بیروڕا
دەرس لە ڕوداوەکانی شیلادزێ
مستەفا محەمەد
      لە پێشهاتێکی نوێدا ،  هاوڵاتیانی شیلادزێ و دێرەلوک لەدەڤەری ڕێکان و ئامێدی  گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ڕێکخست  ، وەک کاردانەوەیەکیش لەدژی بۆردومانەکان و تۆڵەیەکیش لە بەرامبەر ڕژانی خوێنی ڕۆڵەکانیان ، هەڵیانکوتایە سەر یەکێک لە بنکە سەربازیەکانی تورکیا و سوتاندیان ، لەبەرامبەریشدا سوپای تورکیا بە مەنتقی هێز وڵامی خۆپیشاندەری دایەوە ، ئەنجام زیانی گیانی و ماڵی لەم ڕوداوە کەوتەوە.
      لەدوای ڕوداوەکەش وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانی خۆی نەشاردەوە و یاداشتێکی ناڕەزایی دایە کونسوڵی تورکیا لە عێراق، هاوکات لە هەرێمیش حزب و لایەنە سیاسیەکان هەریەکەیان بە جیا ڕاگەیەنراویان بڵاوکردەوە و هاوخەمیان بۆ قوربانیان و نیگەرانیشیان لە هێرش و پەلامارەکان دەربڕی ، جیاواز لەلایەنەکانیش حکومەتی هەرێم بەیاننامەیەکی دەرکرد و ڕایگەیاند ده‌ستى گێره‌شێوێن له‌ پشت ئه‌و روداوانه‌وه‌ هه‌یه‌، وە ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانیشی ڕاسپارد تا به‌ وردى لێكۆڵینه‌وه‌ لە هۆكارانى پشێوىەکە بکا و بەڵێنیشی داوە کەگێره‌شێوێنان سزا بدا.
     سەرچاوەی ڕوداوەکە هەر باکگڕاوندێکی هەبێ  ، ئەنجام یەک ڕاستی بەدەستەوە دەدا ئەویش کاردانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنیە لەدژی کردە سەربازیەکانی تورکیا و ململنێکانی لەگەڵ هێزێکی کوردیی کوردستانی باکور کە چەقی یەکلایی کردنەوەی ناکۆکیەکانیان خزاندۆتە پێگەیەکی جوگرافی هەڵەوە و چەندین ساڵە هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە و تەواوی کوردستانیانی باشور سوتماک و قوربانیە سەرەکیەکەن.
      بەدڵنیاییەوە نیگەرانیەکانی هاوڵاتیانی بێ چەک و خاوەن ماڵ و فرە قوربانی  ، ڕەوایەتیەکی نیشتمانی و مرۆڤکردی هەیە کە دەکرێ لە جێی ڕەخنەبارانکردنی بکەرانی ئەو خۆپیشاندانانە و دەرکردنی بەیاننامە و دانانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دژیان ، بگەڕێین بەدوای چارەسەرێکی ڕیشەیی قەیرانەکەدا ، کاتی هاتوە (هەرێم و بەغدا ) بەیەکەوە بە هەردوو تەڕەفی ناکۆک بڵێین ئێوە لەجێگەیەکی هەڵە تەسفیەی حساباتی خۆتان دەکەن ، فەرموون گۆڕەپانی شەڕەکەتان ببەنەوە دیوەخانی خۆتان ،  چونکە حزورتان لێرەدا نامۆیە و هەر ناو و ناویشانێکتان هەڵگرتبێ  مەترسین لەسەر هەیبەت و بەرژەوەندیەکانمان ،  وە ماکی بەردەوام بوونی ڕژانی خوێنی بەناحەقی ڕۆڵەکانمان لەئەستۆی ئێوەدایە.
        لەبنەڕەتدا تەواجودی سەربازی تورکیا لەخاکی عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە ڕێکەوتن لەنێوان عێراق و تورکیا ڕەوایەتی پێ دراوە ، بۆئەوەی ئەم ڕەوایەتیە نەهێڵرێ بەدور لە موزایەدەی سیاسی ئیجاب دەکا هەموو حزبە کوردیەکان  بە تێفکرینی هاوبەش و  یەکگرتوو بەشداربن لە دروستکردنی بەرەیەکی تۆکمە لەناوهێڵی گشتی لایەنە سیاسیەکاندا بۆ دامەزراندنی دەستەیەکی سەرکردایەتیەکی حەکیم و ڕەشید تا بە بەرپرسیارێتیەوە لەگەڵ پێشهاتەکاندا مامەڵە بکا و بتوانێ لە قازانجی نەتەوەییماندا لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا خۆی بگونجێنێ ئەمە لەلایەک ؛ لەلایەکی تریشەوە ئەم سەرکردایەتیە هاوبەشە کوردستانیە پێویستە ڕایەڵەکانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا لەهەر کاتێک زیاتر بەهێزتربکا.
      بۆ هەنگاوی بەپەلەش نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق وەک بەدیلی شەرعی ئەم قۆناغە لە فەڕاغی پەرلەمانی کوردستاندا کە ئێستا دەستەکەی هەڵنەبژێردراوە ، پڕۆژەیاسایەک ئامادەبکا و بیخاتە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق تا لەڕووی یاساییەوە حکومەتی فیدڕاڵی ناچار و مولزەم بکا بە پێداچوونەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا ، وە گڕێبەست و پەیماننامەکانیشی لەگەڵیاندا هەموار بکاتەوە .
      دەبێ هاوزمانەکانیشمان لەوە تێ بگەن دەوڵەتانی دەوروبەر لە دۆخە سیاسیەکانمان ، ململانێ ناوخۆییەکانمان ،  دابەشبوونی لایەنەکانمان بەسەر چەند تەوەجوهێکی دژیەکدا و کاڵبوونەوەی هەستی نیشتمانی و وەلائی کوردپەرەوەرییماندا سوودمەندی یەکەمن ، بەداخەوە خۆمان بیانویان دەدەینە دەست کە شوناسی نەتەوەییمان ، ماف و دەربەست و ئازادیەکانمان ، بونیادی مەعریفی و ژێرخانمان بەتەواوی هەڵتەکێنن و لەقازانجی ستراتیژی داگیرکاری خۆیاندا تەوزیفی بکەنەوە  ، حەقیقەت کاتی هاتوە کە بە ئەم بێ دەربەستیەی خۆشماندا بچینەوە بەجۆرێک دەبێ لەجیاتی ئەوەی بینە دەلیلی شەڕ و ماڵوێرانی و کاولکاریی ، هەوێنی ئاشتی و تەبایی بین ، وە بەرپرسیارانە لەگەڵ دەسکەوتە وەدیهاتوەکانی کوردستانی باشور مامەڵە بکەن و وەک دەسکەوتی خۆیان بیبینن و پارێزگاری لەمانەوە و گەشەسەندنی بکەن ، کە ئەو دیدگا نەتەوەییە هاوبەشە هەبوو  ، ساناتر دەتوانین دەست لەسەر برین و ناتەوایەکانمان دابنێن و لە سەیرکردنی وێنەگشتیەکەشدا ئاییندەمان بێ ڕتوشتر نەزەرکەین!.
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د

بیروڕا

زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ