بیروڕا
ڕیفراندۆم بیانوێک بۆ هەڕاجکردنی نیشتمان
مستەفا محەمەد

     ساڵێک بەر لە ئێستە بە بەرچاوی دونیاوە پلانێکی هەرێمایەتی بۆ لەبەریەک هەڵتەکاندنی ئەو دەسکەوتانەی کورد بەخوێن لە کەرکوک و ناوچە کوردیە کێشە لەسەرەکان بەدەستی هێنابوو جێ بەجێ کرا و بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە خرانەوە ڕکێف و قەڵەمڕەوی ڕاستەوخۆی حکومەتی عێراق.هۆکار و بەرئەنجامی ئەو ڕوداوە نەخوازراوانە زۆرن و تا ئێستاش دەشێ بوترێ کە هەندێ ڕاستی وەک چۆن پێویستە بۆ ڕای گشتی ڕوون نەکراونەتەوە ، بەڵکو ئەوەی هەبووە لە چوارچێوەی تۆمەتدا قەتیس ماون و لەنێوان لایەنەکاندا تل دەخۆن.
     ڕاشکاوانە بەهێزترین بیانو بۆ پاشەکشەپێکردنی ناچاریی کورد لەو ناوچانە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو ، ئەم بیانوە وەک کارتێکی بێ بەرهەمی سوتاو ئاسۆی تەنگژە سیاسیەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستانی وەک دوو تەڕەفی دژ بەیەک زیاتر هەڵکشاند و لە لێواری تەقینەوەی سەربازی نزیکتری کردنەوە ، هاوکات دەروازەکانی داگیرکاریشی بۆ حکومەتەکەی عیبادی خستە سەر گازەرای پشت !
     ڕاستیەکەی بێ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و تۆمەت بەشینەوە ڕوون بوو کە کورد لەزمەیەکی سیاسی و مێژووی گەورەی  بەدەستەوەداوە و عینادی سیاسیی لە لوتکەی دەسەڵاتەکەشی وای کرد پەیامی ڕونی وڵاتانی زلهێز هەزم نەکرێ بۆئەوەی بە ووردبوونەوە لە هەلومەرجە تایبەتیەکە ، کات و شێوازی بە ئەنجام گەیاندنی ڕاپرسیەکەدا لەقازانجی چارەنوسی داهاتویی میللەتێکدا تەوزیفی بکاتەوە ، ئەمەش وەک باجێکی گەورەی کەمەرشکێن لەدژیدا بەکار هات و پرسی ڕوداوەکانی دوای ڕیفراندۆمیش لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا بە شەئنێکی بچوکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵکرا و هیچ دەنگێکی ناڕەزایی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش بۆ ڕێگری لە پلانی گەڕانەوەی دەسەڵاتی تەواوی مەرکەز چ بە دانوستان یا چ بە حوکمی عەسکەر نە بینرا و نە بیسترا!
       هەر بۆیە سەرکردایەتی کورد لە پێشیشیانەوە مەسعود بارزانی گەیشتبونە ئەو بڕوایەی کە کار لەکار ترازاوە ، جگە لە بەڕێوەبردنێکی هاوبەشی بێ ئاشوب و پاشەکشەیەکی بە بەرنامەی کورد لە هەندێ ناوچەی بەدەستهاتوو لە جەنگی دژی داعشدا بۆ نەڕشتنی خوێن و لادانی کاولکاریی لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسی ڕاستەوخۆش لەسەر هەرێم هیچی تر لەبەر دەست نەماوە ، بۆئەمەش کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە دوکان و ئامادەکردنی ڕەشنوسی ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ناوەند دا  بەحزوری سەرۆک کۆمار کەتیایدا بە ئاشکرا ئاماژە بە هەڵپەساردنی ئەنجامەکانی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە سەرکردەکان بێ دەست بردن بۆ چەک دەیانتوانی دەستەجەمعی لەقازانجی میللەتەکەیاندا هەنگاوی گەورە و گرنگ بهاوێژن .
       بەڵام بەهۆی بڕیاری نامەدروسی تاک لایەنانەوە بەدور لە ڕێکەوتنەکان بۆ خۆ بێ بەری کردن لە ئاکامەکانی دوای کشانەوە ، بە پلانی تورکیا و هاوبەشی لایەنێکی کوردیی ،  دۆزی ڕەوای میللەتێک خرایە مەترسیەوە و  لەم کات و ساتە ناسکەدا ئایندەی ژیانی کوردستانیانی ئەو ناوچانە بێ ئەرزش کرا ، پاڵەوانێتیەکانی پێشمەرگە و قوربانیە زەوەندەکانی لەتێکشکاندنی بەرەی تیرۆریزمی جیهانیدا بە حەجمی خۆی لەبەر چاو نەگیرا ، وە  پاڵپشتی و متمانەدان بە کورد لە ئیدارەدانی چارەنوسی خۆی وەک نەتەوەیەکی بەش خوراو لە مەحفەلە نێودەوڵەتیەکان بۆ چەند دەیەیەکی تر لەجیاتی بەرەو پێشچوون ، چوەوە دواوە!
     بەداخەوە لەدوای ئەو ڕوداوانەش ، هێشتا لەجیاتی سود بینین لەو هەڵانە هەندێ لایەن بە دەستی ئەنقەست و لەڕێی ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستیەکان لەهەوڵی خۆشکردنی ئاگری شەڕی تائیفی و قوڵکردنەوەی ململانێکاندان ، لەکاتێکدا دیسانەوە تاکە چارەی قەیڕانەکان لەو ناوچانە هەر دانیشتن و  دانوستانە لەگەڵ حکومەتی پێشبینیکراوی عێراق تا لە کارنامەی خۆیدا ئاسایی کردنەوەی دۆخی نەخوازراوی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان بچەسپێنێ ،   گومانیشی تێدانیە بە گەڕانەوەی شەرعیەتی یاسایی و جێگیرکردنەوەی پێشمەرگە تا بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵیدا دۆخی ئەمنی و ئیداریی بۆ پێش ڕوداوەکانی مانگی ئۆکتۆبەری پارساڵ بگێرێتەوە بەرجەستە دەبێ.
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ