بیروڕا
کۆمپانیا تورکیەکان و پرۆژەکانی هەولێر و دهۆک
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ناو بەناو بەرگوێمان دەکەوێت بۆچی تاکو لەسلێمانی و زۆنی سەوز ڕێگایەک تەواودەبێت لەهەولێرو دهۆک و زاخۆ چەندان ڕێگاو پرۆژەی دیکە تەواو دەبێت؟ پرسیارێکی زۆر عەقڵانی و مەعقولە، بەڵام بینەر و هاوڵاتی کورد بابەتەکە بەڕووکەش دەبینێت و لەوە تێناگات چی لەپشتەوەی ئەم بابەتەوە هەیە.

ئایا هاوڵاتیانی ئێمە دەزانن ئەو پرۆژانەی زۆنی زەرد بۆچی زووتر تەواودەبن بەتایبەت ڕێگاو بانەکان؟ بێگومان تاکو ئێمە لەو بەڵێندەرو کۆمپانیایانە تێنەگەین کە زۆرێکی پرۆژە گەورەکانی زۆنی زەرد جێبەجێ دەکەن، ئەوا قسەمان لەشتێک کردووە کە زانیاریمان لەسەری نەبووە.

لەزۆنی زەرددا هەموو ئەو پرۆژانە زوو تەواودەبن کە کۆمپانیاکانیان تورکین، کۆمپانیا تورکییەکان گوێ بەوەنادەن ئایا حکومەتی هەرێم پارەیان دەداتێ یان نا؟ چونکە لەبنەڕەتدا کۆمپانیا تورکیەکان ئەم پرۆژانە بۆ حکومەتی هەرێمی ناکات، بەپێچەوانەوە کۆمپانیا تورکییەکان ئەوەندەی بازرگانی دەکەن هێندەش کاری سیاسی و داگیرکاری دەکەن و هەموو پرۆژەکان بەئەندازەیەکی خێراو پڕکوالێتی دەکەن بۆ ئەوەی لەسەدەیەکی داهاتووشدا بمێنێتەوە و جێ پەنجەی تورکیاو کۆمپانیاکان بەخاکی باشوورەوە جێبهێڵن و لەمێژووی خۆیاندا تۆماری بکەن.

بەداخەوە خوێنەرو تاکی ئێمە کەم شارەزایە لەوەدا ئایا تورکیاو کۆمپانیا تورکییەکان شێتبوون! بەپارەیەکی کەم و بەکەمتر لەنرخی شمەکە بازرگانییەکان ئامادەن (موسڵ و کەرکوک و شەنگال لەعێراق) ئاوادان بکەنەوە؟! ئایا خوێنەری کورد چۆن لەوە تێدەگات تورکیا ئامادەیە تەواوی شیشی پرۆژەکانی موسڵ بە نرخێکی کەمتر لەنرخی ڕاستەقینە دابین بکات؟ ئەی دەبێت عێراق خۆی قیری نەبێت کە تورکیا ئامادەیە لەتورکیاوە قیر بۆ شەقامەکانی موسڵ بهێنێت بەنرخێکی گونجاو و بەبێ هیچ زیادەیەک؟

ئایا خوێنەر و هاوڵاتی کورد، پرسیاری لەخۆی کردووە بۆچی تورکیا ئامادەیە تەواوی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی (شەنگال) بگرێتە ئەستۆ، یان شارەکە بگوازێتەوە بۆ جێگایەکی دیکە؟

لەواقیعدا، هەموو ئەمانە بۆ تورکیا سیاسەتە و سیاسەتێکی سەرکەوتوویشە!، جەنگیز چانداری گەورە نووسەری تورک لە(شۆمۆندۆفێری میسۆپۆتامیا)دا دەڵێت : یەکێک لەهاوڕێکانم لە هەولێر لەباشووری کوردستان، چووە WCیەک، بینیبووی بەلووعەی دەبلیو سییەکە تورکییە، پاشان وتوویەتی ئەگەر تورکیا نەبێت چۆن کوردەکان دەتوانن بەلووعەیەکی لەم شێوەیەیان هەبێت.
هەر چاندار دەڵێت: جارێک تەلەفۆنم بۆ هاوڕێیەکم کرد وتم لەکوێیت؟ لەوەڵامدا وتی لەباشووری کوردستان پرۆژەی تەلەفیزیۆنێک بۆ حیزبێک دروست دەکەین!

لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە کۆمپانیا تورکیایەکان نە ئیش بۆ حکومەتی هەرێم دەکات نە ئیش بۆ پارتیش دەکات، بەڵکو ئیش بۆ دوو ڕاستی تەواو دەکات:

یەکەم: تاکو زیاتر و زۆرتر لەزۆنی زەرددا کاربکات و پرۆژەی گەورە بەرهەمبهێنێت و کاڵای تورکی تێدا بەکار بهێنێت، بۆ ئایندەی تورکیا باشەو سیاسەتێکی ستراتیژی دوورمەودای تورکیایە کە دەتوانێت بەبەڵگەی تورکیبوونی ئەو کاڵایانەی لەم پرۆژانەدا بەکاریان دێنێ،  لەئایندەدا بەشێکی باشووری کوردستان بەتەواوی! بکات بەخاکی خۆی، وەک موسڵ و شەنگال و کەرکوک لەعێراق و بەشێکی قوبرس لە یۆنان.

دووەم: تاکو تورکیا زیاتر و زووتر پرۆژەکان تەواوبکات، زیاتر و زووتر دەستی دەگاتە خاکی باشوور بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە، واتا تا زۆرترین پرۆژە لەهەولێرو دهۆک و زاخۆ جێبەجێ بکات زیاتر ئاشنای ناوچەکە دەبێت و بەمەش ئاگاییەکی باشە بۆ تورکیا چ لەدوژمنەکانی پێشی و چ دوژمنەکانی پاشیشی!

بەپێچەوانەوە، ئەمە لەزۆنی سەوزدا بۆ تورکیا دەست نادات، بۆیە دەبێت پرۆژەی دووسایدکردنی ڕێگای کەلار ــ سلێمانی بدرێت بە حەوت کۆمپانیای ناوخۆیی بەشکو پرۆژەکە بۆ حکومەت تەواوبکەن، یان شەقامی 120 مەتری سلێمانی، ئەمەش لەبەر ئەوەی نەدرایە کۆمپانیای تورکی، چەندان ساڵ ڕێگری لێکرا و نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

خوڵاسەی کەلام ئەوەیە:
تورکیا پرۆژەکانی زۆنی زەرد بەباشی و بەزوویی تەواودەکات و پەنجەمۆری خۆی لەخاکی باشووری کوردستان دەدات، بەمەش هەمان تەماحکاری تورکیایە کە بۆ موسڵ وکەرکوک و شەنگالی هەیە لەئایندەدا. هیچ سەرکردەیەکی تورکیایش نییە بڕوای بەم داگیرکاریەنێت، ئەردۆغان چوارەم کەسە بڕوای بەم داگیرکاریە هەیە لەدوای هەریەکە لە ئەتاتورک (1923 ــ 1938)، عیسمەت ئینۆنۆ (1946ــ 1950) و عەدنان مەندرێس (1954 ــ1960)ە.
‌‌ زیاتر ...
شوان جاف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نیاز سەعید عەلی
تەحسین تەها چۆمانی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نه‌سرین كورده‌
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ