بیروڕا
زەنگەکەی موقتەدا سەدر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

کشانەوەی موقتەدا سەدری سەرۆکی ڕەوتی یدر لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ تەواوی عێراقییەکان، ئەم زەنگە هەمان زەنگی ئەمریکییەکانە کە پێماندەڵێت گۆڕانکاری لە عێراقدا کارێکی ئەستەم و نەکردەیە.
ئەگەر دۆخی عێراق جارێک بۆ سوننە و کورد جێی نائومێدی بێت، ئەوا زەنگەکەی سەدر چەندانجار نائومێدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سەدرو هێزێکی شیعی لەم بارودۆخەدا هیچیان پێنەکرێت و نائومێدبن لە عێراق، دەبێت ئەوانی دیکەی دەرەوەی شیعە بتوانن چی هەنگاوێک لەم دۆخەدا بهاوێژن و گۆڕانکاری بکەن؟!

سەرەڕای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وەڵامی سەدری داوەتەوە کە دەرگای کشانەوە داخراوە، بەڵام هەڵکردنی ئاڵای سپی لەلایەن موقتەدا سەدر و کشانەوەی (حەسەن کەعبی)، چۆک دادانی سەدر و ڕەوتەکەیەتی لەبەردەم واقیعی عێراقدا کە بە سەدر و هیچ ڕێبەرێکی پیرۆز! و کاریزما و هێزێکی باڵا لە عێراقدا چاک نابێت.

هەموو ئەو دۆخە شێواوەی ئەمڕۆ لەعێراقدا دەیبینین، سەلمێنەری ئەو واقیعەیە کە عێراق بەکۆمەڵێک کۆت و بەندی مێژوویی شەتەک دراوە و هیچ هەزەو جوڵەیەکی سیاسی عێراق لەسکەی مێژوویی دەرناکات و لەسەر هەمان خولگە و لەناو هەمان بازنەی مێژووییدا خول دەخوات.

بەدیوێکی دیکەدا، هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەر نییە بۆ دۆخێکی شێواوی پڕ قەیرانی وەک عێراق بەپێچەوانەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە عێراق زیاتر نزیک دەکاتەوە لە کێشەو قەیرانی گەورەتر، بەمانایەکی دیکەش، عێراق کێشەی هەڵبژاردنی نییە بەڵکو کێشەی کارکردنی هەیە بەدەرئەنجامەکانی پرۆسەیەکی دیموکراسی وەک هەڵبژاردن، هێزە عێراقیەکان بڕوایان بە خودی پرۆسەی دیموکراسی نییە، چجای ئەوەی بڕوایان بەهەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی بێت.

تەنها یەک شت ماوە عێراقییەکان تاقی بکەنەوە، ئەویش "ڕیفۆرم"ە، عێراق هەموو شتێکی تاقیکردەوە یان پێی تاقی کرایەوە!، بەڵام بۆ جارێکیش ئەم وڵاتە ڕیفۆرمێکی سیاسی و دینی و ئابووری و ئەمنی ...هتدی تاقی نەکردەوە تاکو بتوانێت هەنگاوێک لەو کێشانە دووربکەوێتەوە کە بەرهەمی بابەتە سیاسی و دینی و ئابووری و ئەمنییەکەی عێراقە.

کەڵەکەبوونی کێشەکانی عێراق لەسەر یەکتر، ئەوەندە قەبارەیان گەورە بووە، هیچ هێزێکی وەک هەڵبژاردن و جێگۆڕکێی کاربەدەستە (سیاسی و ئەمنی و ئابووری و تەندروستییەکان) و هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی سیستمی سیاسی و هاوردەکردنی ئەزموونی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات، ناتوانن ئەم دۆخە شێواو و پڕ قەیرانە چاک بکەن.

پەیامەکەی موقتەدا سەدر ترس نییە لەدەرئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵکو نائومێدبوونە لەدۆخی ناوخۆیی عێراق کە هەڵبژاردن ناتوانێت باشی بکات و  عێراق بەرەو پێشەوە بەرێت.
‌‌ زیاتر ...
شوان جاف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نیاز سەعید عەلی
تەحسین تەها چۆمانی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نه‌سرین كورده‌
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ