بیروڕا
ده‌نگیش بده‌ و گله‌ییش بكه‌
جه‌مال ئارێز

تێكچوونی هاوسه‌نگیی سیاسی و ئیداریی له‌ هه‌رێم و عێراقدا ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ست بێت به‌ كاریگه‌رییه‌ تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و به‌شێكی دیكه‌شی په‌یوه‌ست بێت به‌ كاریگه‌رییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وا به‌شه‌ هه‌ره‌ زۆره‌كه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ خودی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ چ به‌ ده‌نگ دان یاخود ده‌نگ نه‌دان، بۆیه‌ به‌ر له‌ گله‌یی و گازانده‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و به‌دینه‌هاتنی دروشمه‌كانی بانگه‌شه‌ و به‌ڵێنی كاندیده‌كان له‌دوای ده‌رچوونیان، ئه‌ركی ده‌نگده‌ر خۆیه‌تی كه‌ به‌رله‌ ئاماژه‌كردن به‌ ناوی كاندیدی دڵخوازی له‌ رۆژی ده‌نگداندا، پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌گوێره‌ی رابردوو و ئێستا و داهاتووی ئه‌و قه‌واره‌ كاندیده‌ بكات.

ده‌نگدان به‌ كاندیدانی هاوپه‌یمانیی كوردستان به‌گوێره‌ی لێوه‌شاوه‌یی كاندیده‌كانی و سه‌ر راستیی هه‌ردوو حزبی پێكهێنه‌ری هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ئه‌و مافه‌ ده‌دات به‌ ده‌نگده‌ران كه‌ له‌كاتی به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌ی كورسیی پێویستدا گله‌یی و گازانده‌ له‌ پابه‌ند نه‌بوون یاخود خه‌مساردیی په‌رله‌مانتاره‌ ده‌رچووه‌كان بكات له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌كانیان، به‌ڵام دیاره‌ قورسایی و سه‌نگی ده‌نگی ئه‌و په‌رله‌مانتار و كاندیده‌ ده‌رچووانه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاست و رێژه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌.

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی رابردووی ئه‌و حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌ كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری تێكۆشه‌ره‌كانی له‌و كه‌سانه‌ بووبن كه‌ به‌ خوێن و سه‌ر و ماڵه‌وه‌ له‌ خزمه‌تی ئازادیی و دیموكراسیدا به‌گژ سه‌رسه‌ختترین رژێمی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا چووبنه‌وه‌ و تا راده‌ی شه‌هید بوون و قوربانییدان به‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌یان یان به‌سه‌ربردنی به‌شێكی ته‌مه‌نیان له‌ زیندانی فاشیسته‌كاندا، ئه‌وا روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی چه‌ند هاوكارێكیان له‌ناو هۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و تایفییه‌وه‌ جیاوازیش بن له‌وان كارێكی سانا و ساده‌یه‌ بۆ ئه‌وان و خوێندكارانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ ئاماده‌یان كردوون بۆ ئه‌وپه‌ڕی قوربانی و درێغی نه‌كردن له‌ رێگای به‌دیهێنانی خواسته‌ دیموكراتی و ده‌ستوورییه‌كاندا.

ده‌بێت ده‌نگده‌رانی كوردستان چه‌ند راستییه‌ك هه‌یه‌ ره‌چاوی بكه‌ن له‌كاتی ده‌نگداندا، كه‌ له‌ ئاسانترین پێناسه‌ی ئه‌و راستیانه‌دا ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌ پۆلێنیان بكه‌ین:
-واباشتره‌ ده‌نگ به‌ هاوپه‌یمانیی كوردستان بده‌ن چونكه‌ هاوپه‌یمانیی نێوان دوو حزبی واقیعبینه‌ كه‌ هه‌موو راسته‌ مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تگوزاریی و بژێویی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئه‌وله‌وییه‌تیاندایه‌، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و پێداگریی سه‌ركرده‌ و تێكۆشه‌ره‌ دێرێنه‌كانی ئه‌م دوو حزبه‌ و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان زۆرترین مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و مه‌سه‌له‌ دیموكراتییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ عێراق له‌ ده‌ستووردا چه‌سپێنراوه‌.

-ئه‌م دوو حزبه‌ له‌ كۆی به‌رنامه‌ی حزبی و خیتابی سیاسییاندا به‌ ره‌چاوكردنی دۆخی ناوچه‌یی و جیهانی هه‌رگیز شوێن دروشمی تۆباوی و ره‌ق و ته‌قی نه‌ته‌وه‌یی بێ سه‌مه‌ر نه‌كه‌وتوون و به‌رده‌وام دژبه‌ دروشمی نه‌ته‌وه‌یی وشك و برینگ بوون به‌ جۆرێك كه‌ سه‌ربكێشێت به‌ره‌و ره‌گه‌زپه‌رستی و شۆڤێنیزم، به‌ڵام هه‌موو مافه‌ سیاسی و كه‌لتووری و ئیداریی و جوگرافییه‌كانی خه‌ڵك و خاكی كوردستانیشیان به‌ته‌نها و ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی مووچه‌ و بودجه‌دا چڕنه‌كردۆته‌وه‌.

-به‌گوێره‌ی ئه‌و فیكره‌ واقیع بینانه‌یه‌ و مامه‌ڵه‌ی سیاسیی و به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌م دوو حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سه‌نگین و دیموكراتخوازه‌ عێراقییه‌كاندا، به‌رده‌وام نوێنه‌ران و سیاسه‌تمه‌دارانی باڵای ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ له‌ توانایاندا بووه‌ كه‌ زمانێكی هاوبه‌شی دیالۆگ و دانوستانی ئارامتر و به‌ به‌رهه‌متر له‌گه‌ڵ دۆسته‌ عێراقییه‌ دیموكراتخوازه‌كاندا بدۆزنه‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسا و پڕۆژانه‌ی كه‌ له‌ خزمه‌تی كۆی گه‌لانی عێراقدایه‌ به‌ كورستانیشه‌وه‌ وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌ستووریی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا.

لێره‌ و له‌وێ زۆر هاوپه‌یمانی و كه‌سایه‌تی و حزب له‌ بازاڕی بانگه‌شه‌دا دروشمه‌كانی ده‌خاته‌ بازاڕی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ و زۆر دروشمی ئاڵ و واڵا له‌ به‌رده‌می ده‌نگده‌راندا خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام ده‌نگده‌ری هۆشیار ئه‌ركی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تان و پۆی هه‌موو تابلۆ سیاسییه‌كه‌ی عێراق ئه‌و دروشمانه‌ شه‌ن و كه‌و بكات كه‌ ئه‌گه‌ر و ده‌رفه‌تی جێبه‌جێبوونیان هه‌یه‌ هه‌روه‌ك ده‌بێت ده‌نگده‌ری هۆشیار ئه‌و راستییه‌ی له‌به‌رچاو بێت كه‌ ئه‌ولایه‌ن و كه‌سه‌ی دروشمه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو سه‌نگ و قورساییه‌كه‌ی و باكگراونده‌ خه‌باتكارانه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی حزب و قه‌واره‌ به‌هێزه‌كانی به‌غدا بایی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ ده‌ره‌قه‌تی به‌دیهێنانی ئه‌و دروشمه‌ ئاڵ و واڵایانه‌ بێت؟

دووبار پێویسته‌ ده‌نگده‌رانی هۆشیار ئه‌و راستییه‌ له‌ بیر نه‌كه‌ن كه‌ كورسی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ و رۆڵی كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانی له‌ ئاینده‌دا په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌نگه‌كانی ئه‌وان و به‌شداریی هه‌رچی زیاتری ئه‌وانه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌نگه‌كه‌تان بده‌ن و دواتر گله‌ییه‌كانیشتان بكه‌ن، چونكه‌ به‌شداریی نه‌كردن و فه‌وتاندنی ده‌نگه‌كان له‌ كاندید و حزب و هاوپه‌یمانییه‌كدا كه‌ توانا و سه‌نگی ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت و خه‌مساردیی ده‌نگده‌ر له‌ پیاده‌كردنی مافی یاسایی خۆی له‌ ده‌نگدان، هه‌م رێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی كوردستان له‌ به‌غدا لاواز ده‌كات و هه‌م گله‌ییه‌كانی تۆی ده‌نگده‌ریش ده‌كاته‌ دروشمی بریقه‌دار، جا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگتان له‌ هه‌ڵبژاردندا جێی خۆی بگرێت و مشوورخۆرێكی جدیی هه‌بێت بۆ گله‌ییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن ده‌نگ به‌ هاوپه‌یمانیی كوردستان بده‌ نه‌ك به‌وانه‌ی كه‌ به‌ دروشمی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ نه‌ك عێراقییه‌كان، به‌ڵكو پێكهاته‌كانی كوردستانیشمان لێ ته‌ره‌ ده‌كه‌ن، نه‌ به‌وانه‌ش كه‌ كێشه‌ی سیاسیی 100 ساڵی خه‌بات و قوربانیی خه‌ڵكی كوردستان و دیموكراتخوازانی عێراقیان له‌ پاره‌دا چڕكردۆته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كورد به‌رله‌ راپه‌ڕین مووچه‌ی نه‌بووبێت.

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
مەریوان مەسعود
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شوان جاف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نیاز سەعید عەلی
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ