بیروڕا
ئاگربه‌سێكى مێژووی له‌ ئه‌فغانستان
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
دواجار  ڕۆژى 29  شوباتى 2020 له‌ ده‌وحه‌ى پایته‌ختى قه‌ته‌ر  سه‌ركرده‌كانى بزوتنه‌وه‌ى تالیبان و نوێنه‌رى ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ئاگربه‌ستێكى مێژوویى گرنگیان واژۆكرد ,  بۆ كۆتایى هێنان به‌ جه‌نگێك  كه‌ نۆزده‌ ساڵه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌ , ده‌روازه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌ بۆ دانوستانى ئاشتى بێگومان پڕ له‌ دڕك وداڵه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌رۆك تره‌مپ هه‌رله‌ سه‌ره‌تاى ده‌ست به‌كاربوونى و پێشتریش له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌  به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى دابوو  , كه‌ كێشه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ گه‌ڵ كوریاى باكور ,  كۆتایى هێنانى به‌ شه‌ڕ له‌ ئه‌فغانستان,  كۆتاى هێنان به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى ( 5+1) له‌ گه‌ڵ ئێران , كشانه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى پاریس,  ئه‌وا هه‌موو ئه‌وانه‌ بوونه‌  كردار.
هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه‌یه‌ ڕۆژى دواى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌  واته‌ 1/3 /   2020 ڕوو له‌ ئه‌فغانیه‌كان سه‌رۆك تره‌مپ  وتى : ئه‌م هه‌له‌ى ئاشتى له‌ ده‌ست مه‌ده‌ن  ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ى تالیبان وحكومه‌تى ئه‌فغانستان  پابه‌ندبن و له‌ ئاستى به‌رپرسیارێتى دابن ئه‌وا هه‌نگاو ده‌نێین بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و كۆتایى هێنان به‌ جه‌نگ و گێڕانه‌وه‌ى سه‌ربازه‌كانمان بۆ نیشتمانى خۆمان .
له‌لاى خۆشیانه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ى تالیبان  له‌ هه‌مان ڕۆژدا فه‌رمانیان به‌ هێزه‌كانیان دا كه‌ پابه‌ندى  ئاگربه‌سته‌كه‌ بن و هیچ هێرشێك ئه‌نجام نه‌ده‌ن  تاوه‌كو له‌ گه‌ڵ دیبلۆماسیه‌ ئه‌مریكیه‌كاندا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ ده‌كرێت , هه‌روه‌ها زه‌بیحوڵا موجاهید وته‌بێژى تالیبان ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ فه‌رمان بۆ هه‌موو جه‌نگاوه‌رانى بزوتنه‌وه‌كه‌ى ده‌رچووه‌ كه‌ خۆ بپارێزن له‌ هه‌ر هێرش و په‌لامارێك له‌ پێناوى به‌دیهاتنى ئاشتى  و به‌خته‌وه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا  ,خوازیارى ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌مریكیه‌كانیش پابه‌ند بن  به‌ به‌ڵێنه‌كانى كاتى وتو ێژو ڕێككه‌وتنه‌كه‌ , له‌لایه‌كى تره‌وه‌ نیگه‌رانى بزوتنه‌وه‌كه‌ى پیشاندا له‌ هه‌مبه‌ر فڕینى فڕۆكه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌سه‌رناوچه‌كانى بنده‌سه‌ڵاتى تالیبان .
زه‌مینه‌ له‌باره‌ بۆ ئاشتى ؟
له‌ بارودۆخێكدا كه‌ ئه‌مریكا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ده‌ڕوات له‌ كۆتایى ئه‌مساڵدا ,  دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئێستا به‌ نیازى خۆ كاندیدكردنه‌وه‌یه‌ بۆ خولى دووه‌ مى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا , بۆیه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ گرنگه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌و ڕاكێشانى ده‌نگى ده‌نگده‌رێكى بێشومار .
له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌فغانیه‌كان هه‌رچه‌نده‌ میلله‌تێكى جه‌نگاوه‌رو كۆڵنه‌ده‌رن ,  وڵاته‌كه‌یان گۆڕستانى داگیراكه‌ران  و ئیمپراتۆریه‌ته‌كان بووه‌ به‌ درێژایى مێژوو,  به‌ڵام له‌ ئێستادا ماندوو شه‌كه‌تى شه‌ڕى درێژخایه‌نن هه‌روه‌كو كه‌سى دووه‌م له‌ بزوتنه‌وه‌ى تالیبان سیراجه‌دین  حه‌قانى له‌ وتارێكى گرنگ و پڕبایه‌خدا بۆ ئه‌م قۆناغه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ى نیورك تایمز دا به‌ ڕاشكاوى ده‌ڵێت (( هه‌مووان ماندوو بووین له‌ جه‌نگ )).
كێ سه‌ركه‌وت له‌ جه‌نگى ئه‌فغانستان ؟
بێگومان هه‌مووان سه‌ركه‌وتن له‌م شه‌ڕه‌ درێژخایه‌نه‌دا ئاشتى بۆخۆى جوانترین دیارىیه‌ بۆ  هه‌مووان بۆ ئه‌مریكیه‌كان بۆ ئه‌فغانیه‌كان بۆ تالیبان,   قازانجیان به‌ده‌ستهێنانى ئاشتى بوو , چونكه‌ شه‌ڕ سه‌د ساڵى تریش به‌رده‌وام بووایه‌ هیچ سوودێكى بۆ كه‌سیان  نه‌ده‌بوو .
كى َ دۆڕا كێ زیانمه‌ند بوو له‌م جه‌نگه‌ ؟
زه‌ره‌ر مه‌ندى یه‌كه‌م و دۆڕاوى یه‌كه‌م ڕێكخراوى تیرۆریستى ئه‌لقاعیده‌یه‌ كه‌ هه‌ر خۆى هۆكارى هه‌موو ئه‌و شه‌ڕو ماڵوێرانیه‌ بوو كه‌ به‌سه‌ر ئه‌فغانستاندا هات كه‌ ئه‌و وڵاته‌ى كردبووه‌  بنكه‌ى سه‌ره‌كى كاره‌ تیرۆریستیه‌كان و له‌وێوه‌ په‌لامارو نه‌خشه‌ى ده‌كێشا , هه‌رجاره‌ى به‌ناو و  پاساوێكه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ى له‌ ڕێككه‌وتنامه‌كه‌ى نێوان ئه‌مریكاو بزوتنه‌وه‌ى  تالیباندا هاتووه‌ بڕینى هه‌موو په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى وه‌كو ئه‌لقاعیده‌و داعش هه‌موو ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى تریش ,  نه‌ك هه‌ر به‌ڵێن به‌ڵكو كاركردنى جدى بۆ ئه‌وه‌ى خاكى ئه‌فغانستان نه‌بێته‌ بنكه‌و گۆڕپانى هیچ نه‌خشه‌و پلان و پیلانێكى تیرۆریستى دژ به‌ هیچ وڵاتێكى تر .
جگه‌ له‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندن وڵاتانى ئیقلیمیش به‌شى خۆیان زیانیان له‌م پرۆسه‌ى ئاشتیه‌ به‌رده‌كه‌وێت به‌ تایبه‌تى ئێران كه‌ دیبلۆماسیه‌تى ئه‌مریكا دۆسیه‌ى ئه‌فغانستانى به‌زیره‌كان له‌ ده‌ست ده‌رهێنان .
له‌ كۆتاییدا وتوێژو ڕێككه‌وتن گه‌لێك باشتره‌ له‌ جه‌نگ و ماڵوێرانى ئه‌گه‌ر چى كاتى زۆریش ببات , به‌ تایبه‌تى بۆ شه‌ڕێك له‌ نۆزده‌ ساڵى ڕابردوودا به‌ گوێره‌ى ئاماره‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان   له‌ نێوان 32  بۆ 60 هه‌زار ئه‌فغانى سڤیل و 1900 سه‌ربازى ئه‌مریكى كوژراون .
‌‌ زیاتر ...
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
بێستون سابوراوایی
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ