بیروڕا
لەغیابی مام-دا هیوایەک بە هاوسەرۆکانی یەکێتی
رێبوار ستار



مێژووی کورد بە زۆر هەوراز و نشێو و سەختیدا تێپەڕبووە، هەر جارەو بەجۆرێک شۆڕشەکانی کورد‌ لەبار براوە و نەگەیشتۆتە مەنزڵ، بەڵام لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول کە بەماوەیەکی کەم  خەبات دەستیپێکردەوە و شۆڕشی نوێ چەخماخەی لێدا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  بە رابەرایەتیی هەڤاڵ مام جەلال  دامەزرا، تاکە شۆڕشی کوردە کە گەیشتۆتە ئامانج و بگرە دەرئەنجامی ئەم شۆڕشە و سەرکێشییەکانی رژێمی بەعسیش وایکرد کە راپەڕین رووبدات لە کوردستان، ئەویش هەر بەڕابەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو کە کورد بۆ یەکەمینجار بووە خاوەنی قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی خۆی کە لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە و دەریایەک خوێنی بەخشیووە. دواتر ساڵی 2003 بەهۆی سەرکێشییەکانی رژێمی بەعسەوە، هێزە کوردستانی و عیراقییەکان کە رۆڵی گەورەیان هەبوو بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانرا دڕەندەترین رژێم لەناو ببرێت، وەرچەرخانێکی گەورە رووی لە عێراق کرد و کارگەریی ئەرێنیشی هەبوو بۆ هەرێمی کوردستان. پاشان توانرا حکومەتی نوێی عیراق دابمەزرێتەوە.
ئیدی هێدی هێدی عیراق بەرەو جارێکیتر ئاوەدانی و دیمکراسی بڕوات کە بۆ یەکەمین جار بووە وڵاتێکی خاوەن دەستوورێکی دیموکراسی، کە لەمەشدا دیارە سەرۆک مام جەلال رۆڵی گەورە و کاریگەری تیدا بینی و بگرە پشکی شێری لەو وەرچەرخانە بەردەکەوێت و وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیش ئەوەیان باش دەزانی کە رۆڵ و پێگەی مام چەندە گرنگە بۆ هەستانەوەی عیراقی نوێ، بۆیە هەموو پشتیوانییان لە عیراقی نوێ دەکرد، ئەگەرچی ئەرکەکان قورس و سەخت بوون هەم لە عیراق و هەم لە هەرێمیش، بەڵام لەبەرئەوەی سەرۆک مام جەلال نەک هەر لەناو کایەکاندا بوو، بگرە کارەکتەری سەرەکیی وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕ و بنیاتنانەوەکەش بوو، دەیتوانی کێشە سەخت و ئاڵۆزەکان لەماڵ و بارەگای خۆی چارەسەربکات و رێگەچارەی گونجاوی بۆ هەموو ئاڵۆزییەکان  پێ بوو، چونکە ئەوکات لە عیراق چەندین قەیران هەبوون هەر لە کێشەی سوننەو شیعەوە تا دەگات بە کێشەی تایفی و کێشەی عەشایرەکان، کێشەی هەرێم و بەغدا، کێشەی وڵاتانی دراوسێ و لە هەمووشی سەختر کێشەی بوونی تیرۆرو تیرۆرستان بوو کە بەرۆکی عیراقی بە رووبەرێکی گەورە گرتبوو، بەڵام هەموو ئەو برینانە بەهۆی بوونی مام جەلالەوە ساڕێژ دەبوو و هەموو ئەو قەیرانانە لەوکاتەنەدا کە ئەو لە کایەکەدا رۆڵی هەبوو، ئاوەدانی باڵی بەسەر هەرێم و عیراقدا کێشابوو. هەموو کۆمپانیا گەورەکانی جیهان کێشمەکێشیان بوو تا بەشداریی لە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عیراق و کوردستاندا بکەن و رۆژ لەدوای رۆژ عیراق و کوردستان بەرەو ئاوەدانی و ئازادیی زیاتر دوڕۆیشت.
 مام جەلال لە دوو خولی سەرۆک کۆماری و ئەنجومەنی حوکمدا دەریخست کە ئەو خەمخۆر و دڵسۆزی کۆمەڵانی خەڵکی عیراق و کوردستانە، ئەگەرچی ئەو لە بەغدا بوو، بەڵام هەمیشە دڵیشی لای هەرێم بوو و درێغی لە ناساندنی هەرێم بە دنیاو پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتان و هەرێم و بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێم نەدەکرد، سەرباری ئەو ئەرکە قورسەی لەسەری بوو لە عیراقدا.
 بەڵام لەدوای نەخۆشکەوتن و دوا ماڵئاوایی مام، ئیدی رۆژ لەدوای رۆژ نەهامەتی و قەیران لەدوای قەیران و کێشە لەدوای کێشە رووی کردە هەرێم و عیراق  و وای لێهاتووە کە خەڵکانێکی زۆر تووشی نەداریی و بێ مووچەیی و سەختیی ژیان بوونەتەوە.
   هەرێم و بەغداش لەڕووی ئاوەدانی و دامەزاوەییەوە تاڕادەیەک لەشوێنی خۆیدا بووەستێت و راستترە بڵێم لەدوای ماڵئاوایی مام، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو شتەکان وەستاون، ناتەبایی لایەنەکان رێکنەکەوتن و لێک تێنەگەیشتنی لایەنەکانی کوردستان و عیراق و بەدەنگەوە نەهاتنی وڵاتانی جیهان و ئیقلیمی، دروستبوونی کێشەی گەورە لەنێوان هەولێر و بەغدا کە ئەمە کاریگەریی گەورەی لەسەر هەرێم دروستکردووە و گەیشتۆتە ئاستێک کە ئێستا بێ مووچەیی  بەسەر هەموو هەرێمدا و ناپارسەنگیی هێز لە هەرێم و ناعەدالەتی لە هەرێم باڵی  بەسەر کۆی کێشەکاندا کێشاوە، قەیرانەکان تادێن زیاتردەبن. بۆیە دەڵێم بێ مامی-یە هەتا ئێستاش هیچ سەرکردەیەکی نە عیراقی نە کوردستانیش نەیانتوانیووە هیچ نەبێ نیوەی ئەوەی مام کردوێتی، ئەو بیکات و ناشبێت، بۆیە هەموومان ئێستا بێ مامی-مان پێوەدیارە بەڵام ئێستا هیوادارم و ئومێدیشم زۆرە کە هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشوێن هەنگاوەکانی مامدا بڕۆن و درێژەش بە کاروانەکەی مام بدەن، چونکە ئێستا کۆمەڵانی خەڵک بەوپەڕی هیوا و ئومێدەوە چاوەڕوانی هەنگاوەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتین تا درێژە بە رێبازی مام بدەن و ئەو رۆڵە ببینن.
‌‌ زیاتر ...
نه‌سرین كورده‌
نه‌سرین كورده‌
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
بێستون سابوراوایی
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ