بیروڕا
چیم دیت له‌ بازگه‌كانى هه‌ولێر
ئاری عومه‌ر


نازانم بۆ ناونیشانى ئه‌و كتێبه‌م بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ناوی "چیم دیت" چیرۆكى سه‌رگوزشته‌ى زه‌مه‌نێكى پڕ ئاشووبی عێراق ده‌گێڕێته‌وه‌، من رێك وه‌ك ئه‌و، دوێنێ ئه‌وه‌ى له‌ بازگه‌كانى هه‌ولێر بینیم، دوباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌مان چیرۆكه‌و ده‌بێت هه‌مان ناونیشانیش به‌كاربهێنمه‌وه‌ كه‌ "چیم دیت"ه‌، به‌ڵام ئه‌وجاره‌ له‌ناو جوگرافیاى هه‌رێم‌و له‌ناو دڵى پایته‌خت‌و له‌و بازگه‌و زاڵگانه‌ى بۆ راوه‌ تیرۆرست‌و خه‌ڵكى تۆمه‌تبار دروستكراوه‌، نه‌ك بۆ ته‌سفیه‌كردن‌و به‌ ئامانجگرتنى كادرانى حزبی ركابه‌ر.
دروشمى رۆژگارێكى رۆژنامه‌ى ئاسۆ، بریتیی بوو له‌ یه‌كخستنى نه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها دروشم بوو، چونكه‌ به‌ كرده‌وه‌ دابه‌شبوون‌و په‌رتبوون ریزى بزووتنه‌وه‌ى كوردایه‌تى‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان نیشانیدا نه‌ك نه‌ك تواناى یه‌كخستنى كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز نییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌ماى بچووكتریش كوردبون‌و باشووری بوونیش یه‌كخستنى ئاسان نییه‌، ئاخر خۆ ئه‌و نه‌فه‌س‌و دنیابینییه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كاتێكى زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و نه‌فه‌سه‌ كوردایه‌تییه‌دا زاڵبوون، هیچیان بۆ هاونیشتمانى‌و هاوخه‌باتى‌و هاوچاره‌نوسیش نه‌هێشتۆته‌وه‌.
من دوێنێ له‌ هه‌ولێر بووم، ئه‌و شاره‌ى بۆمن پایته‌خته‌، شوناس‌و ناسنامه‌ى ئه‌و فۆڕمه‌ له‌كوردبوونه‌یه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ چنگى عێراق ده‌ربازی بكه‌ین، ئه‌و جوگرافیایه‌ كه‌ ده‌مانه‌ویست به‌ پشتیوانى ریفراندۆم بیخه‌ینه‌ ناو ئه‌تڵه‌سی جیهانه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ له‌دڵ‌و یاده‌وه‌ریماندا شكۆى نه‌ته‌وه‌و حوكمڕانى كوردمان تێدا پاراستووه‌، به‌ڵام زاڵگه‌كانى ئه‌و شاره‌، بازگه‌كانى ئه‌وێنده‌ر، له‌جێگه‌ى ئه‌وه‌ى به‌گوڵ پێشوازى له‌ هاونیشتمانییه‌كانیان بكه‌ن، به‌ زمانى شیرین وه‌ك ئاكاری به‌رزى هه‌ولێرییانه‌ بكه‌ونه‌ خزمه‌ت میوانیه‌كانیانه‌وه‌، له‌برى ئه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى دڵ‌و روویان به‌رووى هامۆشۆكه‌رانى ئه‌وێدا بكه‌نه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌موو ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌كانه‌وه‌، ته‌نها له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى پێناسی حزبیم نیشانى بازگه‌كه‌دا، دنیایه‌ك سوكایه‌تى‌و بێحورمه‌تى، نه‌ك هه‌ر به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م كرا، به‌ڵكو به‌ خۆشم، ئاخر له‌كوێی دنیادا هه‌بووه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كى بنده‌ست كه‌ خه‌ون به‌سه‌ربه‌خۆیی‌و یه‌كخستنى نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه‌ ببینێت، ئه‌وه‌نده‌ هێزه‌كانى كورت بیربكه‌نه‌وه‌، له‌سه‌ر پێناس‌و ناسنامه‌و شوناس‌و ئینتیما سوكایه‌تى به‌ هاونیشتمانییه‌كانى خۆیان بكه‌ن.
ئه‌وه‌ خه‌مێكه‌ ناچارمان ده‌كات ئیدى به‌ ناسنامه‌ى یه‌كێتییه‌وه‌، گه‌شتكردن بۆ هه‌ولێر وه‌ك گه‌شتكردن بۆ ئه‌سته‌مبوڵ‌و ئه‌نقه‌ره‌‌و تاران‌و دیمه‌شق ته‌ماشا بكه‌ین‌و پێش ئه‌وه‌ى بچین، تكا بكه‌ین روبه‌ڕووى سوكایه‌تى نه‌بینه‌وه‌.
‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
حاكم قادرحه‌مه‌جان
شاڵاو ئەحمەد
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ