیرانی یۆنان کاتێک ڕاپرسی کرد بۆ ئەوەی ئایا هاوڵاتیان قەیرانی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بە خەتای سەرۆک وەزیران دەزانن؟ زۆرینەیەکی ڕەها بەنەخێر وەڵامی دایەوە.
ئەمە پێیدەوترێت لۆژیک و عەقڵ، کە ئەو عەقڵە ئیداری و کارگێڕییە نەبوو ئیتر بێعەقڵی! هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ هەر بەڵایەک خودا بیخاتەسەرشانی مرۆڤەکان.
کارەساتی نێو ئەم هەرێمە ئەوەیە هێشتا ڕەخنەگرتن لەم فۆرمە حکومەتدارییە بەوە لێکبدرێتەوە کە چاومان بەسەرکەوتنەکانی حکومەت هەڵنایەت!، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: میللەتێک هاواری بێت لەدەست نایەکسانی و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی موچە و دڵنیایی تەندروستی و .....هتد ئایا سەرکەوتنەکانی حکومەت کوا و سەرکەوتنی بۆ کێ بەدەستهێناوە؟ هەتا ئەگەر حکومەت خەیاڵ بڵاوییەکەی کۆکردەوەو سەرکەوتوویش بێت، مادام زۆرینەیەک پێیوایە شکستیخواردووە ئیتر سەرکەوتنی چی و لەچی بوارێکدا؟ مادام میللەتێک هوها لەم حکومەتە دەکات پێویستە بەتەوازووعەوە بڵێت مادام ئێوە منتان ناوێت ئەوا منیش ماڵئاوا.

(۲)ــ
پۆست و حکومەتداری عیشق و خۆشەویستی نییە مەعشوق چەندە بچوک و لاوازو خراپ بێت لەچاوی خەڵکیتردا بەڵام عاشق نەتوانێت دەستبەرداری ببێت و دڵی نەهێنێت جێیبهێڵێت، حکومەتداری بەپێچەوانەی عیشق زەڕڕەیەک جێگا بۆ سۆز ناهێڵێتەوە کە میللەت بەچاوی سۆزو عاتیفە لێی بڕوانێت. ڕەنگە شوبهاندنی (حکومەت و میللەت) بە (عاشق و مەعشوق) بۆ قۆناغێکی سەرەتایی لەکوردستان دروست بێت کە دڵسافانەو داماوانە! دەمانگوت (حکومەت ساوایە!) یان (بێشکچی فێری کردبووین بڵێین خراپترین دەسەڵاتی کوردی باشترە لەباشترین دەسەڵاتی داگیرکار) ئەمەش پەیوەست بوو بەو هەڵچون و کەفوکوڵە ناسیۆنالیستییە هەڵەیەمانەوە کە بووە مایەی دروستکردنی ئیمپراتۆریای مافیایی و بەڕێوەبەری خێڵانە و گەشەکردنی مینتاڵێتی خێڵانە.
لەهەر بارێکدا ئەو دوو بڕوایەی سەرەوە ڕاست بێت یاخود ڕەد بکرێتەوە، ئەوا (مەحوی) وتەنی:
کەڕۆحم تێگەیی تۆ حەز بەدەرچونی دەکەی دەرچوو
دەبێ عاشق کە دی بێزارە یاری بێ بڕۆ بڕوا

(۳)ــ
ئەم میللەتی کوردە هێشتا لەژێر هەندێک خوی دینی یان کۆمەڵایەتیدا ماوەتەوە، ئەگینا ئێستا زۆرینەیەک لەبرساناو لەدەستکورتیدا دەستیان دابووە کاری خراپ و نائینسانی و نادینی.
لەزۆرینەیەکی هەژار و برسیدا کە میللەتە و ئێستا لەکوردستان دەیبینین، دەبوو چاوەڕێی ئەوە بکەین ئەو زۆرینەیە زۆرترین خراپەکارو بەدخوی تێدا دەربکەوتایە، ئەوکاتە کۆمەڵگایش لەڕەگەوە هەڵدەتەکێت، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆرترین خراپەکار لەکۆمەڵگەی کوردیدا لەناو کەمینە کاربەدەستەکە دەرکەوتووە. کاتێک دەڵێم زۆرترین خراپەکار لەناو کەمینەی کاربەدەستدا دەرکەوتووە بێویژدانی ناکەم، ئاخر جگە لەکەمینە کاربەدەستەکە کوا هاوڵاتی ئاسایی یاسا پێشێل دەکات؟ کوا میللەت و هاوڵاتی بۆری نەوت دەدزن جگە لەکەمینە کاربەدەستەکە نەبێت؟ کوا کوڕی هاوڵاتییەکی ئاسایی دەتوانێت لەشەوێکدا 5 دەفتەر دۆلار بدۆڕێنێت لەیانەیەکی تورکیادا ؟! و..... هتد.

(٤)ــ
لەم کوردستانەی ئێمە کەمینەیەکی کاربەدەست کە من ناویان نابەم بە(مەسئول ــ بەرپرس) پارەیەکی مۆڵ و زۆرینەیەکی داماویش! کە میللەتە خەمێکی قورس دەخۆن. ئەوە کەی ویژدانی بەڕێوەبەریی و حکومەتدارییە کاربەدەستی کەمینە پارە بخۆن و میللەتی زۆرینەیش خەم بخوات؟
ئا لێرەدا کاتێک بەمیللەت دەوترێت چاوتان بەسەرکەوتنەکانی حکومەت هەڵنایەت ئەو لۆژیک و تێگەشتنە عەشایەریانەم بیردێتەوە کە لەگەڕەکەکانی شارێکدا ناونراوە حەسوودی پێبردن و ئیرەیی!. ئاخر میللەت جگە لەمافی خۆی داوای شتێکی نەکردووە لەوەی پیاوانی حکومەت بۆ خۆیان و خوا پێداوەکانی خێزانیان کۆیانکردۆتەوە، ئیتر بۆچی میللەت حەزنەکات حکومەت سەرکەوتووبێت؟!
بەڕاستی لێرەدا ئەو وەڵامەی حکومەت بۆ ڕەخنەگران و هاوڵاتیان و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی!! ئەم حکومەتە کە پێیان وایە چاومان بەسەرکەوتنەکانی حکومەت هەڵنایەت، ناودەنێم (داماویی سیاسی و ئیداریی)
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ