بیروڕا
یەكێتیی دەبێ‌ بەكردەوە وەڵام بداتەوە
ئەرسەلان مەحمود


ئەوەی بیەوێ‌ بزانێ‌، دەتوانێ‌ لەوە تێبگات ساڵیادی دامەزرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگرسانی شۆرشی نوێ‌، ساتیادی حزب و شۆڕشێك نیە وەك بەر لەخۆی عەفەوی. ساڵیادی یەكێتیی، ساتیادی لەدایكبونی یەكێتیی جیاوازییە هزرییەكانە لەڕێبەرایەتی و سەركردایەتی كردنێكدا هاوسەنگ، لەسەنگەرێكدا تۆكمەو تەواو نیشتمانی، ساڵیادی فیداكاری و گیانبازی دەیانهەزار پێشمەرگەی شەهیدو قوربانیدانی جەنگاوەرانێكە ڕاستەقینە، ساڵیادی ڕابەرێكە "مام جەلال" لەدیرۆكی گەلانی ژێردەستەو زوڵملێكراودا بەدەگمەن ڕویداوە ژیانی تاكە كەسێك ئەوەندە كاریگەرو پێشەنگایەتی بنوێنێت لەنەهێشتنی ستەمكاری و برەودان بەهزری ئازادو بونیادنانی كۆمەڵگەی ئازاددا، ساتیادی یەكێتیی ساڵیادی ڕەچە شكێنەرو مەحاڵبڕە، ساتیادی هەزارەها داستان و سەروەری و سەركەوتنە بێوێنەكانە لەكوردەواریدا.

ئەم ناسنامە ڕۆشنەو ئەم شوناسە گەشەی یەكێتیی، ئەگەر هەبێ‌ بیەوێ‌ تەنهاو هەر لەڕابردویدا جێنەمێنێت، بەر لەهەر شتێك دەبێت دیدو ڕاو ڕوانگە جیاوازە ڕەخنەییەكانی لەخۆدا، دلێرانە هەژمارو كار پێبكات، بنەماو ئایدیا هەرە قوڵەكەی دوێنێ‌ یەكێتیی و شۆڕشەكەی سەرخست، یەكێتیی جیاوازییە هزرییەكانی بوو، چجۆرە هێزو ناوەندییەتیك ڕەق و دەق نیە بتوانێ‌ ئەم حزبە (وەك مام جەلال دەیگوت) خەوتوو لەسەر چەپكە گوڵی سەروەری و سەركەوتنەكان ڕاگرێ‌ و بهێڵێتەوە، مانەوەو گەشەی یەكێتیی، ئەو یەكێتییەی هەتا ئێستاش زۆرێك لەكۆمەڵانی خەڵك تەماو ئومێدیان پێیەتی، بەندە بەبوژانەوەی پەروەردەو پەرەپێدانی هزری هاوسات و سەردەمی، بەهێزبونی لەخۆدا، بەهێزبونە بەدەرەوەی خۆشدا، یەكێتییەكی بەهێزو گەشەكردو، پەیوەستە بەڕاگرتنی هاوسەنگییەكی بەهێزو ڕاهێنانی ئۆرگانیكی لەخۆیدا.

ئێستاو ئایندەی هەرێم و گوزەرانی خەڵكەكەی، بەتەواوی كەوتووەتە ژێر پرسیارو لەمەترسیدا دەناڵێنێت، حزبی ڕەسەن، حزبی بەبنەماو بەپڕاكتیك نیشتمانی، وزەو هێزی خۆی لەئاشتەوایی ناوخۆیی و یەكڕیزی نیشتمانیدا دەبینێت، یەكێتیی ئەگەرچی بەدەرنەبووە لەپێكدادانە ناوخۆییە كوردییەكان، بەڵام لەسازشكاری لەپێناو نیشتماندا، زۆرترین قوربانی بەخۆیداوە، ئەو حزبانەی نایانەوێ‌ لەمە تێبگەن و سیاسەتی نەگریسانەی یان هەموو یان هیچ پەیڕەو دەكەن، ئایندەیان نیە، ئەوەی دەتوانێ‌ داهاتووی گەش مسۆگەر بكات پەیوەست بوون و پابەند بوونە بە"یەكێتیی جیاوازییە هزرییەكان" نەك لەسەناو پەنای ئەم جۆرە دروشم و بانگەوازانەدا، لەژێرەوەو لەڕێگەی پێڕۆ كردنی سیاسەتی پەرتكەو زاڵبەی زاڵمانەوە خەریك بەخود سەپاندن بێت.

بەدڵنیاییەوە، ململانێی دیموكراسیانە لەگەڵ هێزە كۆنزێرڤاتیڤ و ڕەجعییەكاندا، بەتایبەت لەكۆمەڵگە بەفەرهەنگ هاوشێوەكانی لەمەڕ كوردەواری، كارێكە هەر زۆریش سەخت، بەڵام هیچ ڕێگەیەكی باشتر لەبەردەم یەكێتیی و ئازادیخوازە هاوشێوەكانیدا نیە، دیالۆگ، ئارامگر، لۆبیكار، ئەمە لەخۆدا وەك بەرەی حزبە كراوەكان و لەكوردەواریدا وەك جڤات و لەدەرەوەدا وەك دیبلۆماسیەت، تەنها زەمانی مانەوەو گەشەكردنی خۆی و هەرێمەکەیە، بەڵام هیچ كام لەمانە نابێت هەروا بێباكانە بەسازشکاری لەسەر ژیانی خەڵك تەواو بێت، سازشی نیشتمانی هەرگیز نابێت هاوتا بێت بەسازش لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك، ئامانجی حزبی ڕاستەقینە هاوتای پێدانی هۆشیاری كۆمەڵایەتی، كارو خەبات و پێداگریشە لەسەر دابینكاری و پێشكەشكاری باشترین خزمەتگوزاری بەهاوڵاتی و هاونیشتمانیەكانی، نیشتمان سەرچاوەی ژیانی خەڵكەكەیەتی نەك برسیكردنیان، ئەوانەی دەڵێن كێشەی كورد لەم بەشە باشورییەی كوردستاندا گەورەترە لەمووچەو قوتی خەڵكەكەی درۆزن و هەڵخڕێنەرو بازرگانی تێرنەخۆرو خۆخۆرن، نان لەپێش ئازادییەوەو ئازادیش لەپێش نیشتمانەوەیە!

دیموكراسی لەچڕترین مانادا واتا حوكمی زۆرینە، بەڵام چجۆرە چارەیەك لەسەپاندندا نیە، ئەركی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتییە نوێیەكەیەتی بەر بەوەها بێماناییەك بگرێ‌ بەناوی دیموكراسیەوە دەكرێ و دەگوزەرێ، ماف و ئازادی و ژیان و بەرژەوەندییەكانی خەڵك لەهەر بارێكدا بێگوێدانە جیاوازییە ئایدیایی و پێگەییەكان لەدەسەڵاتدا، دەبێ‌ هاوسەنگ ڕابگیردرێ‌، زۆرینەیی ڕەوایەتی دیموكراسیانەی هەیە لەدەسەڵاتدا، بەڵام ڕەهاگەرایی نیە لەبڕیارو حكومڕانێتیكردندا.

ئەركی هەرە لەپێشەوەی هاوسەرۆكایەتی یەكێتییە، چەندە نوێنەرایەتی یەكێتییەكەیان دەكەن لەیەكڕیزی نیشتمانیدا، ئەوەندەو زیاتریش پێداگری لەهێنانە ئاراوەی دەستورو سیستمێك بكەن ڕۆشن و هاوسەنگ، دەستوری هاوسەنگ، سیستمی ڕۆشن، ئەوەیە: سەرو ماڵ و موڵك، ماف و ئازادییەكانی تاك و كۆ دەستەبەر بكاو بپارێزێت، ئەوەیە تەواوی خزمەتگوزارییەكان لەهەر كات و سات و شوێنێكدا هاوتا مسۆگەر بكاو بگەیەنێت.

خەڵكی كوردستان بەتەواوی درك بەپاشەكشەی ماف و ئازادییە بنەڕەتیەكانیان دەكەن، یەكێتیی ئەركییەتی هەوڵە حزبیەكانی لەپێناو هێنانە ئاراوەی چاكسازییەكی بەبنەماو بەپڕاكتیكی سیاسی و ئابوری و ئاسایشیدا چڕ بكاتەوە، ئەركییەتی لەپێناو هێنانە ئاراوەی ڕیفۆڕمی كۆمەڵایەتی و جێندەری و ئایینیدا هەنگاوەکانی بەكردەیی بكاو كار لەسەر جیاوازییە چینایەتی و ڕەگەزی و كاڵكردنەوەی بێدادییەكان بكات، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە بكەوێتە دیالۆگ لەگەڵ یەكەو گروپ و دەستە مەدەنییە حزبی و ناحزبییە خۆیی و ناخۆییە تاكی و ڕێكخراوەییەكان.

ئەم ڕەوشە ژیانی و ژیارییە خراپەی خەڵك تێیكەوتووە، ئەم دۆخە ڕەشە ئابوری و سیاسیەی هەرێم، بەكەم سەیر كردن و بەكەم وەرگرتنی لێكەوتەو تێكەوتەو مەترسیەكانی، هەڵەیەك دەبێت كوشندە. یەكێتیی ئەركیەتی بەكردەوە نەك هەر لەچێوەی بەڵێن دا، وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە بۆچی خەڵك متمانەی بەپرۆسە سیاسیەكە نەماوەو هاتووەتە ئەو باوەڕەی ئەوەی بەناوی حزب و حكومڕانێتیەوە دەگوزەرێ‌ لەخزمەتی ئەواندا نییەو نابنە مایەی چجۆرە گۆڕانكارییەك.
‌‌ زیاتر ...
شوان جاف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نیاز سەعید عەلی
تەحسین تەها چۆمانی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نه‌سرین كورده‌
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ