بیروڕا
داعشە نزیکەکان
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
داعش وەک ئەو تایپەی کە لە ساڵی 2014ەوە دەرکەوتووە و وجودی هەیە، داعشێکی دوورە!، یان هەمیشە داعشێکی نزیک نییە بتوانێت دەستی بگاتە ئامانجەکەی و بتوانێت بیپێکێت، ئەم جۆرە داعشە لەبەرئەوەی هەمیشە چاوەکانی لەسەرەو بەدوایاندا دەگەڕێن تاکو لەناو ببرێن، داعشێکی دوورن و زاتی ئەوەیان نییە هەمیشە دەربکەون و کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، ترسناکتر لەم جۆرە داعشە دوورە، داعشە نزیکە ناوخۆییەکەیە.

دەتوانین بڵێین: داعشی نزیک، هەموو ئەو گروپ و تاقمە چەکدار و هێزە ناوخۆییانەی عێراقە کە هەمیشە نزیکن لە دروستکردنی ڕووداوی کوشت و شەڕو ئاژاوە لە ناوخۆی عێراقدا، ئەم جۆرە داعشە دەرفەت بە هیچ جۆرە کرانەوە و پێشکەوتنێک نادات، بەپێچەوانەوە هەمیشە ژینگەی عێراقی ڕادەکێشێتە ژێر هەیمەنەی خۆیی و دەتوانێت تەحەکوم بە دەسەڵات و بڕیاری سیاسی و ئەمنی عێراقەوە بدات و بیشێوێنێت.
داعشی نزیک لەعێراقدا لەسەرەوەی یاسا و زۆرجار بڕیاری سیاسیشەوەیە، بەڵام داعشی دوور کە زیاتر ئێمە بەناوی (دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام) ناسیومانە گەلێک لەخوارەوەی یاسایە. لەکاتێکدا ئەگەری لەڕیشەهەڵکێشانی داعشی دوور هەیە بەڵام هەزار ساڵە لە عێراقدا ئەم داعشە نزیکە بوونی هەیە و هێشتا ڕیشەکێش نەکراوە، بەدرێژایی ئەم مێژووەش ئەو بارودۆخە نائەمنیەی لەعێراقدا هەبووە بەرهەمی داعشە نزیکەکە بووە.

داعشی نزیک ترسناکترە لەداعشی دوور، چونکە داعشی دوور لەپەنهان و بەدزییەوە کارە تیرۆریستییەکانی ئەنجام دەدات و دواجار باجی کارەکانیشی دەدات، بەڵام کارەسات ئەوەیە داعشی نزیک بەئاشکرا کاری تێکدەرانە دەکات و شەڕی ناوخۆیی دەکات و پشتیوانی کردەی تیرۆریستی دەکات و دەستی تێکەڵە لەگەڵ زۆرێکی دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانداو زانیاری عێراقییان دەداتێ و سەروەت و سامانی عێراق بەنهێنی و ئاشکرا دەدزێت و کەچی هیچ کەس و حکومەت و سەرکردەیەکی عێراقی ناتوانێت سزایان بدات و باجی کارەکانیان بدەن.

دوورنییە ئەو هێرشانەش کرایەسەر هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر سنوورەکان و شەهید کران، داعشە نزیکە ناوخۆییەکەی عێراق بووبێت کە لەهەناوی خێڵ و هۆزەکانی خوارووی کوردستاندا خۆیان مەڵاسداوە، بەڵام کارە قێزەونەکە دەخرێتە ئەستۆی داعشە دوورەکە بەرئەوەی لەڕووی کردەی تیرۆریستییەوە هاوشێوەن، ئەمەش وایکردووە داعشە دوورەکە ڕووی زۆر داعشی ناوخۆیی عێراقی سپی کردۆتەوەو هەرچی کاری خراپ و گێرەشێوێنیش بکەن هەر دەوترێت ئیشی داعشە دوورەکەیە.

خاڵی هاوبەشی نێوان تێرۆری نزیک و تیرۆری دوور ئەوەیە:
بەپێی بەرژەوەندییەکانیان لەعێراقدا کاری ئاژاوەگێڕی و کوشت دەکەن، هەرکات نەگەشتن بە ئامانج و بەرژەوەندیەکانیان، ئەوا باشترین شتێک خزمەت بە ئەوان بیکات، تێکدانی ئەمنیەتی عێراق و کردەوەی تیرۆریستی و تێکدانی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراقە.

‌‌ زیاتر ...
شوان جاف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نیاز سەعید عەلی
تەحسین تەها چۆمانی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نه‌سرین كورده‌
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ