بیروڕا
تویته‌كه‌ى سه‌رۆكه‌ تازه‌ هه‌ڵبژێراوه‌كه‌ى تونس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
له‌م ساڵى 2019 ه‌ى وا ئێستا له‌ مانگى كۆتایى و رۆژه‌كانى دواییدان چه‌ندین خۆپیشاندان و شۆڕشى جه‌ماوه‌رى گه‌وره‌ ناوچه‌ى  خۆرهه‌ڵاتى ناوین و باكورى ئه‌فریقیای گرته‌وه‌ تاوه‌كو ئێرانیش , ئه‌وه‌ى له‌م خۆپیشاندانانه‌دا جیاوازبوو له‌وانى پێشتر دروشمى بنبڕكردنى گه‌نده‌ڵى و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى  دابینكردنى خزمه‌ت گوزارى خێراو پێویست بوو جگه‌ له‌ شه‌فافیه‌تیش كه‌ ئه‌ویش ڕووبه‌رێكى فراوانى داگیر كردبوو له‌ داخوازییه‌كان .
له‌ گه‌رمه‌ ى ئه‌م باسوخواستانه‌دا سه‌رۆك كۆمارى تونس  , ئه‌و وڵاته‌ى كه‌ ده‌ست پێشخه‌رو ده‌روازه‌ى ڕاپه‌ڕینه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى بوو ,هه‌ر زوو دكتاتۆرى ئه‌و وڵاته‌ زه‌ینلعابدین  بن عه‌لى هه‌ڵهات و گه‌ل و سوپاى ئه‌و وڵاته‌ ده‌سته‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست , ده‌كرێت هه‌ر تونسیش به‌ تاكه‌ وڵاتێك دابنێن له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ به‌هارى عه‌ره‌بى گرته‌وه‌ به‌  سه‌ركه‌وتوویى له‌و شۆڕش و به‌رخۆدانانه‌ ده‌رچوو , تێوه‌نه‌گلا به‌ شه‌ڕى ناوخۆیى و تائیفى به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سته‌ڵات و ژیانى سیاسى و دیموكراسى پیاده‌كرا .
له‌م ڕۆژانه‌شدا مامۆستا قه‌یس سه‌عید سه‌رۆكى تازه‌ هه‌ڵبژێراوى تونس له‌ تویتێكى جوان و شایسته‌ و پڕ ماناو گشتگیر نه‌ك بۆ تونس به‌ڵكو بۆ هه‌موو وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش گونجاوه‌ و ده‌رمانه‌ بۆ ئه‌و ده‌رده‌ى كه‌ زۆرێك له‌ وڵاتان موبته‌لاى بوون .
تویته‌كه‌ى قه‌یس سه‌عید ( ئیمتیازات و خانه‌نشینى خۆش و یاساى پارێز به‌ندى  په‌رله‌منتاران هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ ,  ئیتر كه‌سێك نادۆزنه‌وه‌ جگه‌ له‌وانه‌ى كه‌ ڕاستگۆ و دڵسۆزن بۆ خزمه‌تى گه‌ل و وڵات )
زۆر دروسته‌ ئه‌م په‌نده‌ى ئه‌و به‌ڕێزه‌ وا به‌ وردى و به‌ كورتى به‌یانى كردووه‌ , هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌و ئیمتیازات و مووچه‌و پاسه‌وان و خانه‌نشینى به‌ گه‌نجى و پارێزبه‌ندى و پاسه‌پۆرتى دیبلۆماسیه‌ له‌ عێراقیش هه‌موو ئه‌ندامانى تاقم و حزب و لایه‌نه‌كان شه‌ڕى له‌ سه‌رده‌كه‌ن , كار گه‌یووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى كاربه‌ده‌ستان وه‌كو ددیارى وده‌سه‌نه‌  ئه‌و پۆستانه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌ سه‌ر كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆیاندا و ئه‌ندامانى حزبه‌كانیشیان با داناو زانا و لێهاتووش بن ئه‌و شانسه‌یان به‌رناكه‌وێت .
بۆیه‌ بۆ دۆخى عێراقیش كه‌ وا دوو مانگى ته‌واوه‌ خه‌ڵكى به‌غدادى  پایته‌خت و شاره‌كانى باشورى عێراق خۆپیشاندانى گه‌وره‌ و كۆڵنه‌ده‌رانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن سه‌ره‌ڕاى قوربانى زۆر و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران , خوازیارى بنبڕكردنى گه‌نده‌ڵى و خزمه‌تگوزارى و سزادانى گه‌نده‌ڵكاران و دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و تاقم و حزبانه‌ى كه‌ له‌ شازده‌ساڵى ڕابردوودا گه‌نده‌ڵى و به‌ فیڕۆدانى گه‌وره‌ى ماڵى گشتیان ئه‌نجامداوه‌ .
له‌ هه‌موویشى قورستر و خه‌مناكتر بۆ گه‌لى عێراق ئه‌و ئیمتیازات و مووچه‌ى خانه‌نشینى خه‌یاڵیانه‌یه‌ كه‌ به‌ناو نوێنه‌رانى گه‌ل به‌ یاسا بۆ خۆیان ته‌رخانكردووه‌ , كه‌ له‌ هیچ شوێنێكى ئه‌م جیهانه‌دا له‌ وێنه‌ى نى یه‌ .
له‌ كاتێكدا ده‌كراو ده‌بوو به‌ دانانى زۆر كاراكته‌رى به‌ تواناو لێهاتوو تر له‌و خه‌ڵكانه‌ كاروبارى وڵات به‌ جوانترین و باشتر ین شێواز به‌ڕێوه‌ببرایه‌ چونكه‌ هه‌موومان شاهیدى سه‌دان و هه‌زاران خه‌ڵكى به‌تواناین له‌ چالاكوانان و ئه‌ندامانى ڕێكخراوه‌ پیشه‌یى و مه‌ده‌نیه‌كانین كه‌له‌سه‌ر حسابى خۆیان  زۆركارى گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن , بۆ یه‌ ده‌كرێت حكومه‌ته‌كان له‌ ڕێگه‌ى خه‌ڵكى و له‌و بابه‌ته‌وه‌ خزمه‌تى وڵات بكه‌ن و به‌ڕێوه‌ى به‌رن , نه‌ك دانانى له‌ شكرێك له‌ خه‌ڵكى مشه‌خۆرو بێ پرنسیب و دوور له‌ مۆراڵ كه‌ ماڵى گشتى به‌ماڵى خۆیان ده‌زانن و پۆست و پله‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانى خۆیان به‌كار ده‌هێنن .
له‌ كۆتایدا ئیتر ئه‌م شه‌پۆله‌توڕه‌و حه‌قخوازه‌ پێناچێت وا به‌ ئاسانى دابمركێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئاگره‌كه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ نه‌سووتێنێت ,  كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا  به‌شێكى زۆر بێ كارو  برسى  بێت و به‌شێكى تریش كه‌ كارمه‌ندى جزب و ده‌وڵه‌تن كه‌ داهاته‌كه‌یان دیاریكراوه‌ ,  بوون به‌ ملیلردێر و خاوه‌ن گه‌لێك سامان و سه‌رمایه‌ن  كه‌ به‌كارمه‌ندو به‌ڕێوه‌به‌رانى ده‌وڵه‌ت ناكرێت ئیتر كاتى ئه‌وه‌یه‌ به‌توندى یاساى (( ئه‌مه‌ت له‌ كوێ بووه‌ ))  جێبه‌جێ بكرێت .
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
نه‌سرین كورده‌
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
نه‌سرین كورده‌
نه‌سرین كورده‌
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ