بیروڕا
ره‌نگڕێژكردنه‌وه‌ی هێڵه‌كانی ناكۆكی
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

وه‌ك چۆن بڕینی رێگه‌ی سه‌خت‌و دژوار ئه‌گه‌ر دوورییه‌كه‌ی هه‌رچه‌ند بێت له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، بێگومان شه‌ڕو ئاشوب‌و ناكۆكی قوڵ‌و درێژمه‌وداش له‌هه‌ڵه‌یه‌كی بچووكه‌وه‌ (كه‌سێك یان گروپێك ئه‌نجامی بدات) سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ دواجار ئاگری ناكۆكییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌و به‌هێز ده‌بن، به‌سه‌دان دانا كۆنترۆڵ ناكرێت.
هه‌رێمی كوردستان له‌قۆناغی ئێستادا به‌دۆخێكی سه‌یردا گوزه‌ر ده‌كات، خه‌ڵك هێشتا دڵنیا نییه‌ مووچه‌ی پێده‌درێت یان نا، له‌لایه‌كی تریش رێكه‌وتنی هه‌ولێرو به‌غدا هێشتا ئاسۆی روونی نییه‌و هه‌رێم له‌قه‌یراندایه‌و قه‌رزێكی زۆریش له‌سه‌رشانی حكومه‌ت كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، گرفتی ئاوو كاره‌باو نان‌و خاك‌و سنوورو زۆر پرسی تریش هێشتا وه‌ك خۆیانن‌و هاووڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌چاوه‌ڕوانیدان تاوه‌كو حكومه‌تی نوێ بتوانێت ئه‌گه‌ر هه‌مووشی نه‌بێت به‌شێكیان به‌چاره‌سه‌ر بسپێرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا هێشتا كه‌سانێك یان گروپێكی دیاریكراوی ناو لایه‌نێكی سیاسی ئامانجیانه‌ دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ی هه‌یه‌ زیاتر به‌ره‌و نائارامی په‌لكێش بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی ئه‌م خواسته‌یان هه‌یه‌ هه‌موو چه‌شنه‌ كارێك ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی كه‌شی نائارام‌و دۆخی ناجێگیر له‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وانه‌ گوێ به‌وه‌ ناده‌ن كه‌ هه‌رێمی كوردستان‌و دامه‌زراوه‌كانی به‌چی ده‌گه‌ن‌و چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌ ده‌گات به‌چی؟ كه‌ هه‌رخۆی ده‌یان‌و سه‌دان كێشه‌و گرفتی هه‌یه‌.
له‌پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ تا ده‌گات به‌پرسی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك‌و یه‌ك لیستی و یه‌ك هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كه‌ركوك‌و به‌غدا، هه‌مووی خواستی یه‌كێتییه‌و بێ پشوو ئه‌و حزبه‌ كاری له‌پێناویدا كردووه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك لایه‌نی كوردستانی وه‌ك ئه‌وه‌ی خاوه‌نی هه‌موو سه‌روه‌رییه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌بن، بێباك‌و بێهه‌ڵوێست هه‌ر رۆژه‌ی گرفتێك‌و هه‌ر هه‌فته‌ی قه‌یرانێك ده‌كه‌ن به‌به‌رۆكی ئه‌م وڵاته‌ شه‌كه‌ت‌و ماندوو و هیلاكه‌دا.
گرفتی ئه‌م قۆناغه‌ له‌پاڵ ناجێگیری دۆخی هاووڵاتیان‌و ناسه‌قامگیری له‌قوت‌و ژیانی كوردستانیاندا، به‌شێكی تری گرنگی موزایه‌ده‌و فرۆشتنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی كوردانه‌یه‌ به‌خه‌ڵكی تر، ئه‌وانه‌ی ئێستا خۆیان وه‌ك خاوه‌نی به‌شێكی گرنگی وتاری نه‌ته‌وه‌یی وێنا ده‌كه‌ن، كه‌مترین واجبیان به‌رامبه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی پیشانداوه‌، هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی به‌دروشم كار له‌پێناوی جوڵاندنی هه‌ستی تاك‌و شه‌قام ده‌كه‌ن‌و خۆیان به‌خوڵقێنه‌ری ده‌ستكه‌وت‌و نه‌خشه‌ڕێی داهاتووی گه‌یشتنی كوردیش ده‌زانن به‌مافه‌كانیان، ئه‌گه‌ر بارته‌قای ئه‌وه‌ ته‌نها بۆ چه‌ند جارێكیش له‌ لوتكه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌ هاتبانه‌ خواره‌وه‌و واقعییانه‌و له‌پێناوی كوردستاندا كاریان كردبا، هه‌رگیز هیچ كاتێك له‌به‌رده‌رگا ئاشوب‌و ناكۆكی به‌دی نه‌ده‌كراو هه‌موو ساتێ له‌بیری ئه‌وه‌دا نه‌ده‌بووین كه‌ ده‌بێت به‌یانی چی تر ببێته‌ باسی رۆژێكی نوێ‌و ده‌ستپێكی قه‌یرانێكی تری خوڵقێنراو.
گرفتی ئێستای حوكمڕانیی كوردی له‌باشوور به‌شێكی گرنگی په‌یوه‌سته‌ به‌خواستێك كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن ئامانجیانه‌ وه‌ك خاوه‌نی هه‌موو كوردستان خۆیان وێنا بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌یه‌ن، هێشتا نازانن هیچ كه‌سێك به‌ته‌نها خاوه‌نی هه‌موو كوردستان نییه‌و ئێستاش واقعێك له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ كه‌ هێشتا جوگرافیا حوكم ده‌كات، ئه‌م ئه‌گه‌رو پێشهاته‌ نوێیانه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌مووان له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دابوون ئه‌م حكومه‌ته‌ كه‌ (ئێستا یه‌كێتی دونیایه‌ك تێبینی له‌سه‌ر شێوازی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌یه‌ كه‌ له‌مه‌ركه‌زدا گیریخواردووه‌)، ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ تاوه‌كو چیتر كه‌سانێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هێڵه‌كانی ناكۆكی ره‌نگڕێژ نه‌كه‌نه‌وه‌و چیتر به‌ناوی جیاجیاو دواتریش به‌پۆزشێكی لاواز هه‌وڵی په‌رده‌ پۆشكردنی رووداوه‌كان نه‌ده‌ن، چونكه‌ مێژوو ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه‌، حیكمه‌ت له‌چاره‌سه‌ری دوای قه‌یراندا نییه‌و دانایی ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانێك كه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تمه‌دارو خاوه‌نی روئیاو دونیابینی جیاواز خۆیان پیشان ده‌ده‌ن، رێگری له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ قه‌یران دروست نه‌بێت، چونكه‌ كاتێك قه‌یران له‌دایك بوو، ئه‌وه‌ زۆر پرسی تر كه‌ سه‌رجه‌میان وابه‌سته‌ی سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كه‌ن، به‌جۆرێك ئاگر به‌رده‌ده‌نه‌ ده‌ستكه‌وت‌و كۆی ئه‌زموونه‌كه‌ش، كه‌ كۆنترۆڵكردنی ئه‌سته‌مه‌. بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گرنگه‌ یه‌كێتی كه‌ وه‌ك هێزێكی گرنگ‌و خاوه‌ن پێگه‌ بوونی هه‌یه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی به‌و ئاراسته‌یه‌دا بێت كه‌ رێگری له‌وه‌ها بۆچوونێك بكات‌و له‌هه‌مانكاتیشدا له‌ قۆناغی كۆتایی‌و به‌ناچاری وه‌ك خۆی وه‌ڵام بداته‌وه‌.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
کاروان ئەحمەد عبدالرحمن
شادمان مەلا حەسەن
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ