بیروڕا
هێزى كرێ گرته‌ كێن ؟
بورهان شێخ ڕه‌ئوف


له‌دواى  به‌ناو  به‌هارى عه‌ره‌بى  و شه‌ڕو ململانێكانى كه‌ به‌ دواى خۆیدا هێنا ,  دیارده‌ى  پێكهێنانى میلیشیات و دروستكردنى تاقم و گروپى چه‌كدارى سه‌ری هه‌ڵدا , ئه‌ویش له‌ ئاكامى  به‌ره‌ڵایی و بێ سه‌روبه‌رى و ئه‌و ئاژاوه‌ى گه‌وره‌ى كه‌ ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه‌ , زه‌مینه‌ سازا بۆ ئه‌و تاقم و گروپانه‌ كه‌ به‌ شێوازى جیا جیا خۆیان ڕێك بخه‌ن و ببنه‌ هێزێكى ته‌حته‌ ته‌له‌ب بۆ هه‌رده‌وڵه‌تێك كه‌ پاره‌یان بداتێ یان له‌ ڕووى ئایدیۆلۆجیه‌وه‌  هاودید بن .
كرێ گرته‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن وه‌كو سه‌ربازى سایه‌و سێبه‌رى  ده‌وڵه‌تان به‌كاریان ده‌هێنن بۆ به‌دیهێنانى ئامانج و ئاواته‌كانیان , بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان به‌ دووربگرن له‌ لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى .
له‌ ساتره‌كانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كانى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین  له‌م سه‌ده‌ى بیستو یه‌كه‌دا جه‌نگاوه‌رانێكى بیانى ده‌ركه‌وتن كه‌ شه‌ڕ به‌ وه‌كاله‌ت بۆ خه‌ڵكى تر ده‌كه‌ن , كه‌ ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كه‌ له‌ زۆرێك له‌ شه‌ڕو ململانێكانى ناوچه‌كه‌دا به‌دى ده‌كرێت و پێده‌چێت بۆ قۆناغه‌كانى داهاتووش ئه‌م دیارده‌ قێزه‌ونه‌ به‌رده‌وام بێت كه‌ زه‌نگێكى مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌قامگیرى و ئارامى و ئاسایشى ناوچه‌كه‌و جیهانیش به‌ گشتى .
ئه‌و چه‌كدار و جه‌نگاوه‌ره‌ بیانیه‌ به‌ كرێ گیراوانه‌ ده‌كرێت بیانكه‌ین به‌ دووبه‌شه‌وه‌ :-
جیهادییه‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ ڕێكخراو تاقمه‌ تیرۆریستیه‌ مه‌زهه‌بى و ئاینیه‌كان سازو ئاماده‌یان كردوون و په‌روه‌رده‌یان كردوون بۆ مه‌به‌ستى خۆیان و به‌كاریان هێنان و ده‌هێنن له‌ ئاینده‌شدا به‌ پاڵنه‌رى ئایدیۆلۆجى و ده‌روونى , ئه‌مانه‌ به‌شێكى زۆرى خاكى عێراق و سوریاو لیبیاو شوێنه‌كانى ترى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین یان داگیركرد .
جۆرى دووه‌م ئه‌و چه‌كدارو جه‌نگاوه‌ره‌ بیانیانه‌ن كه‌ به‌ بۆند و گرێبه‌ست  شه‌ڕ ده‌كه‌ن , كه‌ هه‌ندێك وڵات به‌كاریان ده‌هێنن له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌و ئیغرائاتدا كه‌ كرده‌وه‌ى جه‌نگى و لۆجستى ئه‌نجام بده‌ن ,  نمونه‌ى ئه‌مانه‌ سه‌ركه‌وتن كه‌ ده‌ست بگرن به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌كانى لیبیادا .
له‌ به‌رامبه‌ر جیهادیه‌ توندڕه‌وه‌كاندا كه‌ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر ئاشتى و ئاسایش ,  هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى پێكهێنرا بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان وه‌كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ عێراق و سوریا و لیبیا ڕوویدا و له‌ناوبران , به‌ڵام ئه‌وانى كه‌ به‌ گرێبه‌ست وه‌كو كرێ گرته‌ ده‌جووڵێنرێن له‌ هه‌ركوێ پێویستیان پێیان بێت , ئه‌مانه‌ ڕه‌خنه‌ى زۆر له‌ ڕۆڵیان ده‌گیرێت له‌ به‌رئه‌وه‌ى دوورن له‌ لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى و له‌ لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌میشه‌یش به‌كاریان ده‌هێنن .
كارى ئه‌م كرێ گرته‌ گرێبه‌ستانه‌ش به‌ دوو شێوه‌یه‌ : شێوه‌ى یه‌كه‌م به‌شدارى شه‌ڕى ده‌ره‌كى ده‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ى وڵاتان وده‌ڵاڵى  كۆمپانیاكانه‌وه‌ , شێوه‌ى دووه‌میش به‌ به‌شدارى ڕاسته‌وخۆ له‌ هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆى وڵاتان وه‌كو له‌ وڵاتانى كه‌نداو .
توركیاو كرێ گرته‌كان
توركیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌موو مان شاهید بووین له‌ ڕێگه‌ى كه‌ناڵه‌ جۆراوجۆره‌كانى میدیاوه‌ كه‌ چلۆن ئه‌و به‌كرێگیراوانه‌ى ده‌گواسته‌وه‌ له‌ سوریاوه‌ بۆ لیبیا به‌ تایبه‌تى بۆ پشتیوانى حكه‌مه‌ته‌كه‌ى سیراج دژبه‌ جه‌نراڵ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر , ئێستاش به‌ هامان شێوه‌ ئه‌و هێزه‌ به‌كرێگیراوانه‌ ى گواستۆته‌وه‌ بۆ ئازربایجان بۆ ئه‌وه‌ى دژى ئه‌رمینیا له‌ هه‌رێمى نه‌گۆرنۆ قه‌ره‌باخ به‌كاریان بهێنێت .
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا توركیا نكووڵى لێ ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌رمینیاش سوودى له‌ جه‌نگاوه‌ره‌ كورده‌كان بینیووه‌  بۆ جه‌نگ و ڕاهێنان .
ئه‌گه‌ر چاوێكى خێرا به‌ م دیارده‌ قێزه‌ونه‌دا بگێڕین كه‌ گه‌لان و وڵاتان خۆیان به‌رگرى له‌ خاك و زێدى خۆیان نه‌كه‌ن و په‌نا بۆ به‌كرێگیراوو خه‌ڵكانى تر ببه‌ن , ئه‌وا ده‌بینین ئه‌وه‌ هه‌ر توركیا نیه‌ به‌ ته‌نها ئه‌م كاره‌ بكات , به‌ڵكو لیستێكى درێژ هه‌یه‌ له‌ وڵاتان به‌ تایبه‌تى عه‌ره‌به‌كانى كه‌نداو كه‌ هه‌موو متمانه‌یان به‌ هێزى به‌كرێگیراوى وڵاتانى هه‌ژاره‌ بۆ پاراستنى وڵاتاه‌كانیان .
1.كۆمپانیاى ( فاگنه‌ر ) كه‌ كۆمپانیایه‌كى ئاسایشى ڕوسی تایبه‌تى په‌یوه‌سته‌ به‌ كرملینه‌وه‌ كرێگرته‌ كۆده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ ئۆكرانیاو سوریاو لیبیا و ئه‌فریقیاى ناوه‌ندو تا ئۆگه‌ندا .
2. به‌پاره‌ى ده‌وڵه‌تى ئیمارات هه‌زاران جه‌نگاوه‌رى به‌كرێگیراوى سودانى له‌ شه‌ڕى یه‌مه‌ن و لیبیا به‌شداربوون .
3. ئێران هه‌زاران جه‌نگاوه‌رى به‌كرێگیراوى ئه‌فغانى نارد بۆ سوریا بۆ پشتیوانى به‌شار ئه‌سه‌د .
4. وڵاتانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى به‌ هۆى كه‌مى ژماره‌ى دانیشتوانه‌وه‌په‌نا بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى ترو ئاسیاوى ئه‌فریقى ده‌به‌ن بۆ هێنانى خه‌ڵكى و جه‌نگاوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ڕیزه‌كانى سوپاكانیان و هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا كار بكه‌ن .
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
بێستون سابوراوایی
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
كاروان یاروەیس
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ