بیروڕا
كۆماری پۆپجی!
ئاری عومه‌ر
كه‌نعان مه‌كیه‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ مێژووى عێراق‌و سته‌مكاری سه‌دام ده‌نوسێت، كتێبه‌كه‌ى ناو ده‌نێت كۆماری ترس، ئێستاش كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقی قۆناغی ترس‌و سڵه‌مینه‌وه‌و سته‌مكاری تێپه‌ڕاندووه‌، ئیدى به‌شێك له‌ ده‌سته‌بژێری سیاسی عێراقی، قۆناغى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، به‌ كۆماری پۆپجی ناوده‌به‌ن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى كه‌ له‌سایه‌ى مۆدێلی حوكمڕانى مه‌زهه‌بی‌و ئاینیی هیچ ده‌رفه‌تێكیان بۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌، كه‌ له‌سایه‌ى ئه‌و فۆڕمه‌ له‌ ده‌وڵه‌تداری ژیان بكه‌ن، له‌به‌رئه‌و پرۆسه‌ى ناونانه‌شه‌، كه‌ ده‌شێت هه‌ڵكشانى خواسته‌كانى شه‌قام له‌ خۆپیشاندانه‌كانی عیراق، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، وه‌ك دیوێكى راسته‌قینه‌ى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ ته‌ماشا بكه‌ین، كه‌ سیاسه‌ت‌و ده‌وڵه‌تداری وه‌ك یاری پۆپجی‌و ئه‌وانى دیكه‌ ته‌ماشا بكه‌ین.
له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵكشان‌و به‌رزبوونه‌وه‌ى خواسته‌كان ‌و وه‌رگۆڕانى ویسته‌كانى شه‌قام له‌ چاكسازى‌و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ بۆ زۆر پرسی دیكه‌، به‌لاڕێدابردنى ویستى خه‌ڵكى ناڕازی بۆ كێشمه‌كێشی سیاسی نوێ‌و دڕدۆنگى ناوخۆیی‌و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ده‌رده‌دڵه‌ مێژوویی‌و ئاینییه‌كان، هه‌مووى له‌ رواڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌و قۆناغه‌ن، ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ى كه‌ عێراق‌و پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌ى به‌هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنى شه‌قامى شیعه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت پرسی ده‌وڵه‌تداری بكه‌نه‌ پرسێكى گشتى‌و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر دابه‌ش بكه‌ن.
له‌راستیدا له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادی عێراقه‌وه‌، ئیدى قۆناغى حوكمڕانى سوننه‌ له‌ عیراق كۆتاییهاتووه‌، شیعه‌كان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و مێژووه‌ درێژه‌ له‌ده‌ستچووه‌ى عێراق سه‌رقاڵى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرفتى بۆ ئه‌و تایپه‌ له‌حوكمڕانیه‌ مه‌زهه‌بیه‌ى شیعه‌كان دروستكردووه‌، ناكۆكى ناوخۆیی‌و شه‌ڕكردنه‌ له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تى مه‌زهه‌بی، هاوكات دروستبوونى حه‌شدى شه‌عبیش وه‌ك پێویستییه‌كى مه‌زهه‌بی بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى داعش ‌و پاشانیش به‌شداریكردنى ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هاوكێشه‌ى ناو ئاراسته‌ شیعه‌كانى گۆڕیووه‌و چانسی مانه‌وه‌ى ئه‌و مۆدێله‌ مه‌زهه‌بیه‌شی به‌ كۆتاهێناوه‌، ئێستاش ئه‌و شه‌ڕه‌ ئاینیی‌و پاوانخوازییه‌ مه‌زهه‌بیه‌ى كه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ رواڵه‌تى شۆڕشی وه‌رگرتووه‌، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ سواربوونى ئه‌و شه‌پۆله‌ى كه‌ ده‌شێت جكه‌ له‌ ده‌ستى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان، ئه‌جێنداى ته‌یارو ئاراسته‌ مه‌زهه‌بییه‌كانى ناو ماڵى شیعه‌شی تێدابێت. به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ى ئه‌و نیگه‌رانییه‌ گشتییه‌ ده‌بێته‌ خۆپیشاندان‌و وه‌ك شۆڕش وێنا ده‌كرێت، ئیدى نه‌وه‌ى پۆپجی، وه‌ك نه‌وه‌یه‌كى بێ ئه‌زموون له‌ مۆدێلى حوكم‌و پێكهاته‌كانى عێراق، ئیدى ده‌شێت ئاراسته‌ى شته‌كان بگۆڕێت.
له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ قه‌یرانى حوكم له‌ عێراق، قه‌یرانێك نییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جۆری ده‌ستووره‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستووره‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى خواستى گۆڕینى ده‌ستوورو په‌یڕه‌وكردنى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى‌و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ یاساى پارته‌ سیاسییه‌كان‌و گۆڕینى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان‌و لاوازكردنى كیانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌ستن به‌و مۆدێله‌ له‌ئه‌جێنداى هه‌واڵگری‌و شه‌ڕى نێو ئاراسته‌ مه‌زهه‌بییه‌كانى عێراق، ئه‌وه‌نده‌ گرێدراوى خواستى شه‌قام نییه‌، به‌ڵام چونكه‌ عیراق‌و پایه‌كانى ده‌وڵه‌تداری له‌وپه‌ڕى لاوازیدایه‌، ئیدى چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ش بكه‌ین، پشكى ئه‌و شه‌ڕه‌ ئێمه‌ش بگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى له‌ به‌ڵاى ئه‌و فۆڕمه‌ له‌ نه‌وه‌ى پۆپجی ناو سیاسه‌تى عێراق‌و هێزه‌ مه‌زهه‌بییه‌كانیش ده‌مانپارێزێ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كگرتوویی‌و یه‌كده‌ستى‌و یه‌ك گوتارییه‌، به‌و رێگایه‌ هه‌م خۆمان ده‌پارێزین‌و هه‌میش ئاینده‌یه‌كى باشترمان ده‌بێت.

ئەگەر چی ناکرێت لەپال کورەی ئاگردا بیت و پریشکت بەر نەکەوێت!!!
‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ