بیروڕا
خۆپیشاندانه‌كانى عێراق له‌لاپه‌ڕكانى ڕۆژنامه‌ى ( احتجاج ) دا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
هه‌رچه‌نده‌ سۆشیال میدیا ڕۆڵى كاراو كاریگه‌رو ڕاسته‌وخۆى له‌ خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و تاوه‌كو باكورى ئه‌فریقیاش هه‌بوو , به‌ڵام له‌ عێراقدا كه‌ ده‌سته‌ڵاتداران تۆڕى  جاڵجاڵۆكه‌ى ئه‌نته‌رنێتیان له‌ خه‌ڵك ده‌بڕى گورزێكى گه‌وره‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكى ناڕازاى ده‌دا له‌ كاتێكدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ كرده‌وه‌یه‌كى دژ به‌ دیموكراسى و ته‌سكردنه‌وه‌ى ڕاده‌ربڕینه‌ كه‌ دژ به‌ ده‌ستوورى عێراقه‌ كه‌ ئه‌و مافه‌ى بۆ گه‌لى عێراق مسۆگه‌ر كردووه‌ .
ڕۆژنامه‌ى ( احتجاج ) واته‌ ناڕه‌زایى به‌كوردى له‌ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م بزاوته‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاى ئه‌لمه‌دا بۆ ڕاگه‌یاندن و ڕۆشنبیرى و هونه‌ره‌كان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ , ئه‌گه‌ر چى باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ڕۆژنامه‌ى كاغه‌زى ئه‌و بره‌وه‌ى جارانى نه‌ماوه‌ , له‌ هه‌مانكاتدا هێشتا خه‌ڵكێكى زۆریش تا ئێستا به‌ شه‌وقو زه‌وقه‌وه‌ ده‌ى خوێننه‌وه‌ لێ ى ده‌ڕوانن , بۆ عێراقیش كه‌ تۆڕى ئه‌نته‌رنێت هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ره‌ و حكومه‌ت وه‌كو چه‌كێكى كاریگه‌ر به‌كارى ده‌هێنێت دژ به‌ خۆپیشانده‌ران له‌به‌رئه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌م بڵاوكراوه‌ چوار لاپه‌ڕییه‌ وه‌كو ئه‌ڵته‌رنه‌تیفێكیش بۆ سۆشیال میدیا بڵاو بكرێته‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ده‌زگاى ئه‌لمدا بڵاوكراوه‌كه‌ى وا ناساندووه‌  كه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كى ڕۆژانه‌یه‌ و دۆكۆمینتى ڕاپه‌ڕینى عێراقییه‌كان ده‌كات .
له‌ ڕاستیدا  من هه‌موو ژماره‌كانى ئه‌م بڵاوكراوه‌م نه‌دیووه‌ به‌ڵام هه‌ندێك له‌ ژماره‌كانیم ده‌ست كه‌وت  به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هاوڕێ ى ڕۆژنامه‌نووسم كاك ستران عه‌بدوڵا, بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌م گه‌شتێكى خێراى  به‌ناودا بكه‌م هه‌ر له‌ مانشێت و سه‌روتاره‌وه‌ تا ئه‌و چیرۆك و به‌ سه‌رهات و ڕوداو قوربانیانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌موو چین و توێژه‌كانى ئه‌و شارانه‌و گۆڕه‌پانه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام دراون .
مانشێتى ئه‌و ژمارانه‌ ڕۆژانه‌ له‌ سه‌ر هه‌واڵه‌ تازه‌و گه‌رمه‌كانى خۆپیشاندان و گۆڕه‌پانه‌كانه‌ , پێشهاته‌ نوێكانى عێراقه‌ . وه‌كو :
1.به‌یانێك له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریره‌وده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى حكومه‌تى ( قه‌ناس به‌ده‌سه‌كان ) پێش هه‌ر گفتوگۆیه‌ك له‌ گه‌ڵ حكومه‌ت , خۆپیشاندانێكى ملیۆنى نوێ كێشانه‌وه‌ى ڕه‌وایه‌تى له‌ حكومه‌ت.
2. مانگرتنى ده‌وامى زانكۆ و خوێندنگه‌كان به‌رده‌وامه‌ (( ئه‌گه‌ر نیشتمان نه‌بێت ده‌وامیش نابێت ))
3. هێزه‌كانى به‌گژاچوونه‌وه‌ى ئاژاوه‌ گوله‌ به‌كار ده‌هێنن دژى خۆپیشانده‌ران (7) كوژراو ده‌یان بریندار له‌ چوار پارێزگا .
4. ڕێكخراوى لێبووردنى نێوه‌ ده‌وڵه‌تى : پێشهاته‌كان له‌ به‌سره‌ جه‌رگبڕن 
5. كۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ : هێزه‌ كانى ئاسایش به‌رده‌وامن له‌ به‌كارهێنانى هێزو توندوتیژى .
6. خۆپیشانده‌ران : ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانمان تاوه‌كو هه‌موو داخوازییه‌كانى گه‌ل به‌دى نه‌یه‌ت 
7. دواى ڕۆژێكى خوێناوى حاڵه‌تێكى ئیفلیجى ته‌واو باڵى به‌سه‌ر شاره‌كانى ناوه‌ڕاستو باشووردا كێشاوه‌ .
8. كۆى دوومانگ قوربانى خۆپیشانده‌ران  432 كوژراو 19 هه‌زار بریندار .
9. خۆپیشانده‌ران : داواى گۆڕانكارى بنه‌ڕه‌تى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ته‌نها گۆڕینى شۆفێر ى ئۆتومبیلى خراپ به‌س نیه‌ !!
10. هیومن رایتس وچ : داواى دادگاییكردنى نێوده‌وڵه‌تى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن خۆدزینه‌وه‌ له‌ كوشتنى خۆپیشانده‌ران هیچ پاساوێكى نیه‌ .
هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ى یه‌كه‌م ستوونێكى تێدایه‌ هه‌موو ژماره‌كان كه‌ به‌ناوى خۆپیشانده‌رێكه‌وه‌ ده‌نووسرێت ڕۆژانه‌ كه‌وه‌كو سه‌روتاریش وایه‌ كه‌ ناونیشانى سه‌ره‌نج ڕاكێش و تووڕه‌ى تێدایه‌ وه‌كو تووڕه‌ییه‌كانى شه‌قامى عێراق له‌ هه‌مبه‌ر نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و نادادپه‌روه‌رى و گه‌نده‌ڵى  به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌و له‌و ناونیشانه‌ جوانانه‌ى ئه‌م ستوونه‌ ئه‌مانه‌م بۆ هه‌ڵبژاردوون .
1. كاتێك شه‌یتان ده‌بێته‌ پاسه‌وانى ده‌رگاى به‌هه‌شت .
2. سیستانى له‌ نێوان لایه‌نگرانى و لایه‌نى سێ یه‌مدا .
3. علوج له‌ بیره‌وه‌رى عێراقییه‌كاندا ..خه‌م و گاڵته‌ وگه‌پ .
4. ڕاپه‌ڕین ڕێچكه‌كانى خۆى دیارى ده‌كات  میكانیزمى یاساى هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆن.
5. سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان به‌ ده‌ورى خۆیاندا ده‌خولێنه‌وه‌ و ئاگایان له‌ هه‌ڵچوونى گۆڕه‌پانه‌كان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان نیه‌ .
6. خۆشه‌ویستى و هاوسۆزى نێوان بازرگان و بزنسمانه‌كان له‌ گه‌ڵ  تاقمه‌ سیاسیه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كاندا .
7. كاتێك نیشتمان ده‌گرى و ڕه‌شپۆشه‌ .
لاپه‌ڕه‌كانى 2 و 3و4 پڕن له‌ وێنه‌و چیرۆك و هه‌واڵى تایبه‌ت به‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى شۆڕشى تشرین هه‌وڵده‌ده‌م هه‌ندێك وێنه‌وهه‌واڵى گرنگ و كاریگه‌رى بخه‌مه‌ڕوو بۆ خوێنه‌رانى خۆشه‌ویست .
باڵه‌خانه‌ى ڕێستوڕانتى توركى 
باڵه‌خانه‌یه‌كى چۆڵ له‌ ساڵى 2003 ه‌وه‌ هیچ كه‌سێكى تێدا نه‌بوو دواتر دواى ئه‌وه‌ى لاوانى به‌غداد له‌ 1 تشرینه‌وه‌ بڕیاریان دا كه‌ 25 تشرینى یه‌كه‌م خۆپیشاندانێكى ملیۆنى ئه‌نجام بده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى داخوازییه‌كانیان , ئه‌و ئاپارتمانه‌ كه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر گۆڕه‌پانى ته‌حریر و ئێستا ناوى ترى هه‌یه‌ وه‌كو چیاى ئوحد یان قه‌ڵاى ئازدیخوازان و له‌ هه‌موو ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ و میدیاكاندا به‌ به‌ربڵاوى ده‌نگى داوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ به‌ سیمبوڵێكى نیشتمانى گه‌وره‌ بۆ هه‌موو ئازدیخوازانى عێراق .
بۆ خۆپیشانده‌ران چوونه‌  ئه‌م باڵه‌خانه‌وه‌ ؟
وه‌كو خۆپیشانده‌ران له‌ ڕۆژنامه‌كه‌دا باسیان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌م باڵه‌خانه‌ كه‌ 12 نهۆمه‌ سه‌ره‌تا هێزه‌ كانى ئاسایش به‌كاریان ده‌هێناو له‌وێوه‌ به‌ قه‌ناس و گازى فرمێسك ڕێژ په‌لامارى خۆپیشانده‌رانیان ده‌دا بۆیه‌ ئه‌مانیش له‌ كاتى هه‌وڵدان بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ پردى سنك كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان په‌لاماریان ده‌دان ورده‌ ورده‌ چوونه‌ ناو باڵه‌خانه‌كه‌وه‌و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت كه‌ شوێنێكى ستراتیجى گرنگى هه‌یه‌ كاتى خۆیشى شوێنى یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى سه‌رده‌مى سه‌دام بووه‌ , ئێستا ئه‌م باڵه‌خانه‌ كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كى ژیانى تێدا نه‌بوو به‌ هه‌وڵى هه‌موو لایه‌ك و به‌ یارمه‌تى ڕه‌وندى عێراقى له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات توانراوه‌ ده‌ستكارى بكرێت و شانۆ و پێشانگاى هونه‌رى تێدا دروست بكرێت كه‌ هه‌موو خۆپیشانده‌ران هان بدات به‌ هه‌ستى نیشتمانى و خۆشه‌ویستى وڵات و ڕێزگرتن له‌ یاسا و سه‌روه‌ر بوونى .
دیمه‌نه‌كانى یارییه‌ كه‌ له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر 
جه‌ماوه‌ر له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر مانیان گرتووه‌ و داواى مافه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌و دروشمه‌ ساده‌و ساكاره‌ى وه‌كو داخوازییه‌كانیان دابه‌زییومه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و مافى خۆمم ده‌وێ , له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر خاڵێكه‌ ئه‌مڕۆ كه‌ ململانێ ى هه‌ردوو وڵاتى ئێران و ئه‌مریكا ى له‌ خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه‌ ململانێ ى له‌ مێژینه‌ عێراق و ئێران و شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى نێوانیان هه‌رچه‌نده‌ ئیستا نه‌وه‌ى نوێ ئه‌و شه‌ڕه‌یان نه‌دیوه‌ به‌ڵام باوك وباپیریان قوربانى و كاركته‌رى ئه‌و جه‌نگه‌ نه‌گریسه‌ بوون ته‌نانه‌ت له‌ یارى تۆپێنى نێوان هه‌ردوو تیپى عێراق و ئێراندا كه‌ عێراق بردیه‌وه‌ به‌ ڕوونى ئه‌مه‌ بینرا .
چالاكى ڕۆژانه‌ى گۆڕه‌پانى ته‌حریر
له‌ چوار چێوه‌ى ئه‌و چالاكى یه‌ به‌رده‌وامانه‌ى له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر بۆ پشتیوانى خۆپیشاندانه‌كان ئه‌نجامدران جگه‌ له‌ پاككردنه‌وه‌ى گۆڕه‌پانه‌كه‌و ڕازاندنه‌وه‌ى به‌ وێنه‌و تابلۆى جوان  و سینه‌ماو یارى تۆپێن  , ماراسۆنێكیش ڕێكخرابۆ پشتیوانى خۆپیشاندانه‌كان .
له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ چه‌ندین هه‌واڵ شرۆڤه‌و ڕاپۆرتى جۆراو جۆرى له‌ خۆ گرتووه‌ له‌ میدیا جیهانى و ئاژانسه‌ هه‌واڵیه‌ ناوداره‌كانى دونیاوه‌.
ئه‌ده‌ب و احتجاج 
چه‌ندین چیرۆك و  شیعرو وێنه‌ى شیعرى جوانى تێدایه‌ كه‌ نووسه‌ران و شاعیران بۆ پشتیوانى خۆپیشاندانه‌كان نووسیویانه‌ , جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ڕۆشنبیران ویه‌كێتى ئه‌دیبان و  نووسه‌رانى عێراق و ده‌زگاى ئه‌لمداو هه‌موو ڕێكخراوه‌ هونه‌رى و ڕوناكبیریه‌كان  ئاماده‌گى ته‌واویان هه‌یه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ چه‌ندین چالاكى جۆراو جۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن دوو ڕۆژنامه‌ ده‌رده‌كه‌ن  احتجاج و تك تك  له‌ باڵه‌خانه‌ى  ڕیستوڕانتى توركى كتێبخانه‌یه‌كیش به‌ ناوى كتێبخانه‌ى شه‌هیدانى ته‌حریر  كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كتێب به‌ خۆڕایی دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا , بۆ پشتیوانى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌و خێمه‌ تایبه‌تى به‌ خۆیان هه‌یه‌ وه‌كو بنكه‌یه‌كى گرنگ و ڕوویه‌كى شارستانیانه‌ى خۆپیشاندانه‌كان دیارن .
هه‌واڵى پرده‌كانى به‌غداد
هه‌روه‌كو له‌ هه‌واڵه‌كاندا ده‌یبیسین خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و ده‌روازه‌كانى ناوچه‌ى سه‌وز ده‌ڕۆن له‌ پرده‌كانى سنه‌ك وكۆمارى ..تد به‌رگرتنیان له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه‌ , باسى گۆڕه‌پانه‌كانى وه‌سبه‌و خه‌لانى ئه‌و چیرۆكانه‌ن كه‌ ڕۆژانه‌ ڕووبه‌رێكى زۆرى ڕۆژنامه‌كه‌یان داگیركردووه‌.
ئه‌م ڕۆژنامه‌ توانیوویه‌تى ڕوماڵێكى وردى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق بكات هه‌ر له‌ چیرۆكى تك تك ه‌كانه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ پاڵه‌وانى ئه‌م فیلمه‌ و ڕۆڵى كارایان هه‌یه‌ له‌ گه‌یاندن و فریاكه‌وتنى برینداره‌كان و سه‌رجه‌م چالاكیه‌كانى تردا .
كارى هاوكارى نان خواردنى خۆپیشانده‌ران
ده‌یان ژنى خۆبه‌خش خۆبه‌خشانه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ سه‌ره‌ڕاى هه‌موو مه‌ینه‌تیه‌كانى مێژووى خۆیان و وڵاته‌كه‌یان له‌ جه‌نگ و شه‌ڕه‌ نه‌بڕاوه‌كانه‌وه‌ له‌ گه‌مارۆى نێوده‌وڵه‌تى و شه‌ڕى ناوخۆو تائیفیه‌وه‌ كه‌چى هێشتا كه‌سانێك هه‌ن هه‌موو ئه‌وانه‌ كارى تێ نه‌كردوون و گیانى هاریكارى و خۆبه‌خشیان تێدایه‌ و پارووى ده‌مى خۆیان له‌ گه‌ڵ هاو خه‌مه‌كانیاندا به‌ش ده‌كه‌ن .
هه‌واڵى دادگاكان
ده‌سته‌ڵاتى دادوه‌رى عێراق و دادگاى ته‌میزه‌ عێراق ڕایگه‌یاند ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى كه‌له‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران تۆمار كراوه‌ تاوانى تیرۆریستى نین و به‌ گوێره‌ى یاساى سزادانى عێراقى ڕه‌فتاریان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێت و سه‌رپێچى ئاسایین و تیرۆر نین .
هه‌واڵى جیهانى ده‌رباره‌ى خۆپیشاندان له‌ احتجاج ه‌وه‌
به‌ریتانیا به‌ توندى سه‌ره‌كۆنه‌ى به‌ كارهێنانى هێزو توندو تیژى ده‌كات له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى عێراقه‌وه‌ دژبه‌ خۆپیشانده‌رانى ئاشتیخوازى عێراق كه‌ داواى مافه‌كانیان ده‌كه‌ن ,
به‌یاننامه‌یه‌كى توند له‌ كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌ دژ به‌ هێرش و په‌لاماره‌ توندو تیژه‌كانى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى عێراق بۆسه‌ر خۆپیشانده‌ران و كوشتن و برینداركردنى هه‌زاران كه‌س .

بیرو بۆچوونى تائیفى و ئتنیكى له‌ فه‌رهه‌نگى هاوڵاتیانى عێراقدا نه‌ما

سه‌روه‌رییه‌كى ترى ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ و ئه‌وه‌ى له‌م ڕۆژنامه‌ جوانه‌دا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ داماڵینى به‌رگى تائیفى و ئتنیكیه‌و  شێوازێكى نیشتمانیه‌ كه‌ مایه‌ى خۆشحاڵیه‌ و ئومێدى دوا ڕۆژى گه‌شى لێده‌كرێت , ئه‌وه‌ى من به‌رچاوم نه‌كه‌وت باسى كوردو هه‌رێمى كوردستان بوو له‌م ڕۆژنامه‌دا هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكى هه‌رێم هیچ پشتیوانیه‌كى جه‌ماوه‌ر ى ڕاسته‌وخۆیان نه‌كردووه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى هه‌رێم پشتیوانى داخوازى خۆپیشانده‌ران بوون . به‌ڵام لێره‌و له‌وێ هه‌ندێك ده‌نگى ناسازو نه‌شاز باسى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و مافه‌كانى كورد ده‌كه‌ن ,به‌ڵام ئه‌و قسه‌و هه‌ڵوێستانه‌ له‌ گه‌ڵ دروشم و داخوازییه‌كانى ئه‌م بزاوته‌ نیشتمتانیه‌دا یه‌ك ناگرێته‌وه‌.

پزیشك و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى 
ئه‌وه‌ى چینه‌ى كه‌زۆر ڕۆڵیان كاریگه‌ره‌وه‌ پشت و په‌ناو ئومێدى خۆپیشانده‌رانن ئه‌و پزیشك و دكتۆره‌ خۆبه‌خش و لێهاتووه‌كانن كارمه‌نده‌ خۆبه‌خش و به‌خشنده‌كانى ته‌ندروستین كه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ تیشكى باشى خستوونه‌ته‌ سه‌ر و ئه‌ركه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كه‌یان به‌رز ده‌نرخێنێت .

له‌ كۆتاییدا چیرۆك و هه‌واڵ و باسو خواسته‌كانى ئه‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ له‌م ڕۆژنامه‌دا هێجگار فراوان و گشتگیرن وكاردانه‌وه‌ى خه‌ڵكى به‌شخوراو و په‌راوێزخراوى و برسى و ڕه‌ش و ڕووته‌ به‌رامبه‌ر دزو گونده‌ڵ و نمه‌ك به‌حه‌رام و ماڤیاو چه‌ته‌و ڕێگر كه‌ سڵ له‌ هیچ شتێك ناكه‌ن له‌ كوشتن و ڕفاندن و گرتن و بێ سه‌رو شوێن كردن.
‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
حاكم قادرحه‌مه‌جان
شاڵاو ئەحمەد
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ