بیروڕا
دەسەڵاتی كورد لە غیابی رەخنەدا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لەكاتێكدا کوردەواری بەتەواوی كایە و جومگە جیاوازەكانییەوە، لە هەموو کۆمەڵگەیەكی دیكە زیاتر پێویستی بە رەخنە و بنیاتنانەوەی كۆمەڵگە و دەسەڵات و جومگە جیاوازەكانە، لە سێبەری رەخنە و جوانییەكانی رەخنەی بنیاتنەرانەدا، كەچی كورد لە هەمووان زیاتر دوورە پەرێز و بێبڕوایە بە رەخنە. تاكو چركەساتەكانی ئێستاش تاكی كورد و دەسەڵاتی كورد وەك چەمكێكی ترسناك و بكوژ دەڕواننە رەخنە، لەنێوان رەخنە و وەسفدا تاكی كورد و دەسەڵاتی كوردی زیاتر مەیلیان بەلای وەسفكردن و پیاهەڵداندا دەڕوات، لەكاتێكدا هێزی بەردەوامی و مانەوە و نوێبوونەوە و گەشەكردنی دەسەڵات و تاك و كۆمەڵگەش لە هێزی ناوەكی رەخنەوەیە.

لە چەند ساڵی رابردوودا، دیارترین وجودێك لەگەڵ رەخنە ناكۆك بووە و بەردەوام نەگەڕاوەتەوە بۆ دیوە ئەخلاقییەكەی رەخنە و كاری پێنەكردووە و وەك هێزێك بۆ خۆڕێكخستنەوە و تێپەڕاندنی كەم و كورتییەكانی پشتی بە رەخنە نەبەستبێت، دەسەڵات بووە.

هیچ بوارێك نییە سەروكاری لەگەڵ رەخنە نەبێت و هێزی تاودان و پێشكەوتن و گەشەكردنی لە رەخنەوە وەرنەگرتبێت، بەڵام كەمترین جار تاكی كورد بە بەرپرس و تاكی ئاساییەوە، ئامادەیی ئەوەی هەبووە رەخنە وەك هێزی پێشكەوتن و تاودان وەربگرێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە كە تاكی كورد هەمیشە دابەشكاری لەنێوان رەخنە لەجۆری بنیاتنەر و روخێنەر دەكات.

كارەساتی گەورەی هەر سیستمێكی سیاسی و دەسەڵات و تاك و كۆمەڵگەیەك لەوەدایە هەمیشە رەخنە بە نەیارێتی و دوژمنكاریی وەربگرێت و هەرگیز ئامادە نەبێت لە روانگەی وەزیفەكانییەوە بڕوانێتە رەخنە و وەك هێزێكی یارمەتیدەر و كاریگەر لە بەرەوپێشچوون و تەواوكاریی ناتەواوییەكاندا سەیر بكرێت، خۆشویستنی رەخنە وەك هێزێكی کاریگەر و بنیاتنەر كاریگەریی نابێت و ناتوانێت بگاتە خاڵی بەهێز و توانای خۆی ئەگەر هەر دەسەڵات و سیستم و سەركردە و كاربەدەستێك خۆشەویستی تەواوی بۆ رەخنە نەبێت و بڕوای هەمیشەیی بەوە نەبێت رەخنە دەتوانێت هەموو خوار و خێچییەك لە دنیادا بگۆڕێت بۆ باشتر و جوانتر، ئەگەر رەخنە وەك شێوازی بنیاتنان وەرگیرا، ئەوا ئەوكات رەخنەش دەتوانێت راستەوخۆ كاریگەریی خۆی لەسەر كۆمەڵگە و لۆژیكی بەڕێوەبەری و كاروبارەكان هەبێت.

ترس لە رەخنە كارێكی هەڵەیە، ئەگەر لە دیوێكدا كە رەخنە وەك هێزێكی چاكەكار و ئەرێنی دەبینین ئەوا نابێت لە رەخنە بترسین، بەڵكو دەبێت دەستیشی لەگەڵ نەرم بكەین و بیكەین بە چەكی دەستمان لە تەواوی كایەكانی ژیانماندا بۆ سەركەوتن و هەمیشە لە ستایشی رەخنەدا بین، هاوكات لە دیوێكی تردا ئەگەر رەخنە وەزیفەیەكی ئەخلاقی هەیە و تاكەكان و سەركردە و سیستمەكەمان كەموكووڕی تێدا نییە، كەواتە بۆ بترسین لە رەخنە؟
چ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت و چ لە خۆرئاوادا بێت، هەموو ئەو شۆڕش و راپەڕینانەی لەپێناو باشبوونی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی کۆمەڵگەكاندا هاتوونەتە ئاراوە و كارەساتی ناوخۆییان بەدوای خۆیاندا هێنا، لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ كارنەكردن بە رەخنە و تەفسیرنەكردنی رەخنە بۆ ناو واقیعی كۆمەڵگە و سیستمی سیاسی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی وڵاتان.

بەپێچەوانەوە هەموو ئەو وڵاتانەی كە رەخنەیان وەك هەڵگری پەیامێكی گەورەی مرۆڤایەتی چاكەكاری و نوێخوازیی و گۆڕانكاریی بینیووە، ئەمڕۆ نموونەی بەرزی سیستم و حكومڕانی و سەركردە و ریفۆرمن و ترسیان لە رەخنە نییە و هەمیشە رەخنە بەكاری دڵسۆزیی گروپێك لە هاووڵاتی دڵسۆزی وڵاتانی خۆیان دەبینن و كاری پێدەكەن و بەگوێیان دەكەن، نەك وەک دوژمن سەیریان بکەن.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ