بیروڕا
عه‌ره‌ب و یه‌هود له‌ دوژمنه‌وه‌ ده‌بن به‌دۆست ؟
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌گه‌رچى یه‌كه‌م ڕێككه‌وتنى ئاشتى له‌ نێوان میسر و ئیسرائیل له‌ ساڵى 1979 ئیمزا كرا به‌ناوى ڕێككه‌وتننامه‌ى   (كامپ دیڤید ) له‌ لایه‌ن ( ئه‌نوه‌ر سادات ) ى سه‌رۆكى ئه‌وكاتى میسر و( مناحیم بیگن ) ى سه‌رۆك وه‌زیرانى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلى ئه‌وكات  به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى ئه‌وساى ئه‌مریكا (جیمى كارته‌ر ) , كه‌ ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ى زۆرى به‌ دواى خۆیدا هێنا كار گه‌ییه‌ ئه‌وه‌ى میسر له‌ كۆمه‌ڵه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌ربكرێت و هه‌موو وڵاتانى عه‌ره‌بى و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك وڵاتى ئیسلامیش په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌كانیان له‌ گه‌ڵ میسر بقرتێنن .
له‌ دواى ئه‌وه‌ش ئیسرائیل  ڕێككه‌وتنه‌كانى ئۆسلۆ له‌ گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌كان و ڕێكه‌وتنى وادى عه‌ره‌به‌ له‌ گه‌ڵ ئوردن و ئه‌م ڕێككه‌وتنانه‌ى ئه‌م دواییه‌ له‌ گه‌ڵ ئیمارات و به‌حرین به‌ست ,
ئه‌وه‌ى گرنگه‌ به‌لامه‌وه‌ و مه‌به‌ستمه‌ باسى بكه‌م و بیوروژێنم  به‌ كورتى له‌م وتاره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ڕێككه‌وتننامه‌و په‌یماننامه‌و پرۆتۆكۆلاتى فه‌رمى ده‌توانن كێشه‌و قه‌یرانێكى قووڵى فره‌ ڕه‌هه‌ندى وه‌كو كێشه‌ى عه‌ره‌ب _ ئیسرائیل چاره‌سه‌ر بكه‌ن ؟
كێشه‌یه‌ك حه‌فتاودوو ساڵه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌ و سێ شه‌ڕى گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا له‌ ساڵه‌كانى 1948 و 1967 و 1973 ڕویداوه‌و   هه‌موو عه‌ره‌ب له‌ كه‌نداوى عه‌ره‌بیه‌وه‌  تاوه‌كو ئۆقیانووسى ئه‌تڵه‌سى  خه‌ڵكى یه‌هوود و ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل به‌ دوژمنى زایۆنیزم ناو ده‌به‌ن و له‌ هه‌موو پرۆگرامه‌كانى خوێندنیاندا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌و وا به‌ ئاسانى له‌ بیره‌وه‌رى گشتى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بدا ناسڕێته‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا سه‌رۆكى ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ كه‌ كه‌ متر له‌ دوو مانگى ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى خوولى دووه‌مى سه‌رۆكایه‌تى  , ده‌خوازێت به‌م ڕێككه‌وتنه‌ خێراو په‌له‌ په‌لانه‌ له‌ نێوانى ئیسرائیل و وڵاتانى كه‌نداو باڵانسى ده‌نگه‌كانى به‌رز بكاته‌وه‌ بۆ خوولى دووه‌مى سه‌رۆكایتیه‌كه‌ى له‌لایه‌ن یه‌هووده‌كانى ئه‌مریكاوه‌و سوود له‌ پێگه‌و توانا  داراییه‌كانیان وه‌ربگرێت .
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب له‌ به‌رامبه‌ر پشتیوانى ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ڕوسیا و زۆرێكى تر له‌ وڵاتانى جیهان له‌ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل له‌ هه‌موو كۆڕو كۆبونونه‌وه‌و مه‌حفه‌له‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا , هه‌ست به‌ پشتگوێخستن و زوڵمێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن , وه‌كو ده‌رئه‌نجامێكى ئه‌و ناهه‌وسه‌نگیه‌ ئه‌و هه‌موو ڕه‌وته‌ جیهادی و تیرۆریستى و توندو تیژه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌ له‌ ناو هه‌ناوى كۆمه‌ڵگاى عه‌ره‌بیدا كه‌ له‌ هه‌موو كونو كه‌له‌به‌رێكى ئه‌م جیهانه‌ به‌دى ده‌كرێت , نمونه‌ زۆرن هه‌ر له‌ ڕوداوه‌كانى 11 سبتمبه‌ره‌و له‌ ئه‌مریكا تاوه‌كو ده‌یان  و سه‌دان كرده‌وه‌ى تیرۆریستى خۆكوژى له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانى جیهان له‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ ئاسیا و ئه‌فرییقیا و ئوسترالیا و...تد .
له‌ مانگى ئابى رابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئیمارات و ئیسرائیل ئاسایى كرایه‌وه‌ , دواتر باسى ڕێككه‌وتنى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ و ئیسرائیل به‌ گه‌رمى  هاته‌ ئاراوه‌  به‌هۆى چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه‌ :-
په‌یوه‌ندى نزیكى شازاده‌ى جێنیشین موحومه‌د بن سه‌لمان له‌ جارید كۆشنه‌رى زاواى تره‌مپ و ئه‌ندازیارى سه‌وداى سه‌ده‌  و خودى تره‌مپ .
دیدى شازاده‌ موحه‌مه‌د بۆ گۆڕینى سعودیه‌ له‌ وڵاتێكى  كۆنزێرڤاتیڤه‌وه‌ بۆ وڵاتێكى نوێ سه‌رده‌میانه‌وه‌ و نوێ و كراوه‌.
دروستكردنى جه‌مسه‌رێكى به‌هێز له‌ نێوان سعودیه‌و ئیسرائیل  كه‌ هه‌ردووكیان دۆستى ئه‌مریكان دژ به‌ ئێران .
كه‌چى سه‌ره‌ڕاى ئه‌و فاكته‌ره‌ به‌هێزانه‌ش به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ بۆ پرۆسه‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى سعودیه‌ و ئیسرائیل هاتنه‌ پێش ,له‌لایه‌ن خودى مه‌لیك سه‌لمان پادشاى وڵاته‌وه‌ به‌ گوێره‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى دزه‌ییان كردووه‌ بۆ میدیاكان شا سه‌لمان وتوویه‌تى ئێمه‌ خاوه‌نى ده‌ستپێشخه‌رى خاك به‌رامبه‌ر به‌ ئاشتین كه‌ دوو ده‌یه‌ به‌ر له‌ ئێستا كۆمه‌ڵه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بیش به‌ فه‌رمى  پێشتیوانیان كرد , كه‌ ئیسرائیل له‌ خاكه‌ داگیركراوه‌كان پاشه‌كشه‌ بكات به‌رامبه‌ر به‌ ئاشتى و ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان  یان به‌ڵێن بدات كه‌ پاشه‌كشه‌ بكات له‌ داهاتوودا , به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ واته‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى خۆڕایى و بێ به‌رامبه‌ر خیانه‌ته‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى  فه‌له‌ستین به‌ ڕاى فه‌له‌ستینیه‌كان .
بۆیه‌ عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ له‌ ڕووى قه‌واره‌و پێگه‌و ژماره‌ى دانیشتووانه‌وه‌  زۆر جیاوازه‌ له‌ به‌حرێن و ئیمارات , جگه‌ له‌وه‌ى حیجاز لانه‌كه‌ى ئایینى ئیسلام و شوێنى هه‌موو مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كانى ئیسلامه‌وخۆى به‌ خاوه‌ن و ده‌مڕاستى هه‌موو موسڵمانانى جیهان و كێشه‌كانیان ده‌زانێت , بۆیه‌ له‌ ئێستادا و به‌ زیندویه‌تى شا سه‌لمان گرێدانى په‌یوه‌ندى له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل كارێكى سانا نیه‌ , بۆیه‌ پێده‌چێت له‌ سه‌رده‌مى شازاده‌ موحه‌مه‌د دا ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بێته‌ دى كه‌ خاوه‌نى دنیابینى نوێیه‌ كه‌ ده‌خوازێت عه‌ره‌بستان بكاته‌ هێزێكى ئیقلیمى به‌هێز و كاریگه‌ر به‌ هاوپه‌یمانێتى له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسرائیل .
له‌ كۆتاییدا هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك ئاماژه‌ به‌دى ده‌كرێن له‌ لایه‌ن میدیاكانى سعودیه‌و و پیاوانى ئایینى  ئه‌و وڵاته‌وه‌ كه‌ باسى دوژمنى زایۆنیزم ناكه‌ن و میدیاكان باسى هۆلۆكۆست ده‌كه‌ن , به‌ڵام وه‌كو گه‌واهیه‌كیش بۆ وته‌كانى سه‌ره‌وه‌ م له‌ سه‌ر په‌روه‌رده‌و هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب ,  ئاكامى ڕاپرسیه‌كى په‌یمانگاى واشنتۆن بۆ سیاسه‌تى ڕۆژهه‌ڵاتى دوور كه‌ له‌ عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ ئه‌نجامیانداوه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو كه‌ زۆربه‌ى زۆرى سعودیه‌كان دژى ئاسایى بوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى وه‌رزشى و بازرگانین له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل ته‌نها 9% لایه‌نگرى ئاسایى كردنه‌وه‌ن له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل .
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
بێستون سابوراوایی
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
كاروان یاروەیس
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ