بیروڕا
لەبارەی سەردانەكەی وەفدی HDP-ەوە بۆ هەرێمی كوردستان
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
رۆژی 9/9/2019، ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاكانی سیاسی، لە شاری (جوان) لە سلێمانی، لەگەڵ وەفدی HDP بەسەرۆكایەتیی (سەزای تەمەللی – هاوسەرۆكی HDP) كۆبووینەوە.
لەم سەردانەدا گەلێك پرسی جیاواز باسكران. بینینی (تەمەللی) بینینی چیایەكە لە بەرگری و خەباتی مەدەنی و دیموكراسی كورد لە باكووری كوردستان، دژی نادادی دەسەڵات.
ئەوەی لەدیدارەكەدا سەرنجی راكێشام «وەك رۆژنامەنووسێك»، پێچەوانەی زۆرێك لە میدیاكانی باشووری كوردستان بوو، كە رایانگەیاندبوو لە دیدارەكانی HDP و لایەنە كوردستانییەكاندا باسی پرۆسەی ئاشتی كرابێت بەو جۆرەی كە بڵاوكرایەوە.
(سەزای تەمەللی) باسی ئەوەی نەكرد كە داوایان لە بەرپرسانی باشوور كردبێت جارێكیتر پرسی ئاشتی نێوان پەكەكە و توركیا بوروژێننەوە و لەگەڵ توركیا لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن.
هاوسەرۆكی HDP بە ڕاستەوخۆ نا، بەڵكو زۆر بە دیپلۆماسییانە ئامادەبووانی رازیكرد بە وەڵامێك و وتی: ئەم سەردانە جوڵەیەكی سیاسییە و ئەوان دەیانەوێت خۆڕاتەكانێكی سیاسی لە ناوچەكەدا بكەن و لەگەڵ حزبەكانی باشووردا دیدار بكەن. هەدەپە ناڕاستەوخۆ نایشارنەوە كە دەترسن ئاكپارتی دەست بەرێت بۆ تەواوی سەرۆك شارەوانییەكانیان و قەییومەكان لە شوێنیان دابنێت. تەنانەت بە قسەی میدیای ئۆپۆزسیۆنی توركیا، ئەردۆغان بیر لە داخستنی هێزە كوردییەكانی باكوور دەكاتەوە.
(تەمەللی) نەیشاردەوە كە دۆخی ئەوان لە باكوور و توركیا بەگشتی نەباشە و ئەردۆغان بەدەستی HDP بریندارە لە دوای هەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكانی توركیاوە. هەروەك وتی: ئێمە لەگەڵ (جەهەپە) رێكەوتننامەمان نییەو بڕواش بەسیاسەتی ئەوان ناكەین، كە جودا بێت لە سیاسەتی هێزە توركییە نەژادپەرستەكانی توركیا.
لە بارەی سیاسەتی سەركەوتووی HDPەشەوە لە ئێستای توركیادا،(تەمەللی) دڵخۆش بوو بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە توركیا و وتی: ئەوەی بەسەر ئەردۆغان و نوێنەرەكانی AKPARTI دا هات، سیاسەت و ستراتیژی HDP بوو و دواجار سەركەوتین و ئەوەی روویدا شكستی AKPARTIیە.
(تەمەللی) پشتیوانی دۆزی كوردە و وتی : توركیا هەرگیز ناتوانێت ببێتە وڵاتێكی دیموكراتی، ئەگەر كێشەی كورد چارەسەر نەكات.
لەبارەی ئەوروپاشەوە (تەمەللی) وتی: ئەردۆغان لە ئەوروپادا دۆستی نەماوە و دابڕاوە لە دیموكراسییەتی ئەوروپی.
ئەم قسانە ڕامان دەكێشێتە ناو واقیعێك كە هەنووكە پرسی كورد چ وەك هێزی رەق بەربەستە لە بەردەم توركیا و چ وەك هێزی نەرمیش زۆر كاریگەرە لەسەر پێگەی توركیا لە ئەوروپا و جیهاندا. تەنانەت بەبێ چارەسەركردنی پرسی كورد، ناتوانێت دەستی بگاتە یەكێتیی ئەوروپا.
(تەمەللی) لەبارەی (سەڵاحەدین دەمیرتاش)یشەوە، وەك فیگەرێكی دیاری سیاسەت لە باكوور وەسفی كرد و بە پێویستی زانی توركیا ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان و دەمیرتاش دەست پێ بكاتەوە.
(تەمەللی) باسی ئەوەیكرد كە هێزەكانی باشوور دەبینن و هەموو ئەو هێزانەی بینیویانە پێشوازی باشیان لێكردوون، بەڵام رەنگە نەتوانن هێزەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان ببینن.
لە سەردانەكەشیدا بۆ لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە سلێمانی، (سەزای تەمەللی) لەسەر پێگە و رۆڵی یەكێتی قسەی كرد. سەرەتا لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال-ەوە وتی: «بەداخەوە من دەرفەتم نەبوو لە نزیكەوە مام جەلال بناسم. مام هەمیشە هەوڵیداوە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە باكووری كوردستان» تەمەلی وتیشی: یەكێتی هێزێكی گەورەیە و لێیان رادەبینین هاوكاریی ئێمە بكەن.
‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ