بیروڕا
لاهور و فۆبیا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

کەسێک ئەلیف و بێی سیاسی بزانێت، لە پارچەکردارەکانی پارتییەوە تێدەگات ئەو حیزبە لەچی پەلەقاژێ و دڵەکوتێیەکدایە، لاهورۆفۆبیا ئەوەندە تۆخ بووەتەوە لەلای پارتی سەیری ئەستێرەکانی ئاسمان بکات ئەستێرە گەش و ڕوونەکان بە چانسی لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتباردەکات.

ئەم حیزبە چونکە هیچ شتێکی بەرهەمی خۆم نییە، نازانێت خۆی بەتەنها بڕیار بدات و شیکاری ڕووداوێک بکات، ئیللا دەکەوێتە هەڵەوەو ڕێک پێچەوانەی ڕابردووی خۆی بڕیاردەدات.

ڕۆژانێک پارتی و میدیاکانی پارتی تەواوی یەکێتیی و سەرکردایەتییەکەیی و ئەندامانی یەکێتیی و زۆنەکەی یەکێتییان بەجێ نفوز و دەسەڵاتی ئێران دەزانی و پێیانوابوو ئەمریکا بۆ بڕینی دەستی ئێران لەناوچەی سلێمانی، ئەو زۆنە شەڕێکی قورس بەخۆوە دەبینێت.

ئێستا میدیا جاسوسیەکانی پارتی باس لەوە دەکەن یەکێتی هێزی دەستە ڕاستی ئەمریکایەو بەشدارە لە کوشتنی قاسم سولێمانی و هاوڕێکانیدا!
"خۆ شتێکی باشە! پارتی ناڵێت پیلانی کوشتنی ئوسامە بن لادن لەژووری ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی دژە تیرۆری یەکێتییەوە داڕێژراوە... باشترین! لەوە ئەوەیە ناڵێن پارەکانی موعەممەر قەزافی لەلای لاهوور شێخ جەنگییەو لەدروستکردنی پەیج و سایتی ساختەدا سەرفی دەکات ...... باشترینیش! ئەوەیە پارتی ناڵێت لاهور شێخ جەنگی دەستی هەیە لەبڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا لەئەمریکاو سین"

ڕەنگە پارتی پێیوابێت دەتوانێت بەم لاهۆروفۆبیایە هەنگاوێک نزیک ببێتەوە لەئامانجەکانی، بەڵام بێئاگایە لەوەی بەم سیناریۆو بۆڵەبۆڵە خزمەتێکی باش بەیەکێتیی و خودی لاهور شێخ جەنگی دەکات.

بەدرێژایی مێژوو کە پارتی دژایەتی یەکێتی و مام جەلال و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و ئێستاش لاهوور شێخ جەنگی دەکات، سوودی لەدژایەتییەکەی وەرنەگرتووە، چونکە هەمیشە دژایەتی و وەهمەکانی پارتی؛ یان ترس بووە لەو سەرکردانەی یەکێتی، یان ئەو سەرکردانەی یەکێتی داری کەمەرشکێنی لەپارتی سرەواندووە.

سیاسەت وەها ناکرێت، سیاسەت پینەوپەڕۆ نییە، جیهان چاوی لەبڕیارە نەخەمڵیوانەکەی دادگای تەمیزی پارتییە و دیموکراسی لەلای وڵاتانی جیهان گرنگە نەک هەواڵێکی هەڵبەستراو کە وەک دواین کارتی سوتاو بەکاربهێنرێت.

ئەم مێژووە لە بوغز و گرێی دەروونی دژی سەرکردەکانی یەکێتی لەلای پارتی، بەئاسانی نابرێتەوە، ئەم لاهورۆفۆبیا و پەلاماردانە! نەخۆشییەکە یان دەبێت نەشتەرگەری بکرێت و لەڕەگەوە دەربهێنرێت لەجەستەی پارتیدا، یان دڵنیابن ئەم گرێیە پارتی لەناو دەبات و بەتاریکی و نەزانی خۆیدا ڕۆدەچێت.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
مەریوان مەسعود
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شوان جاف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نیاز سەعید عەلی
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ