بیروڕا
راگەیاندن و زمانی کوردی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


زۆرجار لە کۆڕ و سیمینار و چالاکییە رۆشنبیری و فەرهەنگییەکاندا، بەرگوێمان دەکەوێت کە زمانی کوردی هەژارە لە رووی زاراوە و ماناوە، لە راستیدا ئەم بۆچوونە لەدوو تەوەر بەدەر نییە، یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی شارەزاییەکی باشمان لە زمانەکەی خۆمان نییە و بەپێی پێویست بەدواداچوونمان نەکردووە بۆ زمانەکەمان و رۆنەچووین بە قوڵایی زمانەکەماندا، دووەمیشیان ئەوەیە تاکی کورد بە هۆکاری جیاجیا زمانەکەی خۆی خۆش ناوێت و پێی وایە زمانی کوردی هەرگیز ناگاتە زمانە جیهانییەکان و هەمیشە بەچاوی کەم قسە لەسەر زمانی کوردی دەکات، تاکی کورد کاتێک قسە لەسەر پرسی زمان دەکات، دەیبەستێتەوە بە دۆخە سیاسی و دەوڵەتدارییەکەی باشووری کوردستانەوە، بۆیە کاتێک تاکی کورد رقی لە دنیا سیاسییەکەی کوردە ئیدی رقی لە زمان و ئاڵا و نیشتمان و زۆر شتی دیکەش دەبێتەوە، ئەمەش هەڵەیە.

ئەو هەموو بنزارەی لە زمانی کوردیدا هەیە، پێش هەر دیوێکی دیکە جوانی زمانەکەمان دەردەخات، بۆیە ئەم دیوە دەوڵەمەند و فرەچەمکییەی زمانی کوردی وایکردووە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا کۆک نەبم کە بگوترێت زمانی کوردی لاوازە یان دەوڵەمەند نییە، بۆئەوەی هەر تاکێکی کورد لە قووڵی و فرەچەمکی و مانا جیاوازەکانی ئەم زمانە تێبگات، دەبێت کاری یەکەمی ئەوە بێت گەڕیدەیەکی ئاوەزمەند و تاسووقی ئەم زمانە بێت و سنوور نەناسێت بۆ ئاشنابوون و پەیبردن بە فراوانی و دەوڵەمەندیی ئەم زمانە.

هەر تاکێکی کورد بەبێ زانیاری و تێگەشتن رەخنە لە زمانی کوردی بگرێت، تاوانێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانییە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بێ ئاگاییە لە زمانەکەی.

یەکێک لەو هۆکار و پاڵنەرانەی کە تاوانبارە لە لاواز پیشاندان و بچووکیی زمانی کوردی، راگەیاندنەکانی کوردستانە بەهەموو جۆرەکانیەوە، زمانی کوردی بێبنەوانەیە لە هەڵقوڵینی وشە و زاراوە و لە سنوور بەدەرە دەوڵەمەندییەکەی، بەڵام کاتێک تاکی راگەیاندکاری کورد تاقەتی کنە و پشکنینی نییە لەم زمانەدا، ناچار دەڵێن زمانەکەمان خراپە و لاوازە و وەک زمانە بیانییەکان نییە.

زۆرێک لە راگەیاندکارەکان تاکو ئەو سنوورە قسە لەسەر زمان دەکەن کە خۆیان ئاشنایەتییان لەگەڵ زمان هەیە، ئەگینا لە دەرەوەی توانای کەسی راگەیاندکارەکان، بەلای ئەو راگەیاندکارانەوە زمان پێویستییەکی گەورە نییە بایەخی پێ بدەن.

سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەر زمانی کوردی و نیشتمان و گەلی کورددا هاتووە، بەڵام ئەوەی وایکردووە دوژمن نەتوانێت کورد لەناو ببات، ئەوەیە کە نەیتوانیووە دەستی بگاتە زمانەکەمان و تێکی بدات و لەناوی ببات، هەرکات دوژمن توانی زمانی کوردی لەناو ببات، ئەوا ئەوکات توانیویەتی کورد و نیشتمانەکەشی لەناو ببات.

لەدوای ئازادیی کوردستان و راپەڕینی 1991 کورد لە باشووری کوردستان دەبوو لایەنی پەیوەست بە فەرهەنگ و کەلتووری کوردی لەلایەک و راگەیاندن و میدیای کوردی لەلایەکی دیکەوە هەوڵی پاڵفتەکردنی زمانی کوردییان بدایە لە کێشە زمانەوانییەکان و هەژموونی هەر زمانێکی دیکە بەسەر زمانی کوردییەوە، راگەیاندنی کوردی و راگەیاندکاری کوردی غەدرێکی گەورە بەرامبەر زمانی کوردی دەکەن کاتێک لەناو زمانەکەماندا جێگە بۆ وشەی بیانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی دەکەنەوە لەسەر حیسابی وشەی جوان و پاراوی کوردی.

لەسەر هەموو تاکێکی کورد پێویستە، خۆی دەوڵەمەند بکات لەزمانەکەی خۆیدا، زمانی دایکیی ئێمە پڕە لە جوانی و فرە چەشنی و فرەیی بنزار و ئاسان نییە بەبێ هەوڵدان فێری ئەم زمانە ببین.

بەمانایەکی دیکە دەتوانم بڵێم: تاکی کوردی هێشتا زمانی کوردی نازانێت! هێشتا هۆشیاریی نییە لەسەر زاراوە کۆن و پەتییە کوردییەکان. راگەیاندن و دراما و ریکلامەکان، هۆکاری یەکەمن لە تێکدانی زمانی کوردی و ونکردنی وشە کۆنە جوانەکانی زمانی کوردی لەلای تاکی کورد.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ