بیروڕا
ئه‌مریكاو ئێران له‌ ده‌مه‌قاڵه‌و تویته‌وه‌ بۆ به‌ریه‌ككه‌وتن
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رۆكى ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ فه‌رمانى دا كه‌ هه‌ر به‌له‌مێكى سه‌ربازى ئێرانى نزیك بێته‌وه‌ له‌ كه‌شتیه‌كانیان له‌ ئاوه‌كانى  ناوچه‌ى كه‌نداو ئاگربارانى بكه‌ن و له‌ناوى ببه‌ن , ئه‌مه‌ش له‌ دواى هه‌فته‌یه‌ك له‌ نزیك بوونه‌وه‌ى  11 به‌له‌مى  سوپاى پاسدارانى شۆڕشى ئیسلامى ئێران  هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ كه‌شتیه‌ جه‌نگیه‌كانى ئه‌مریكا   به‌ دوورییه‌كى زۆر كه‌م .
ناكۆكیه‌كان هه‌ڵده‌كشێن سه‌ره‌ڕاى  بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ هه‌ردوو وڵاتى ئه‌مریكا و ئێران  تا ڕاده‌یه‌كى زۆر به‌تایبه‌تى ئه‌مریكا كه‌ ئێستا له‌ یه‌كه‌مى لیسته‌كه‌دایه‌ بۆ تووشبوون و مردن , هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆر شوێنى تر به‌ هۆى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ شه‌ڕو ململانێكان خاوبوونه‌ته‌وه‌ .
له‌ ئاوا بارودۆخێكدا كه‌ ئێران گیرۆده‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌ نه‌گریسه‌یه‌ و قوربانى زۆریشى هه‌یه‌  بارودۆخى وڵات  شڵه‌ژاو و ناله‌باره‌ به‌هۆى گه‌مارۆ و سزاكانى ئه‌مریكاوه‌ كه‌چى یه‌كه‌م مانگى ده‌ستكردیان به‌ سه‌ركه‌وتوویى هه‌ڵدایه‌ بۆشایى ئاسمان و ئه‌گه‌ر پێشتر ده‌یان گووت كه‌ بۆ مه‌رامى سه‌ربازى نیه‌ به‌ڵام ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ مه‌به‌ستى به‌رگرى و سه‌ربازییه‌ .
هه‌ر ئه‌مه‌ش واى له‌ تره‌مپ كرد كه‌ دواى بڵاو بوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ تویتێكدا بنووسێت كه‌ فه‌رمانى به‌ هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانى ئه‌مریكا كردووه‌ له‌ كه‌نداو كه‌ هه‌ر به‌له‌مێكى سوپاى پاسداران نزیك بووه‌وه‌ لێیان له‌ناوى ببه‌ن .
له‌ به‌رامبه‌ریشدا فه‌رمانده‌ى گشتى سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى ئێران فه‌رمانى دا به‌ هێزه‌كانى كه‌ وه‌ڵامى هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و په‌لامارێك بده‌نه‌وه‌ كه‌  بكرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانیان ئه‌م ئاماژانه‌ ئه‌گه‌ر بچنه‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ ئه‌وا نه‌ك ناوچه‌ى كه‌نداو هه‌موو ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕێكى كاولكار كه‌ ساڵانێكه‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ئێران و ئه‌مریكا به‌ هاوپه‌یمان و بریكاره‌كانیانه‌وه‌ خۆیانى بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن .
به‌ڵێ ئه‌و كات ئاكام و كاریگه‌رییه‌كانى له‌ گه‌ڵ كۆرۆنادا ئه‌م ناوچه‌ ده‌كاته‌ قوربانیه‌كى ترى جه‌نگى به‌رژه‌وندى و ملهوڕى هێزه‌ به‌رژه‌وندخوازو چاوچنۆكه‌كان كه‌ هیچ دیارییه‌كیان بۆ مرۆڤایه‌تى پێ نیه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕو ماڵوێرانى .
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا بنتاگۆن داواى ڕوونكردنه‌وه‌ى له‌ كۆشكى سپى كردووه‌ ده‌رباره‌ى تویته‌كانى سه‌رۆك تره‌مپ , كه‌ باس له‌ به‌ ئامانج گرتنى به‌له‌مه‌ ئێرانیه‌كان ده‌كات , له‌ به‌رئه‌وه‌ى سه‌رۆك تره‌مپ  بابه‌ته‌كه‌ى به‌ ڕوون و ڕاشكاوانه‌ له‌ تویته‌كه‌ید ا یه‌كلایى نه‌كردۆته‌وه‌ , هه‌رله‌ به‌ر ئه‌وه‌شه‌ هێزى ده‌ریایى ئه‌مریكا داواى ڕوونكردنه‌وه‌ى له‌ بنتاگۆن كردووه‌ و ئه‌وانیش داواى ڕوونكردنه‌وه‌یان له‌ كۆشكى سپى كردووه‌ .
بۆ یه‌ له‌ ئێستاشدا ڕاو سه‌رنجێكى دى خۆى قووت كردۆته‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و هه‌واڵیه‌كان  ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ تره‌مپ بۆیه‌ له‌م كاته‌دا ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌وروژێنێت  كه‌ نرخى نه‌وت زۆر دابه‌زیووه‌ , به‌مه‌ش كه‌ ته‌نگه‌ى هورمز و كه‌نداو ببێته‌ مه‌یدان و ململانێكانى ئه‌مریكاو ئێران ئه‌وا نرخى نه‌وت خێرا به‌رز ده‌بێته‌وه‌ هه‌رواش ده‌رچوو له‌ دوو ڕۆژى ڕابردوودا نه‌وت له‌ 15% نرخه‌كه‌ى به‌رزبووه‌و ه‌ .
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ