بیروڕا
لێكه‌وته‌كانى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق
بورهان شێخ ڕه‌ئوف


كوژرانى قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسدارانى شۆڕشى ئیسلامى  ئێران و ئه‌بو مهدى موهه‌ندیس جێگرى فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى عێراق له‌ 3/1/2020 له‌ په‌لامارێكى فڕۆكه‌یه‌كى  بێفڕۆكه‌وانى  ئه‌مریكى له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى  نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا بووه‌ هۆى ئاڵۆزى و گرژ بوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و عێراق تا ڕاده‌ى هه‌ڵچوون و كوڵان .
كارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ دانیشتنێكى كتوپڕو نا ئاساییدا له‌ 5/1/2020 به‌ ئاماده‌بوونى عادیل عه‌بدولمهدى سه‌رۆك وه‌زیرانى ده‌ست له‌كاركێشاوه‌و  كار به‌ڕێ كه‌ر و به‌بێ ئاماده‌بوونى دوو پێكهاته‌ى  گرنگ و سه‌ره‌كى عێراق ئه‌وانیش سوونه‌و كورد و جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ندێك لایه‌نى شیعه‌ش له‌وێ نه‌بوون , بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا بدات , داوا له‌ حكومه‌ت بكات كه‌ كۆتایى به‌ هه‌موو هه‌ماهه‌نگى و هاوكارییه‌ك له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌ركردایه‌تى ئه‌مریكا له‌ عێراق بهێنێت وداوایان لێ بكات به‌ زووترین كات خاكى عێراق به‌ جێ بهێڵن .
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاش له‌لاى خۆیه‌وه‌ نیگه‌رانى و بێ ئومێدى خۆى له‌م هه‌نگاوه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ڕاگه‌یاندو  خوازیار دووبار پیاچوونه‌وه‌ى تێداكرد , هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا ناخوازێت هێزه‌كانى له‌ عێراق بكێشێته‌وه‌ , به‌ڵكو له‌ ئاوا حاڵه‌تێكدا بیر له‌ سزادانى عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ سزاى ئابوورى زۆر قورس وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێران كه‌ ئابورى عێراق هه‌ڵده‌ته‌كێنێت .
لێكه‌وته‌كانى ده‌ركردنى هێزه‌ كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق 
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر هێزى ئه‌مریكا له‌ عێراقدا نیه‌ , به‌ڵكو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى هێزى  زۆر وڵاتى ترى تێدایه‌ و هێزى توركیاش له‌ عێراقدا هه‌یه‌ و ئێرانیه‌كانیش له‌ ڕێگه‌ى هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ حه‌شدى شه‌عبى كاریگه‌رییان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانى تر زیاتره‌ , به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێشتا سوپاى عێراق و سیستمى به‌رگرى وڵات له‌ ئاستێكدا نیه‌ كه‌ به‌رگرى له‌ ئاسایش و ئارامى و سه‌قامگیرى و سه‌روه‌رى زه‌وى و ئاسمانى عێراق بكات و , جموجووڵى تیرۆریسته‌كانى داعش تا ئێستاش له‌ زۆر شوێنى  عێراق به‌ دى ده‌كرێت , له‌وه‌ش خۆشتر نیه‌ وڵات سه‌ربه‌خۆ بێت و ده‌ستى ده‌ركى تێدا نه‌بێت و خۆى خاوه‌نى بڕیارى سه‌ربه‌خۆى خۆى بێت و مل كه‌چى هیچ وڵاتێك نه‌بیت .
یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌و لێكه‌وته‌یه‌ك كه‌له‌ ئه‌نجامى  سزادانى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ دێته‌ ئاراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ عێراق ده‌چێته‌ ژێر عاباى ئێرانه‌وه‌و و بێ به‌ش ده‌بێت له‌ هه‌موو هاوكارى و كۆمه‌كه‌كانى ڕۆژئاواو ئه‌مریكا به‌ تایبه‌تى .
بێ به‌ش كردنى عێراق له‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى كه‌نه‌وته‌ .
كشانه‌وه‌ى هه‌موو كۆمپانیا نه‌وتیه‌ ئه‌مریكى و جیهانیه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى كاره‌ستبار به‌ دواى خۆیدا بۆ عێراق ده‌هێنێت .
كۆتایى هێنان به‌و چاوپۆشى و لێبووردنه‌ كه‌ عێراق گازو غاز له‌ ئێران بكڕێت بۆ وێستگه‌كانى كاره‌با كه‌ له‌وه‌رزى هاوینى داهاتوودا دۆخى عێراق زیاتر شپرزه‌ ده‌كات .
له‌لایه‌كى تره‌وه‌جگه‌ له‌ پێگه‌ى جیۆسیاسى گرنگى عێراق ئه‌مڕۆ عێراق وڵاتێكى گه‌وره‌ى به‌رهه‌مێنى نه‌وته‌ له‌ سه‌رئاستى ئۆپێك و جیهان , ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌ به‌رده‌وام بێت و هێزه‌كانى ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانى بمێننه‌وه‌ ئه‌وه‌ عێراق ده‌توانێت كه‌ڵك له‌و سامانه‌ سروشتیه‌ى خۆى وه‌ربگیرێت و خۆى بنیات بنێته‌وه‌ و ببێته‌ وڵاتێكى گه‌شه‌سه‌ندوو .
 جگه‌ له‌ مانه‌ش مانه‌وه‌ى هێزى هاوپه‌یمانه‌كان هاوكارو یاریده‌ده‌ر ده‌بێت بۆ كۆتاییى هێنان به‌ پاشماوه‌كانى داعش و تاقم و گروهه‌ تیرۆریسته‌كانى تر , به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان بكشێنه‌وه‌ له‌ عێراق ئه‌وا عێراق ده‌بێت به‌ گۆڕه‌پانى ململانێ ىزیاترى تاقم و گروهه‌توندئاژۆكان و ئێران زیاتر هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ده‌سه‌پێنێت و سوود له‌ سامانو داهاتى عێراق وه‌رده‌گرێت .
له‌ كۆتاییدا ئه‌گه‌ر ئه‌مریكیه‌كان عێراق به‌ جێ بهێڵن  به‌هۆى كوژارانى قاسم سلێمانیه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و ئامانجه‌ى  سه‌ردار سلێمانى به‌دى دێت كه‌ ئه‌و له‌ ژیانیدا بۆى جێ به‌جێ نه‌كرا ئه‌مڕۆ به‌مه‌رگى دێته‌دى كه‌ ئه‌مه‌  قسه‌ى ناوه‌نده‌ ئه‌مریكیه‌كانه‌ , له‌ هه‌مان كاتیشدا شكستێكى سیاسى و سه‌ربازى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌گشتى نه‌ك هه‌ر له‌ عێراق .
‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
حاكم قادرحه‌مه‌جان
شاڵاو ئەحمەد
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ