بیروڕا
هەڵوێستەیەک لەسەر پۆستە نوێکەی حاکم قادر
کارزان کۆیی
 یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناوێکی پیرۆزە، پیرۆزیشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرخودانی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدانی، لەبەر ئەوە بەخۆم ڕەوا نابینم پێناسەی بکەم، تەنها ئەوەندەنەبێت دەڵێم: یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو ڕێکخراوە سیاسیە شۆڕشگێڕە بوو، کەگۆڕانکاری و فۆرم و شێوازی نوێی و فرەیی لەخەباتدا داهێنا، وە تاکە حزبی ڕەتکردەوەو پانتایی ئازادی و ڕێزگرتنی بەرامبەری کردە پرەنسیپی خەبات بەئاراستەی سەرکەوتن، لەسەردەمێکدا کەزۆربەی زۆری خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بێ ئومێد بووبوون لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کورد، بەڵام بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکە، زۆرێک لە بەرپرسانی لەبۆشایی ناعەدالەتی و لێنەپرسینەوە و بێویژدانی خودی خۆیاندا پشتیان کردە ئەو پیرۆزیەو لەبەرهەمی ماندوبونی پێشمەرگەو هاوڕێیانی شەهیدی نێو سەنگەری ئەو حیزبەیان خوارد تاگەیاندیانە ئەوەی دەیبینیین، ئێمە لەمێژە بۆ بەرژەوەندی نیشتیمان ڕوانیومانەتە ڕوداوەکان و بەردەوام هەڵوێستمان هەبووەو ئاماژەمان بەکارە نادروستەکان داوەو دەستمان خستۆتە سەر دیاردە نادروستەکان تا ئەوەندەی دیکە خوێنی لێ نەچۆڕێت، زۆرجاریش گوتار و هەڵوێست و ڕونکردوەکانمان بۆتە مایەیی نیگەرانی زۆرێک لەهەلپەرستان و بەچاوی دوژمنەو تێمان ڕوانراوە، ئەوەی دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبدەم گێڕانەوەی یادەوەریەکە هەموومان لەیادمانەو دڵتەنگ دەبین پێی، ‌جابۆپیرۆز ڕاگرتنی حورمەتی خوێنی شەهیدان و ڕەواندنەوەی ئەو دڵتەنگیە بەپێویستی دەزانم حاکم قادر ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆو بەردەوام بێت لەچالاکیەکانی و مەڵبەند چۆڵ نەکات.
لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ لەدادگای شۆڕش لەقەڵاچوالان بەپلەی ئەفسەری شۆڕش کارم دەکرد، زۆر ڕۆژیش لەبەرەی کوردستانی دەست بەکار دەبووم، ئێوارانیش لەمەڵبەند لەگەڵ بەڕێزان دکتۆر خسرەو گوڵ و وەستا حەسەن و چەند بەڕێزێکی دیکە خەریکی کاری ڕێکخستن بووین، ئەو دەمە  لەبەر قەڵاباڵغی نێو حەوشەی مەڵبەند جێگا نەدەبوو سەیارە بەرینە ژوورەوە، لەبەر ئەوە ناچار لەدەرەوە دامان دەنا، شوێنی کارەکەم تەنها پەنجا مەتر دوور بوو لەدەرگای چونە ژورەوەی مەڵبەندەوە، بەڵام کاتژمێرێکی دەویست تادەگەیشتمە شوێنی کارەکەم لەبەر ئەوەی لەو نێوانەدا دەیان کەسی بەڕیزو ناسراومان دەبینی کەهەمویان جێگەی ڕێزلێگرتن و شانازی بوون، لەکاتێکدا زۆربەیان لەڕێکخستنەکانی یەکێتیدا نەبووبوون بەڵام شانازیان دەکرد کەخۆیان دەبینیەوە لەنێو حەوشەی مەڵبەندا، ئەودەمە یەکێتی حیزبی جەماوەر بوو نەک حیزبی چەند کەسانێک .......ئەودەمە هەمووان لەپێناو یەکێتیدا کاریان دەکرد، نەک وەک ئێستا هەمووان دەیانەوێت یەکێتی لەپێناو ئەواندا کاربکات، ئەو بەڕێزانەی ئەو سەردەمە سەردانی مەڵبەندیان دەکرد..... بەڕێژە .... کەمینەی خەڵکانی خاوەن خەبات و پێشمەرگەی دێرین بوون، لەچاو ئەو هەموو خەڵکە ڕۆشنبیرو خاوەن بڕوانامە و بێلایەنانەی کەهاتبوون خۆبەخشانە بۆ خزمەتکردنی نیشتیمان لەڕێگەی یەکێتیەوە، بەڵام دوای ئەوە، هێدی.... هێدی دەرئەنجامی خەم ساردی هێندێک لەبەرپرسانی مەڵبەندو خۆبەزلزانی هێندێکی دیکەیان دڵی زۆرێکیان ڕەنجا، هۆکارەکان زۆرن ناکرێت لێرەدا ئاماژەبەهەموویان بدەین،وە لەکاتی خۆشیدا چەندین گوتارمان لەسەر ئەو بارو دۆخە نووسیوەوخوێندنەوەمان هەبووە بۆی، ئەوەی دڵتەنگی دەکردم لەم ساڵانەدا چەند جارێک بۆ ڕاپەڕاندنی کاری هاوڕێیانم  سەردانی مەڵبەندم دەکرد بەڵام جگەلەچەند کەسێک وچەند فەرمانبەرێک کەسی ترم تێدا نەدەبینی، کە جارانی نێو مەڵبەندم دەهاتەوە یاد قوڕگم پڕ لەهەنسک دەبوو، ئەوەی دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبدەم لەدوای دەست بەکار بونی بەڕێز حاکم قادر وەک بەرپرسی مەڵبەند چەند جارێک سەردانی مەڵبەندم کردوە و دەبینیم خەریکە ئەو گەرموگوڕیەی جاران دەگەڕێتەوە بۆ مەڵبەند، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی کۆبونەوە جەماوەریەکانی لەگەڵ هەموو توێژەکاندا بەمەبەستی بەئاگابوون لەکێشەو کەموکوڕیی خزمەتگوزاریەکان و داواکاری خەڵکی لەسەر پرسەهەستیارەکان، وە نەبوونی پرسگەو دەرگا واڵابونیشی بۆخۆی کاریگەریەکی بەرچاوی هەیە، ئەمەجگە لەبەژداریکردنی لەهەموو پرسەو بۆنە تایبەتیەکاندا، گەر بەڕاشکاوانە بدوێین بۆ بینینی هەر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ڕەنگە پێویستمان بەمانگێک بێت بەڵام بۆ بینینی حاکم قادر بەبێ لەدەرگادان دەتوانیت هەمووساتێک بیبینین، ئەمانەی من ئاماژەی پێدەدەم لە پیاهەڵدانو مامەحەمەییم نیە بۆ حاکم قادر، لەهەمان کاتدا پێداهێنانی هێڵە ڕاستوچەپەکانیش نیە بەسەر هەمووسەرکردایەتیدا چونکە هێندێکیان لەنزیکەوە هاوڕێمانن وە شایستەی ڕێزن و ئاگاداری هەڵوێست وکاری جوانیانین، بەڵام مەبەستمان لەم ستایشە تەنها بۆ گەڕانەوەی متمانەی خەڵکی و شکۆی یەکێتیە تاچاو لەوبکرێت، چونکە تاوانەو مایەی شەرمەزاریە لەدوای نزیکەی ٤٣ ساڵ لەخەبات و تێکۆشان، دوای سەدان داستانی پڕشکۆی نەبەردی و قارەمانییەتی و بەخشینی خوێنی هەزاران شەهید، یەکێتی لەم دۆخەدا ببینیین، جا هیوادارم بەڕێزی ئەو پۆستەی باسی لێوەدەکرێت وەک جێگری سەرۆکی 


حکومەت وەری نەگرێت، چونکە ئەو خزمەتەی ئێستا دەیکات بەیەکێتی زۆر گەورە ترە لەهەموو پۆستەکان.
بۆگێڕانەوەی سۆزو خۆشەویستی لایەنگران و دڵسۆزانی یەکێتیش، وەک پێشنیارێکیش پێم باشە کاری جدی لەسەر ئەم خاڵانەبکرێت، دەبێت هەوڵبدرێت بۆدانانی دادگایەکی ناوخۆیی بۆلێپرسینەوە  لە کۆمپانیاچیەکانی ناو حیزبەکە و سزادانیان، چونکە لەم نیشتیمانەدا دوێنی بوو هێندێک لەبەرپرسەکان سەرکردایەتی شۆڕشیان دەکرد بەخوێنی هەژاران بۆڕوخاندنی دکتاتۆرەکان ، بەڵام ئمڕۆ بۆخۆیان بوونەتە گەورەترین دکتاتۆر لەسایەی خوێنی شەهیدان بۆ مژینی خوێنی هەژاران، جا لەڕێگەی ئەو دادگا ناوخۆییەوە دەکرێت کۆنترۆڵی ئەوگەندەڵیە بکرێت بەڵام کاتێک مەترسیدارە کەبەرپرسەکانی خۆمان پرۆژەى گەندەڵیان هەبێت چونکە ئەودەمە دەبێت پرۆژەى شەفافیەت و (من این لک هژا؟) پشتگوێ بخەین، وەدەبێت سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەلەبەرچاو بگرێت کە{سزادانی ئەندامێکی سەرکردایەتی یا سەروتر دەبێتە تۆرانی دەیان کەس، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی سۆز و ئاشتبوونەوەی هەزاران کەس و تەمێکردنی دەیانی دیکە} 
.یەکێتی بنکەی جەماوەری خۆی لەم ساڵانەدا بەزۆری لەسەر پێدانی پۆست و بەرژەوەندی مادی درووست کردوە ئەمەش دەبێت زۆر بەجدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە کاریگەریەکی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر یەکێتی گەر ڕۆژێک یەکێتی وەک ئۆپۆزسیۆن  کار بکات دڵنیابن کەسی وای نامێنێتەوە، چونکە ماڵە گەورەکەیان کردبووە ماڵە چەورەکە. 
دەبێت زۆر بەجدی کار بکرێت، لەدوای داڕشتنی نەخشە ڕیگایەک بۆ نەمانی هێزی چەکداری بەرپرسەکان بەهەرناوێکەوە بێت، چونکە وەک دەبیستیین زۆرێک لەکەسانی نێو باندە تاوانکارەکان کەکاری پێشێلکاری دژ بەخەڵکی سیڤیل دەکەن لەوگروپە چەکدارانەوە سەرچاوەیان گرتووە یا بەرپرسێکی لەپشتەوە بووە، لەوەش گرنگتر دەبێت سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەباش بزانێت و بەهەند وەریبگرێت، هەربەرپرسێک هێزی چەکداری هەبێت ستەمە بتوانرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
لەهەمووی گرنگ تر دەبێت داهاتی یەکێتی لەلایەن لژینەیەکی تایبەتەوە سەرپەرشتی بکرێت نەک خوانەکردە لەلایەن کەسێکەوە بەخشانو تەخشانی پێبکرێت بۆ سەرخستنی گروپێک یا شکاندنی چونکە کار کردن بەداهاتەوە بەو شێوەیە یەکێتی  نوقمی تەنگژە و ئاڵۆزی دەکات.
لەکۆتاییدا دەڵێم دەبێت سەرکردایەتی یەکێتی ئەوە باشبزانێت کەهاتنەخوارەوەی ئاستی جەماوەری یەکێتی هیچ پەیوەندی بە چۆنێتی کارەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەزویرات و فرتوفێڵەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندی بەهەڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خوودی سەرکردایەتیەوە بووە، کەلەچەندین خاڵی جەوهەریدا خۆی دەبینێتەوە ناکرێت لێرەدا لەبەر نەیاران ئاماژەی پێبدەین، ئەمڕۆ یەکێتی دەرفەتی گەورەی لەپێشەو لەهەمان کاتدا هەڕەشەی گەورەشی لەسەرە، لەبەر ئەوە ئێستا لەهەموو كات زیاتر یەکێتی پێویستی بەخۆسازدان و رێكخستنەوەی ماڵی خۆیەتی لەو پەرتەوازەیی تێیدا دەژی، هەڤاڵان......... یەکێتی دەیان هەزار شەهیدی داوە ئیدی دەبێت کار بۆ ئەوەبکرێت کەسوکاری شەهیدان بکرێنە خاوەنی یەکێتی.... ئەو دەمە ئەوان دەستبەرداری خوێنی شەهیدەکانیان نابن و ناهێڵن جارێکی دیکە یەکێتی بکەوێت..
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ