بیروڕا
دابه‌زاندنى به‌هاى دینار هه‌نگاوێكى سه‌خت له‌ كاتێكى دژواردا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
دواجار حكومه‌تى عێراق  بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه‌و دابینكردنى مووچه‌ى كارمه‌ندانى حكومه‌ت  له‌ ڕۆژى 20/12/2020 بڕیارى دابه‌زاندنى به‌هاى دراوى نیشتمانى عێراقى دا به‌ ڕێژه‌ى 20%  , به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و دابینكردنى خه‌رجى بۆ مووچه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تى و پێویستیه‌كانى خه‌ڵك .
كاریگه‌رى ئه‌م هه‌نگاوه‌
له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ى خێرادا به‌رامبه‌ر به‌ دابه‌زاندنى نرخى دینارى عێراقى   به‌رامبه‌ر به‌ دۆلارى ئه‌مریكى له‌ 1190 دیناره‌وه‌ بۆ 1146 دینار , نرخى زۆربه‌ى كاڵاو پێداویسته‌ خۆراكیه‌كانى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵك به‌رزبووه‌و, دۆخێكى پڕ له‌ نیگه‌رانى و ئاڵۆزى بۆ هاوڵاتیان خووڵقاند له‌ ڕووى ئابورى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌, سه‌ره‌ڕاى قه‌یران و گرفته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى پێشترى .
بنه‌چه‌ى ئه‌م قه‌یرانه‌
1. ئه‌وه‌ى جێگه‌ى داخه‌و زۆرێك له‌ هێزو قه‌واره‌سیاسیه‌كان كه‌ خۆیان خوڵقێنه‌رى ئه‌م قه‌یرانانه‌ن  به‌دواى ڕه‌گوڕیشاڵى ئه‌م ده‌رده‌ كووشنده‌دا ناگه‌ڕێن , به‌ڵكو باسى هۆكارو پاساوى بێ بنه‌ماى تر ده‌كه‌ن بۆ وێڵ كردن و بولا ڕێدا بردنى هه‌ست و سۆزى  هاوڵاتیان , له‌كاتێكدا عێراق له‌ پێش ساڵى 2003 ته‌نها  (850) هه‌زار كارمه‌ندو مووچه‌ خۆرى هه‌بووه‌ به‌ وته‌ى وه‌زیرى دارایى پێشوو ,به‌ڵام ئێستا عێراق (6) ملیۆن كارمه‌ندى هه‌یه‌ , واته‌ جاران 20% بودجه‌ى وڵات بۆ مووچه‌ خۆران بوو ئێستا 100% . بنواڕن  ! چ نا هاوسه‌نگیه‌ك ڕویداوه‌ ئه‌مه‌ به‌ كێ ڕاست ده‌كرێته‌وه‌؟ 
2. داڕوخانى دۆخى ئاسایشى وڵات یه‌كێكى تر له‌و فاكته‌رانه‌یه‌ كه‌واى كردووه‌ وه‌به‌رهێنان له‌ عێراقدا نه‌كرێت , شتێكى ڕوونه‌ له‌ هه‌ركوێ ئارامى و سه‌قامگیرى هه‌بێت خاوه‌ن پاره‌و سامانه‌كان سه‌رمایه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ كاره‌وه‌  خه‌ڵكێكى زۆریش سوودمه‌ند ده‌بێت لێ یان به‌ڵام له‌ عێراق پێچه‌وانه‌كه‌ى ڕاسته‌.
3. گه‌نده‌ڵى و خراپ به‌ڕێوه‌بردن كۆسپێكى ترى به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان و بووژانه‌وه‌ى ئابورى عێراقه‌ .
4. ده‌سته‌گه‌رى و مه‌حسوبیه‌تى حزبى و ئتنیكى و تائیفى وایكردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ژماره‌ى كارمه‌ندان و مووچه‌ خۆران زۆر هه‌ڵبكشێت بۆسه‌ره‌وه‌ , بۆ كڕینى وه‌لائو ده‌نگه‌كانیان بۆ حزبه‌ سیاسیه‌كان و وه‌كو جۆرێك له‌ كرێ گرته‌یى لێبێت له‌ جیاتى خزمه‌تى گشتى و سۆز وه‌فا بۆ گه‌ل و وڵات, جگه‌ له‌ هه‌زاران ناوى وه‌همى و بندیوار له‌ لیستى مووچودا كه‌ داهاته‌كه‌ى ده‌ڕوات بۆ لایه‌نه‌سیاسیه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان .
ته‌نها ئه‌م هه‌نگاوه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌؟
هه‌رچه‌نده‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆكوه‌زیران وتى  ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كى ڕیفۆرمى قه‌یسه‌رى به‌زۆر كه‌ هیچ ئه‌ڵته‌رناتیفێكى ترمان له‌ به‌رده‌مدا نیه‌ جگه‌ له‌ داڕمانى سیستمه‌كه‌و ئاژاوه‌یه‌كى بێ سنوور , چونكه‌ ئێستا ئاكامى هه‌موو هه‌ڵه‌و كه‌موكورتیه‌كانى هه‌ڤده‌ ساڵى ڕابردوو ده‌ركه‌وتووه‌ و ئێتر ناتوانرێت و ناكرێت درێژه‌ى هه‌بێت , كازمى وتى هه‌رچه‌نده‌ له‌ حوزه‌یرانى ساڵى 2021 بۆ هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خته‌ ده‌ڕۆین و ئه‌م هه‌نگاوه‌ كاره‌ساتباره‌ بۆ من , به‌ڵام من ناخوازم به‌ خه‌ڵك پێ بكه‌نم .
بۆیه‌ هه‌نگاوى تر چاكسازى و ڕیفۆرمى زیاترو زه‌مینه‌سازى بۆ وه‌به‌رهێنانى ناوخۆو ده‌ره‌كى و به‌ گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌ ده‌ستێك له‌ ئاگرو ئاسن ,  سه‌قامگیرى و ئارامى وڵات زۆر گرنگه‌ .
له‌ كۆتاییدا له‌ ئاوا بارودۆخێكدا كه‌ كازمى وه‌كو كابینه‌یه‌كى ڕاگوزه‌ر شه‌ش مانگى له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و چاكسازییانه‌ ئه‌نجام بدات , پێناچێت ئه‌ركه‌كه‌ى ئاسان بێت له‌ دۆخێكى بارگاوى به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و ململانێ ى سیاسى توند كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌وڵى شكاندنى یه‌كتر ده‌ده‌ن نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى وڵات له‌ دۆخێكى چاره‌نووسسازى ڕوو له‌ هه‌ڵدێردا له‌ له‌ ڕووى ناوخۆی عێراقه‌وه‌.
له‌ڕووى ئیقلیمى و نێو ده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ كازمى له‌ گه‌ڵ ئیداره‌یه‌كى نوێ له‌ ئه‌مریكا  ڕوبه‌ڕوه‌ كه‌ پێناچێت عێراق له‌ دۆسیه‌ له‌ پێشینه‌كانى سه‌رۆكى نوێ بایدن بێت , جگه‌ له‌ كاریگه‌رى په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزو پڕ كێشه‌كانى ئه‌مریكاو ئێران و كاریگه‌رییان له‌ سه‌ر عێراق له‌ ڕووى سیاسی و ئابوورى و ئاسایشه‌وه‌ .
زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ كاتى سازش و موزایه‌ده‌و پۆپۆلیستى و یارى كردن به‌ هه‌ستو سۆزى هاوڵاتیانى عێراق  به‌سه‌رچووه‌ له‌م كاته‌ هه‌ستیارو ناسكه‌ى عێراقدا , به‌ڵكو وه‌لائو ئینیما بۆ وڵات و به‌رژه‌وندییه‌ باڵاكان عێراق ڕزگار ده‌كات نه‌ك شتێكى تر .

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ