بیروڕا
له‌ یادى 44 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ( ى.ن.ك ) یه‌كێتى بۆچى ؟
ئەنوەر ساڵح
 
    ئه‌م پرسیاره‌ 44 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ى له‌ لایه‌ن به‌ڕێز مام جه‌لاله‌وه‌ درایه‌وه‌، چونكه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌م پرسیاره‌ بۆ خۆى گرنگییه‌كى بابه‌تى هه‌بووه‌، وه‌ڵامه‌كه‌شى له‌ لایه‌نى تیۆرییه‌وه‌ نه‌خشه‌یه‌كى ستراتیژى گرنگ بوو بۆ هه‌موو تێكۆشه‌ره‌كانى ئه‌و كاته‌. بۆیه‌ به‌پێى شیكاره‌ فه‌لسه‌فیه‌ زانستیه‌كان بۆ ئه‌ركى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان داڕێژراو بوو .. بناغه‌یه‌كى فكریى و لێكدانه‌وه‌ بوو بۆ هه‌موو ڕێگاكانى خه‌بات و تێكۆشانى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان.
  وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ گۆڕانكارییه‌كى له‌ هزرى سیاسى و جوڵانه‌وه‌ى سیاسیدا درووست كرد بووبه‌ بناغه‌یه‌كى هاوبه‌شى خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدان له‌ به‌رامبه‌ر نه‌یارانى نوێخوازى و كۆنه‌په‌رستان و داگیركه‌رانى كوردستان. كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ببێت به‌ به‌شێك له‌ مێژووى نیو سه‌ده‌ى گه‌لێك، نا توانرێت ساڵانه‌ ئه‌م هێزه‌ سیاسیه‌ كه‌ خاوه‌نى ئه‌م مێژووه‌یه‌ هه‌روا سه‌رپێى گوزه‌ر بكات . 
هه‌ڤاڵان و تێكۆشه‌ران .... له‌م بارودۆخه‌ى ئێستاو دنیاو ناوچه‌كه‌و كوردستاندا زۆر گرنگه‌ جارێكى تر له‌ ژێر هه‌ژموونى ئه‌قڵ و زانستدا ئه‌م پرسیاره‌ تازه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش، یه‌كێتى بۆچى؟ یان یه‌كێتى چیتر؟ ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌مان به‌ شێوه‌یه‌كى زانستیانه‌ ده‌ست نه‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر به‌ وردى خوێندنه‌وه‌مان بۆ بارودۆخى نێوده‌وڵه‌تى و سرووشتى كۆمه‌ڵگاى كوردستان نه‌بێت. وه‌ ده‌بێت به‌ باشى له‌ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ تێبگه‌یت كه‌به‌سه‌ر زانست و ته‌كنه‌لۆژیاو ئابووریى و په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى و دنیاى سه‌رمایه‌داریى و بازاڕى ئازادو ماف و ئازادیه‌كاندا هاتووه‌ .
  بۆیه‌ له‌ قۆناغى ئه‌مڕۆدا له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌شدا ئه‌گه‌ر به‌شێك نه‌بین له‌ گۆڕانكاریه‌كان یان لایه‌نى كه‌م كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر گۆڕانكاریه‌كانى ژیان نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانین وه‌ك حزبێكى سیاسى، خاوه‌نى گوتارێكى سیاسى و نه‌خشه‌یه‌كى سیاسى بین و ڕێگاكانى خه‌بات و تێكۆشان به‌ درووستى نادۆزینه‌وه‌، وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌كه‌وینه‌ په‌راوێزى ڕووداوه‌كان. بۆیه‌ هه‌ر چۆن نه‌خشه‌ى سیاسى یه‌كێتى له‌ مێژوودا چه‌ندین قاره‌مان و داستانى درووست كرد، ده‌بێت نه‌خشه‌ى سیاسى و دیزاینى سیاسى نوێى یه‌كێتى قاره‌مانى نوێ و داستانى نوێ له‌دایك بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كان و خاوه‌نى هێزێك بین كه‌ تواناى ئاڕاسته‌كردنى كۆمه‌ڵگامان هه‌بێت. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ یه‌كێتى نیشتمانى كارێكى ئاسانه‌ چونكه‌ خاوه‌نى ئه‌زمونێكى زۆره‌ بۆیه‌ زۆر به‌ئاسانى ده‌توانێت رۆژ به‌رۆژ خۆى تازه‌ بكاته‌وه‌، نوێگه‌رى نوێ و وه‌ڵامى نوێى سیاسى و هزرى فكرى بهێنێته‌ ناو ڕێڕه‌و جۆگاكانى خه‌باتى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌وه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێتى به‌م ئه‌ركه‌ هه‌ڵنه‌ستێت ئه‌وا زۆر به‌ ئاسانى شه‌پۆله‌كانى گۆڕانكارى سست و لاواز و بێ هێزى ده‌كات. له‌و بارودۆخه‌ى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان هێزى سست و لاوازى بێ هێز ناتوانێت ئامانجه‌كانى خۆى به‌ده‌ست بهێنێت، هێشتا بارودۆخى كورد له‌ كوردستانى باشوور زۆر پێویستى به‌و ئامانج و داخوازیانه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى نیشتمانى له‌ مێژووى خۆیدا به‌رزى كردۆته‌وه‌. 
  هێشتا له‌ كوردستان بارودۆخى سیاسى به‌ شێوه‌یه‌كه‌ هێزه‌ كۆنه‌ پارێزو خێڵه‌كیه‌كان ئه‌سپى خۆیان تاو ده‌ده‌ن، هێشتا هێزه‌ ئیسلام گه‌راییه‌كان به‌ دواى ئامانجه‌كانى خۆیانه‌وه‌ن. هێشتا ماف و ئازادیه‌كان له‌ كوردستان به‌پێى یاسا ڕێك نه‌خراون. هێشتا مه‌سه‌له‌ى دیموكراسى له‌ بارودۆخێكى زۆر خراپتدایه‌، هێشتا ده‌ستاو ده‌ست كردنى ده‌سه‌ڵات له‌ ژێر هه‌ژموونى حیزبدایه‌. 
  ئه‌م ئه‌ركانه‌ به‌ لاوازكردنى (ى.ن.ك) ده‌كه‌ونه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ ده‌یان ساڵى تر دوابخرێت له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ به‌هێزكردنى (ى.ن.ك) یان بێ هێزكردنى كاریگه‌رى خۆى ده‌بێت. ده‌زانین له‌ كوردستاندا گوتارێكى ئابوورى ڕوون نیه‌ له‌ ستراتیژیه‌تى حكومدارى هه‌رێمى كوردستاندا. وه‌ هه‌ست به‌ نابه‌رامبه‌رى و نایه‌كسانى له‌ نێوان مرۆڤه‌كان ده‌كرێت وه‌ یاساى كارو سه‌رمایه‌ ڕێك نه‌خراون، وه‌ سه‌روه‌ت و سامانى سه‌رزه‌وى و ژێر زه‌وى له‌ كوردستان به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات، له‌ ماوه‌ى 27 ساڵ حكومڕانیدا ئێستاش له‌ هه‌رێمى كوردستان خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تایه‌كان ده‌سته‌به‌ر نه‌كراون. بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كێتى به‌هێزبێت تا بتوانێت هاوكارو پشتیوان و ڕابه‌ر بێت بۆ چه‌سپاندنى ئه‌م داخوازیى و داواكاریانه‌ له‌ بواره‌كانى ئابووریدا. ده‌بێت یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌هێز بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت شان بخاته‌ ژێر ئه‌و واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى كه‌ له‌ كورستاندا هه‌یه‌ تا ئێستا هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان تیره‌و عه‌شیره‌ت و خێڵ كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ڕێگرییه‌كى گه‌وره‌ى كردووه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریه‌كان. تا ئێستا ژن له‌ هه‌رێمى كوردستان مه‌حكومه‌ به‌ ئه‌قڵیه‌تى خێڵایه‌تى كۆمه‌ڵگاى كورد له‌ كوردستاندا تا ئێستا بابه‌تى ئه‌قڵ و مه‌عریفه‌ نه‌بۆته‌ بابه‌تێكى پێوه‌ر بۆ دامه‌زراندنى به‌ڕێوه‌بردنى سیسته‌مێكى سیاسى كه‌ بتوانێت مه‌عریفه‌ به‌رهه‌م بهێنێت، له‌ ژێر سایه‌ى به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ى مه‌عریفه‌دا هه‌موو گۆڕانكارى و بڕیار و گه‌شه‌كردن و سه‌ركه‌وتنێك به‌ ئاكام بگات. بۆیه‌ بۆ ئه‌م بواره‌ش یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى بێت، ده‌بێت (ى.ن.ك) به‌هێز بێت تا بتوانێت به‌ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رى هه‌بێت له‌سه‌ر گۆڕینى ئه‌م ئه‌قڵیاته‌ى كه‌ له‌مپه‌رن له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریه‌كاندا، هێشتا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا دام و ده‌زگاكان به‌ شێوه‌یه‌كى یاسایى درووست دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردان ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ ناكات . هێشتا په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و دادوه‌رى له‌یه‌ك جیا نه‌كراوته‌وه‌، وه‌ ناتوانن به‌ شێوه‌یه‌كى ڕاستگۆیانه‌ چاودێر بن به‌سه‌ر یه‌كتریه‌وه‌، دام و ده‌زگاكان و ده‌وڵه‌تدارى پڕه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیى و نه‌هامه‌تى شێوه‌ى به‌ڕێوه‌بردن به‌شێوه‌یه‌كى زۆر دوا كه‌وتوانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، هێشتا سیسته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵى عێراق یه‌كلابكاته‌وه‌، هێشتا ناوچه‌یه‌كى زۆرى كوردستان له‌ژێر هه‌ژمونى ته‌عریبدایه‌، هێشتا مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوك و خانه‌قین له‌ چاوه‌ڕوانیه‌كى تاقه‌ت پڕوكێندان . بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ به‌هێزى بمێنێته‌وه‌ وه‌ بتوانیێت به‌شدار بێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه‌ى كه‌ یه‌كێتى نیشتمانى له‌سه‌ر بنیات نراوه‌ .
  بۆ ئه‌م لێپرسراویه‌تیه‌ مێژویانه‌ ده‌بێت یه‌كێتى به‌هێزبێت ، چونكه‌ هه‌موو ئه‌م ئه‌ركانه‌ى سه‌ره‌وه‌ به‌ هێزێكى سیاسى لاواز جێبه‌جێ ناكرێت، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێت هه‌موو ئاماده‌كاریه‌ك بكرێت بۆ گۆڕینى دیزاینى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان. ده‌بێت هێزێكى ته‌حدى بێت . ده‌بێت ڕووبه‌ڕووى هه‌موو كێشه‌كان بێته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌قڵ و مه‌عریفه‌ و زانست پێوه‌ر بێت بۆ پرۆسه‌ى سیاسى . ده‌بێت هێزێك بێت ئاماده‌بێت بۆ گۆڕانكارى و ڕابه‌رایه‌تى كردنى هه‌موو گۆڕانكاریه‌كان ده‌بێت هه‌موو ڕێگه‌ سه‌خته‌كان بگرێته‌به‌ر بۆ چاكسازى و ریفۆرم له‌ تیڕوانینى سیاسى و كارى حزبایه‌تیدا ... 
  وه‌ هه‌موو ئه‌م كارانه‌ش ده‌توانرێت به‌ ئه‌نجام بگات چونكه‌ یه‌كێتى نیشتمانى بونیاتێكى هه‌یه‌ ده‌توانێت كاراماترو به‌هێز تر بونیاتى حزبایه‌تى بنێته‌وه‌، كه‌ له‌ ئاستى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانى واقیعى ئه‌مڕۆى كوردستان و ناوچه‌كه‌دا بێت .

‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د

بیروڕا

زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ