بیروڕا
یەك پاكێج و سێ پرسی گرێدراو
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
بە پێچەوانەی پێش بینیەكانەوە چاوەرواندەكرێت پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم كاتی زیاتری پێویست بێت، خاڵی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتیش وەك دوولایەنی گرنگ و پێكهێنەری حكومەتی داهاتوو،كە دواجار هەر ئەم دوولایەنە سیاسیەش نەخشی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دیاریدەكەن، بەدیاریكراوی پەیوەندی بە بونی تیڕوانینی جیاواز هەیە بۆ قۆناغەكە، كە پارتی مەبەستیەتی هەرێم و داهاتووی بەرێوەبردنی جومگە گرنگەكانی، بەتەنها یەك پاكێجبێت بۆ گفتوگۆ و پرسی كەركوك و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و بەغداش هەر یەكەیان لە چوارچێوەی پاكێجی جیاجیادا مامەڵەیان لەگەڵدابكرێت.
لە بەرامبەر ئەمەشدا یەكێتی كە بۆ ئەم قۆناغە دوا پەیامی بە پارتی و لایەنەكانی تریش گەیاندووە كە شەراكەتی راستەقینە دەبێت بكرێتە بنەما، بەتایبەتیتریش بە وەفدی باڵای پارتیشی راگەیاندووە، داهاتووی هەرێم و پرسی كەركوك و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و بەغداش هەموویان دەبێت وەك یەك پاكێجی هاوبەش گفتوگۆیان لەبارەوە ئەنجامبدرێت و لەو چوارچێوەیشدا یەكێتی پرۆژەیەكی گرنگی نیشتمانی ئامادەكردووە و لەهەر كۆبوونەوەیەكدابێت لە هەولێر یان سلێمانی دەیخاتە بەردەم وەفدی پارتی و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو جۆرە ئامادەكاریەكی كردووە.
لەراستیدا ئەوەی یەكێتی داوای دەكات و پێداگری لەسەر دەكات پەیوەستە بەداهاتوو كورد بە گشتی،چونكە ناكرێت حكومەتێك لە هەرێم سەرپێ بكەوێت، بەڵام شارێكی گرنگی وەك كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تریش لەناو گێژاوی ئەمرۆ و سبەیدا بمێننەوە، لەكاتێكدا بە یەكڕیزی كورد دەتوانرێت ئەم شارە كوردستانیە بگەرێندرێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبردنی كورد خۆی وەك ئەوەی لە رابردوو هەبوو. 
لە هەمانكاتیشدا ناشێت كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پێك بهێندرێت، بەڵام هێشتا كورد لە بەغدا یەكدەنگ نەبێت و وەفدی پارتی ئامادەی هەرچەشنە سازشێك بێت لە بەغدا، تەنها لە پێناو ئەوەی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی یەكێتی خاوەنی وەزارەتێك نەبێت و ئەمەش وەك خاڵی بەهێز و دەسكەوتی گرنگ وەسفبكات بۆ خۆی، كە رێگری یان ئاستەنگ دەخاتە بەردەم ئەوەی كوردێك لە كابینەی نوێی حكومەتی عیراقدا وەزارەتێكی تر وەربگرێت، لەكاتێكدا پرسی داهاتووی هەرێم و چۆنیەتی بەرێوەبردنی داهاتووی كەركوك و بەغداش هەموان گرێ دراوی یەك چارەنووسن و بەبێ هەریەكێک لەم پرسانە لاسەنگی بۆ پرۆسەی سیاسی دروست دەبێت و كورد ناتوانێت لەم قۆناغەدا سەركەوتوو بێت.
كۆكردنەوەی پرسەكانی كەركوك و بەغدا و داهاتووی بەرێوەبردنی هەرێم، كە دواجار لەوێنە گشتیەكەیدا پرۆسەی سیاسی كوردە لە باشوور لەناو وڵاتێكدا كە كورد تا ئەم ساتەش مەحكومە بەمانەوە تیایدا، نەخشەرێیەكی گرنگی یەكێتیە بۆ داهاتووی چارەسەری سەرجەمی كێشەكان، زۆر گرنگە یەكێتی وەك چۆن ئێستا هەموو پرسەكانی وەك یەك پاكێج خستۆتەروو، بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر ئەم نەخشەرێیەش نەكات، چونكە ئەكەر بۆلایەنی تری كوردستانی كەركوك و ناوچە جێناکۆکەکان گرنگ نەبێت، ئەوا بۆ یەكێتی كەركوك و ناوچەكانی تری كێشە لەسەر،كرۆكی پرسێكی گرنگە كە چەندین ساڵە یەكێتی لەپێناویدا بێ وچان كاری كردووە، بۆیە ناكرێت داهاتووی كەركوك، وەك پرسێكی هەڵواسراوی ناڕوون بمێنێتەوە لە پێناوی ئەوەی بڵێن بە زووی توانرا حكومەتی هەرێم پێكبهێندرێت.
ئەگەرچی واقعی سیاسی هەرێم لە ئێستادا بە جۆرێكە،كە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم ئەوەندە كارێكی ئاسان نییە ،كە هێزێكی سیاسی وەك براوە خۆی نیشانبدات و هەندێک پۆست و ئیمتیاز ببەخشێتەوە و چۆنی بوێت بەم جۆرە رەنگرێژی دابەشكاری پۆستەكان بكات، چونكە جگەلەوەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بە تەنها نابێت پاكێجێك بێت و ئەوانی تریش پاكێجی جیاجیا كە ئەمە خواستی سەرەكی یەكێتیە، كە وەك یەكێک لە ئاستەنگەكانی بەردەم حكومەتی نوێ دەبینرێت.
لە هەمانكاتیشدا یەكێكی تر لەو ئاستەنگانەی كە بە گەورەیی دەبینرێت، ئەو قەناعەتەیە كە لای پارتی هەیە،كە پێی وایە چونكە خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانیە، دەبێت خۆی چۆنی پێ باش بێت و چی بۆ داهاتووی حیزبەكەی گرنگە هەرئەوە ئەنجامبدرێت، لە كاتێكدا ئەم قەناعەتە لەگەڵ واقعی سیاسی هەرێم یەكانگیرنییە و داهاتووی پرۆسەی سیاسی هەرێم هەر بە تەنها بە خواستی لایەنێكی دیاریكراو نابێت و كۆی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە داهاتووی كوردەوە دەبێت لەناو یەك فایل و بە یەك پاكێج گفتوگۆیان لەبارەوە ئەنجامبدرێت،كە ئەمە خواستی یەكێتیە و هەر ئەمەش رێگا دروستەكەیە كە هەموو ئەوانەی خەمی داهاتوویانە، بە گرنگیەوە لێی دەڕوانن.
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ