بیروڕا
ئەم خۆشبڕواییە لەپای چی ؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ڕەنگە هەموومان لەوە تێبگەین ناکرێت دیداری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی ڕەدبکەینەوە و گرنگی پێنەدەین. بەڵام هەموومان لەوە تێناگەین چۆن سیاسەتی ئەمریکا بخوێنینەوە!، ئەی ئەمریکا چی دەکات بۆ کورد؟ بەپێوەری ڕاڕەوە مێژووییەکەی نێوان کوردو ئەمریکا دەتوانین بڵێین ئێمە ئەزمونمان خراپە لەگەڵ ئەمریکا ! چونکە:

یەکەم/
لەساڵی 1965 نوێنەری کورد سەردانی باڵوێزخانەی ئەمریکا دەکات لە (تەهران) بۆئەوەی ئەمریکا هاوکاری مادی و سەربازی شۆڕشی کورد بکات، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت "سەبارەت بەکێشەی کورد سیاسەتی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووەو ئەمریکا لەکێشەی ناوخۆی عێراقدا دەستتێوەردان ناکات"
دووەم/
لەساڵی 1971  نوێنەری شۆڕشی کورد لەباشووری کوردستان دەچێتە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لوبنان و داوای لێدەکات کە هاوکاری کورد بکات بۆ دژایەتی ڕژێمی عێراق. بەڵام ئەمریکا ئەوکات ڕایدەگەیەنێت ئەوە کێشەی ناوخۆیی عێراقەو ئێمە بەشدار نابین لەو کێشەدا.
سێیەم/
لەساڵی 1972  مەلا موستەفا بارزانی نامەیەک بۆ ئەمریکاییەکان دەنێرێت و داوایان لێدەکات کە یارمەتی کورد بدەن بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. بەڵام ئەمریکا وەڵامی نامەکەی بارزانی ناداتەوەو ئامادەنین داواکەی بارزانی جێبەجێ بکەن.
چوارەم/
لەو مێژووە دوورەوە دەپەڕینەوە بۆ ئەم دواییانەو بۆ مەسەلەی ڕیفراندۆم کە خاڵێکیترە لەو سیلسیلە ڕووداوە مێژووییە لەگەڵ ئەمریکا. ئەمریکا ئەم ڕایەیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداددا، بەغدادی وەک ساحێب حەق هەڵبژاردو پەیامی دژایەتی دایە کورد.

مەسەلەی دڵخۆشی و کەڵکەڵەی دۆستایەتی کورد ــ ئەمریکا، یاخود قبوڵیەتی کورد لەلایەن ئەمریکاوە، هیچ نییە جگە لەخۆشبڕوایی و بێئاگایی و نەبوونی ئەغیاریی تاکی کورد. بەبێ خوێندنەوە لەڕابردووی نزیکایەتی کوردو ئەمریکا جێگای قبول نییە بڕوا بەخۆت بهێنیت کە پێگەی کورد گۆڕاوە لەناو سیاسەتی ئەمریکادا. لەڕاستیدا یەکەم ئاشنایەتی ئەمریکا بەکورد هێندە دوورە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1918و وتاری (وودرۆ ویلسۆن)ی بیست و هەشتەمین سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیاری وڵاتێکی سەربەخۆ بەکورد دەدات. بەڵام ئەمریکا لەو دەمەوە بۆ ئێستا هیچ هەنگاوێکی گرنگی بۆ کورد نەناوە تاکو دڵخۆش بین بەدیدارێکی جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا.

لەڕاستیدا ئەگەر بڵێین دەبێت لەنزیکبوونەوەکانی ئەمریکا بترسین عەیبە نییەو مەسەلە لاوازی تێفکرین و نەشارەزایی سیاسیش نییە. چونکە لەم نزیکبوونانەی ئەمریکا لەپێشوودا و لەگەڵ لایەنی دیکەو وڵاتی دیکە ئەزمونمان هەیە. بنواڕە چیرۆکی (شەڕی کەنداوی بەرازەکانی کەناری باشووری کۆریا).
لەجەنگی (کەنداوی بەرازەکان) لەنیسانی ساڵی 1961 ئەمریکا و دەزگای CIA نزیکەی 1200 سەربازی (کاسترۆ)یان لەسوپا هەڵگەڕاندو هانیان دان تاکو لەگەڵ سوپای (کوبا) بکەونە شەڕەوە، لەناو شەڕەکەدا ئەمریکا پاشەکشێی کردو هیچی نەکرد بۆ سەربازە هەڵگەڕاوەکان، بۆیە سەربازە هەڵگەڕاوەکان شکستیان هێناو ئەو جەنگە لەپانتایی سیاسی و مێژووییدا ناونرا (کەنداوی بەرازەکان).

دواتر نامە بەناوبانگەکەی (ڕەزا شا) بۆ سەرۆکی میسر (حوسنی موبارەک). شا لەنامەکەیدا بە موبارەک دەڵێت : ئەم هەموو بڕوایەتان چییە بە ئەمریکا؟ لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا لەتەهران لەگەڵ خێزانەکەمدا ڕەقس و هەڵپەڕکێ دەکات، کەچی لەئەمریکاوە (خومەینی) ئامادەکردووە بیهێنێتەوەو بیکاتە سەرۆکی وڵات.

کەواتە؛ سیاسەت خۆشخەیاڵی و خۆشبڕوایی نییە تاکو بەسەردانێکی نافەرمی گێرڤی سروریەتمان بفڕێت بۆ ئاسمان و خۆمان لێ ببێتە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکا. زۆر نزیکە ئەم سەردانە مەبەستێکی نێگەتیڤی لەپشتەوە بێت.
‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
حاكم قادرحه‌مه‌جان
شاڵاو ئەحمەد
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ