بیروڕا
٦ی نیسان كوردیك وه ك سه رۆك كۆمارى عیراق هه ڵبژیردرا
سەعدی ئەحمەد پیرە


6/4/2005بۆ خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکان بەگشتی وهێزی پیشمەرگە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەتی رۆژێکی مێژوویی گەورە بوو، رۆژێک کە پێشمەرگەیەکی دێرین ، ماندوو نەناس ، تێکۆشەرێکی رێگای کوردایەتی ، سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتوو ، رۆژنامەنوس و مافپەروەرێکی بەرز و بوێر بوو بە سەرۆک کۆماری عیراقی فیدراڵ .
 
ئەو پیاوەی کە چەندین جار ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بەتایبەتی حیزبی عسی سەردەمی (سەدام حوسێن) لێبوردنە گشتییەکان تەنها لە سەرۆک مام جەلال نەدەبورا ، ئەو تێکۆشەرەی کە هەمیشە ببووە هەوێنی چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکانی کوردستان و ناو عیراق بەگشتی .
 
ئایەتوڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق بەرێز مام جەلالی بە (صمام الامان )ی عیراق ناوبرد ، سەرۆک مام جەلال بە حوکمی پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی جێگای متمانەی زۆر پادشا و سەرۆکی دەوڵەتە عەرەبییەکان و ناوچەکە بوو ، تەنانەت ئەوانەشی کە لەگەڵ بەڕێزیان ناکۆکیشیان هەبوو بەڵام رێزیان لە بۆچوونەکانی سەرۆک مام جەلال دەگرت .
 
سەرۆک مام جەلال لەگەڵ هەڤاڵەکانی ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان هەوێنی یەکخستنی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بوو دوایش لە کاتی بوونی بە سەرۆک کۆمار ، کاریگەر بوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان شیعە و سونە ، هەروەها کاریگەر بوو لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندەییەکانی نێوان عیراق و ووڵاتانی دراوسێ کە لەسەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن بە سیاسەتە شەڕانگێزیەکەی تێکی دابوو ، بەم شێوەیە لە عیراقێکی شەڕانگێزەوە لەسایەی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و تیمەکەی لە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تری عیراق ، عیراق رۆڵێکی تەواوکەری بینی بۆ سەپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە .
 
سەرۆک مام جەلال لە کاتی حکومڕانی وەک سەرۆکی کۆمار کێشەیەکی دێرینی نێوان کوێت و عیراق و رەسمکردنی سنوری کوێتی مومکین کرد، دوای شەڕی نێوان ئیران و عیراق پەیوەندەییەکانی ئاساییکردەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ووڵاتی لەسەر هەموو ئاستەکان ڕێکخستەوە
 
سەرۆک مام جەلال لە پەیوەندی بەردەوام لەگەل پارێزگارەکانی عیراق بۆ ئەوەی راستەوخۆ بتوانێت کێشە و گرفتەکانیان چارەسەربکات و داخوزییەکانی خەڵکی شارەکانیان بۆ بهێنێتە دی ،  زیاتر لەو دەسەڵاتەی کە دەستور پێی دابوو جەختی لە حکومەت دەکردەوە  بۆ پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری باش بەسەرجەم پارێزگاکانی عیراق بەبێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق ، بۆیە سەرۆک مام جەلال لەلایەن هەموو عیراقییەکان گەورە و بچووک هەتا لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارە عیراقیانەی کە لەگەلیشی ساز نەبوون هەمیشە پێیان دەگوت جەنابت بۆ ئێمە وەکو زەعیم و باوک و سەرۆک کۆماریت و ئێمە تۆمان قبوڵە .
بە نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال کەلێنێکی گەورە جێما وبەداخەوە تا ئەم دەقەیەش پڕنەکراوەتەوە ، بەدڵنیاییەوە ئەگەر سەرۆک مام جەلال لە ژیاندا بمابایە رۆڵ و کاریگەری دەبوو لەسەر هەڵدان و تەشەنە کردنی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و ئەو کارەساتانەی کە بەسەر عیراق هات وە لە زۆرکێشە و قەیرانی سیاسی تر کە لە ناوچەکە دروست بوو رۆڵی کارا و سەرەکی دەگێرا لە چارەسەرکردنیان
 
(ئیریك ڕولۆ) سەرۆك مام جەلال (تەكتیكەكانی دەگۆڕان  بەڵام ستراتیجەكەی وەفاداری بوو ، بۆ بەرژەوەندی گەلەكەی  -٢٠٠٠)

ئەو پیاوەی لە بەرزاییەکانی قەندیل وەک سیاسەتمەدار و فەرماندەی پێشمەرگە ، بە پشتیوانی تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان هەنگاو بە هەنگاو هات و گەیشتە لوتکەی دەسەڵات لە کۆماری عیراقی فیدڕاڵ مام جەلال بوو
 
سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
‌‌ زیاتر ...
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ئارێز عەبدوڵڵا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ