بیروڕا
‎رابه‌رسازیی له‌ شۆڕشی رۆژئاڤادا، پتر له‌ مه‌زڵوم كۆبانییه‌ك
ئاری عومه‌ر

‎شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان ته‌نها به‌و دیوه‌یدا مه‌زن نییه‌ كه‌ جه‌نگاوه‌رو مێرخاسی گه‌وره‌ى له‌روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى داعش‌و چه‌ته‌كانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامی دروستكردووه‌، هه‌ر به‌و لایه‌نه‌دا گرنگ نییه‌ كه‌ توانیوویه‌تى شه‌رڤانى ئازاو به‌جه‌رگ له‌به‌رامبه‌ر سوپا ناتۆكه‌ى توركیا له‌پێشی پێشه‌وه‌ى سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری بخاته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ته‌نها له‌و ره‌هه‌نده‌شه‌وه‌ مه‌زن نییه‌، كه‌ ژنى له‌ زیندانى ماڵ‌و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هێنایه‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌و كردییه‌ به‌ براندی ئازایی‌و نه‌به‌ردی، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌نها به‌و فه‌لسه‌فه‌ سیاسییه‌ش په‌یوه‌ست نییه‌ كه‌ توانى هه‌موو پێكهاته‌كان له‌سه‌ر خوانى نیشتمان به‌ یه‌كسانى كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌و دیوه‌شه‌وه‌ گرنگه‌، كه‌ له‌پرۆسه‌ى رابه‌رسازییدا توانى مۆدێل‌و فۆڕمى رابه‌ری ته‌قلیدى تێبپه‌ڕێنێ، به‌و مانایه‌ى كه‌ چیدیكه‌ له‌ رۆژئاوا، ئه‌و مێژووه‌ دوباره‌ نه‌بۆوه‌، كه‌ سه‌ركرده‌و رابه‌ری هه‌موو سه‌رده‌م‌و هه‌موو قۆناغه‌كان له‌ناو جه‌سته‌ى ئه‌و شۆڕشه‌ بخاته‌وه‌و بیانكاته‌ بار به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی رۆژئاواوه‌.
‎له‌راستیدا له‌به‌هاری عه‌ره‌بی سوریاوه‌، له‌وكاته‌وه‌ى شۆڕشی رۆژئاواى به‌هاری كورده‌كان، پێ به‌ پێ به‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كى جوداتر له‌ به‌هاری عه‌ره‌بی هه‌ڵده‌كشێ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵكشانه‌شدا قۆناغ به‌ قۆناغ سه‌ركرده‌و رابه‌رو كه‌سایه‌تى به‌پڵیك‌و گرنگ له‌دایك ده‌بن‌و هه‌ریه‌كێك له‌و كاره‌كته‌رو رابه‌رانه‌ى به‌رهه‌مى شۆڕشه‌كه‌ له‌سه‌ركردایه‌تیكردنى ئه‌و شۆڕشه‌ ده‌بنه‌ براندی جیهانى، ئه‌و مۆدێله‌ له‌ رابه‌رسازیی به‌ پێچه‌ونه‌ى خه‌باتى رزگاری نشتیمانى ناوچه‌كه‌و پارچه‌كانى تری كوردستانیشه‌وه‌یه‌، چونكه‌ مۆدێلى باو له‌و مێژووه‌دا هه‌میشه‌ دروستكردنى سه‌ركرده‌و رابه‌ری هه‌میشه‌یی بووه‌، كه‌چی له‌ رۆژئاوا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ (ساڵح موسلیم) ده‌ست پێده‌كات، بۆ (موسا)ی كۆبانێ‌و (نه‌سرین) كه‌ له‌كۆشكى ئه‌لیزێ به‌پۆشاكى سه‌ربازییه‌وه‌ پێشوازی ده‌كرێ‌و تاده‌گاته‌ (پۆڵات جان)‌و (ئاسیا عه‌بدوڵڵا)‌و ئێستاش خۆرى (مه‌زڵوم كوبانێ) له‌نێو رای گشتى جیهانى‌و  كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا ره‌ونه‌ق ده‌داته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى رۆڵى هیچ یه‌كێك له‌و كاره‌كته‌رانه‌ په‌راوێزخرابێت.
‎ئه‌و پرۆسه‌ رابه‌رسازییه‌ى رۆژئاواى كوردستان‌و شۆڕشه‌كه‌ى ده‌یكات، تایپێكى نوێی شۆڕش‌و به‌رخودانه‌، خوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێیه‌ بۆ سه‌رخستنى خه‌باتى قۆناغی رزگاری نیشتمانى، چونكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ ئه‌گه‌ری به‌ ئامانجگرتنى ئه‌و رابه‌رو كه‌سایه‌تیانه‌ش، دواجار ئه‌و شۆڕشه‌ هه‌م ده‌توانێ له‌سه‌ر پێی خۆی بمێنێته‌وه‌و هه‌میش له‌ توانایدایه‌ سه‌رله‌نوێ كاره‌كته‌ری به‌هێزو به‌ توانا جارێكى تر بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنى بزووتنه‌وه‌ سیاسیه‌كه‌ بخاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ ستراتیژه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى رۆژئاواى كوردستان كه‌ رژێمى توركیا له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌میشه‌ روبه‌ڕووى شكست ده‌بێته‌وه‌.
‎له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، میدیاى توركیا‌و كاربه‌ده‌ستانى له‌نێو كۆڕو كۆمه‌ڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ماوه‌یه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رووى میدیایی‌و سه‌ربازیی‌و هه‌موو رێكاره‌كانى تر مه‌زڵوم كوبانى به‌ ئامانج بگرن، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ى ئۆردۆگان بۆ ئه‌مه‌ریكا‌و دیداری له‌گه‌ڵ ترامپ جگه‌ له‌كه‌یسی (فه‌تحوڵڵا گوله‌ن)، كه‌یسی (مه‌زڵوم كۆبانێ)ش بوو، ئه‌وه‌ش له‌پای ئه‌و كاریگه‌رییه‌ى كه‌ مه‌زڵوم له‌سه‌ركردایه‌تی تێكشكانى له‌شكركێشییه‌كانى توركیا هه‌یبووه‌، ئێستا ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ سه‌ربازیی‌و سیاسییه‌، له‌پاش په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانى له‌گه‌ڵ ترامپ‌و كۆنفرانسه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری روسیا‌و سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ باشوورى كوردستان، رۆڵێكى میحوه‌ری ده‌بینێ، ئه‌وه‌ش توركیاى له‌ بایه‌خى هه‌م ئه‌و كاره‌كته‌ره‌و هه‌میش شۆڕشه‌كه‌ توشی شۆك كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ده‌شێت هه‌موو رێگایه‌كى تر تاقی بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى خه‌باتى رۆژئاوا له‌هه‌مووان جیاده‌كاته‌وه‌، ئه‌و رۆڵه‌یه‌تى له‌ رابه‌رسازیی‌و دروستكردنى سه‌ركرده‌، كه‌ بێگومان توركیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هه‌ر ده‌بێت به‌ ده‌سته‌وه‌ستانى بمێنێته‌وه‌.
‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
حاكم قادرحه‌مه‌جان
شاڵاو ئەحمەد
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ