بیروڕا
كاڵکردنەوەی ئەنفال
خالد سلێمان


پێش دە ساڵ زیاتر، لە بۆنەیەکدا لە بەرپرسێكی باڵای کوردی حکومەتی عیراقیم پرسی، ئایا بیری لە میکانیزمێک کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەنفال تەنها ڕووداوێکی کوردی نەبێت و هەر هیچ نەبێت، لە ئاستی عێراقیشدا بەشێک بێت لە بیرکردنەوە و درووسکردنەوەی ڕووداوەکە؟ ئەو پرسیارەم دوای بڵاوکردنەوەی زنجیرەیەک چیرۆک و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی بوو کە لە ڕۆژنامەی (سەفیر)ی لوبنانی بڵاوم دەکردنەوە. 
بەشێكیان گیڕانەوەی ژمارەیەک ژنی گەرمیانی بوون، ئەوانەی لە نوگرە سەلمان گەڕابوونەوە. ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوەیان لا باش بوو، ئەنفال لە میدیای عەرەبی باس بکرێت و، مەبەستی خۆشم وەک ڕۆژنامەنووسێکی کورد هەر ئەوە بوو. لە چرکەساتێکداو، دوای بڕیاری گەڕانەوە بۆ کوردستان، ئەو هەستەم لا درووست بوو کە ئەنفال لە وڵاتی خۆماندا، ڕووداوێک نییە و تەنها یادکردنەوەیە، لە کاتێکدا هێشتا گێڕانەوەی حیکایەتەکانی تەواو نەبوون؛ یانی دەکرێ هەموو ساڵێک ڕووداوێک بێت و پرسیارێک بێت لە پێشمانەوە، وەک چۆن تا ئەمڕۆ هۆڵۆکۆست ڕووداوە و پرسیاریشە.
پرسیارەکەم لە بەرپرسە کوردەکەی حکومەتی عێراق لەم ڕوانگەیەوە کرد، بەڵام ئەوەی تووشی نائومێدیی کردم، ئەو بەرپرسە، بۆ باسکردن لەسەر ئەنفال، ناوی نووسەرێکی پێ وتم و بابەتەکەی گۆڕی. مەبەستی ئەوە بوو لەگەڵ ئەو نووسەرەدا مەسەلەی ئەنفال باس بکەین: کتێبێک، نامیلەکەیەک یان هەر شتێکی لەو بابەتە بڵاوبکەینەوە و بەو شێوەیە مەسەلەکە کۆتایی دێت. 
ئەم چیرۆکە ئەگێڕمەوە تا بڵێم، بیرکردنەوەی حومکڕانانی کورد لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەم بازنەیە دەرناچێت و توانای درووسکردنەوەی ڕووداوی نییە. بیرکردنەوەیەکە بە لای کەمەوە نەیتوانیوە ئەنفال بباتە بەغدا، نەیتوانیوە سکانێکی نوگرە سەلمان بکات، نەیتوانیوە وێنەی قەڵاکانی دهۆک و قۆرەتوو و دوبز بگوازێتەوە بۆ ئەرشیفێکی نیشتمانیی -تا ئێستا ئەرشیف و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ ئەنفال لە لیستی نەبواندایە-، بە کورتییەکەی نەیتوانی شوێنێک بۆ درووستکردنەوەی ڕووداو دابمەزرێنێت.
بیرکردنەوە و دنیای حوکمڕانیی لە کوردستاندا، ئەنفالی لە دابەشکردنی زەوی و مووچەیەکدا کۆ کردەوە، بە ״ئەنفالانە״ ناوی دەرکردووە، بنیادنانەوەی شوێن و تۆمارکردن و ئەرشیف و مێژووی زارەکی لەناوبردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی کوردستان لە بێدەنگیدا کاڵ کرانەوە. بیرکردنەوەی سیاسی و حوکمڕانیی کوردستان تا ئەو ئاستە بڕی کرد، ناوی کەمپی زۆرەملێی (سمود) لە گەرمیان بگۆڕێت و بیکاتە ڕزگاری. 
لێرەدا بیرکردنەوەی بەشێک لە میدیا و ڕۆشنبیرانی نزیک لە ناوەندەکانی بڕیار، هەر لە بازنەی بیرکردنەوە سیاسییەکەدا دەخولایەوە، عەقڵی بەوەدا نەدەشکا کە ناو دەلالەتی خۆی هەیە و لە دۆکۆمێنتکردن و پاراستنداو، دەبێ وەک خۆی بمێنێتەوە. بە لای ئەوانەوە ״سمود״ ناوێکی بەعسیانە بوو، دەبوو بگۆڕدرێت، بەڵام بەو هەنگاوە سیمای تاوانەکانی بەعسیان لە کوردستاندا گۆڕی و ئێستا ناوی ئەو کامپە زۆرەملێیەی کە بەعس خەڵکی تیا کۆ کردەوە: ڕزگارییە. ئەم هەنگاوەی حوکمڕانانی کورد وەک ئەوە وا بوو، دوای تێکشکاندنی نازییەکان، ساڵی ١٩٤٥، ناوی کامپی ״ئۆشڤێتز״ لە پۆڵۆنیا بگۆڕدرێت و بکرێتە مەیدانی ڕزگاری و شوێنێک بۆ ژیانێکی ئاسایی.
بە کورتییەکەی، وەک چۆن ئەنفال لە بێدەنگیدا ئەنجام درا، بە هەمان شێوە لە لایەن حوکمڕانانی کوردەوە بە بێدەنگی ڕاسپێردرا، هەندێ بڵاوکراوە و کتێب و کۆنفراسی لۆکاڵی و گۆڕینی ناو، جێگەی درووسکردنەوەی ڕووداویان گرتەوە. لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی لە مەرگ ڕزگاریان بوو، ئەوانەش لە کامپی نوگرە سەلمان لە کوشتن گەڕانەوە، تا ئێستا سەرچاوەی درووستکردنی ڕووداون، وێنەی جەللادەکانیان لە خامۆشی و خەمۆکیدا هەڵگرتووە، چونکە کەس نییە لێیان بپرسێتەوە. ئەو شوێنانەی بەرهەمی قسەکەی (عەلی کیمیاوی) بوون کە وتی: یان کۆکردنەوە یان تەسفیەکردن؛ وەک کامپەکانی سمود و شۆڕش و باریکەو بازیان و پیرەمەگروون؛ هیچ مۆرکێکی ئەنفالیان پێوە نەما. بیرکردنەوە و دنیابینیی ئەو ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسانەی، حوکمڕانەکانی کوردستان ئەرکی ئەنفالیان پێ ڕاسپاردن، وەک شووشەی ونبووی ناو لمی بیابان، لە بەردەم هەتاودا نەدرەوشانەوە. لە کاڵکردنەوەی ئەنفال زیاتر هیچیان پێ نەبوو.
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ