بیروڕا
نه‌خشه‌ ڕێگاى خۆپیشانده‌ران بۆ ئاینده‌ى عێراق
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
وا له‌ كۆتایى دوو مانگ له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌ پان و به‌رینه‌كانى خه‌ڵكى عێراق كه‌ به‌ دروشمى هاتوومه‌ته‌ سه‌رشه‌قام و مافى خۆمم ده‌وێت نزیك ده‌بینه‌وه‌ , بێ ئه‌وه‌ى هیچ تروسكاییه‌ك له‌ ئاسۆه‌وه‌ دیاربێت بۆ كۆتایى هاتن به‌و بارو دۆخه‌ له‌ به‌ر نه‌مانى متمانه‌ى خه‌ڵكى شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق به‌و تاقم و ده‌سته‌ تائیفى و میلیشیاویانه‌ى كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ توانایاندا بێت كردوویانه‌ بۆ به‌ فیڕۆدانى سامان و داهاتى وڵات و به‌كارهێنانى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و حزب و میلیشیاته‌كانیان .
ئه‌وه‌ى جاران و ساڵانى پێشوو ڕه‌وته‌ تائیفیه‌كان به‌كاریان ده‌هێنا بۆ خه‌ڵه‌تاندنى خه‌ڵك و به‌لاڕێدا بردنیان بۆ مه‌به‌سته‌ نه‌گریسه‌كانى خۆیان , ئه‌وا ئێستا یه‌ك قروشى قه‌ڵب ناكات , ئێستا ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ به‌رگى تائیفیه‌ت و ئتنیكى له‌ به‌ر خۆى داماڵى , هه‌موو هه‌وڵ و به‌ڵێن و كۆبوونه‌وه‌و ڕیفۆرمه‌كانى ده‌سته‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵه‌كان كه‌ له‌ ڕوخساردا چاكسازییه‌و له‌ ناوه‌ڕۆكدا به‌ گه‌نده‌ڵیه‌كى ڕێكخراوه‌ ده‌زانن  .
ئێستا وه‌كو ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ  و میدیاكان تۆڕه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ هه‌رچه‌نده‌ زوو زوو تۆڕى ئه‌نته‌رنێتیشیان لێ ده‌بڕن چالاكوانانى مه‌ده‌نى باسى ده‌كه‌ن گۆڕه‌پانه‌كانى خۆپیشاندان بووه‌ته‌ تابلۆیه‌كى مه‌زن له‌ هه‌موو پارێزگاكانى  عێراقدا له‌سه‌ر هاوپشتى و یه‌كگرتوویى هه‌موو چین و توێژه‌كانى گه‌ل له‌ به‌رامبه‌ر تاقمێكى دزو گه‌نده‌ڵ كه‌ وه‌كو خۆپیشانده‌ره‌كان خۆیان ده‌ڵێن   , ئێستا ناڕه‌زایه‌تیه‌كان گۆڕاوه‌ بۆ شۆڕشى تشرین و بووه‌ته‌ مۆدیلێكى نوێ ى خه‌بات بۆ یه‌كسانى و داد په‌روه‌رى و به‌گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و دژى پاشكۆیه‌تى و وابه‌سته‌یى بۆ وڵاتانى تر .
ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا به‌دى ده‌كرێت نه‌مانى متمانه‌یه‌ به‌ هه‌موو به‌ڵێنه‌كانى حكومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراق هه‌ر له‌ گۆڕینى ده‌ستوورو یاساى نوێ ى  هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆنى نوێ ى هه‌ڵبژاردن و گۆڕانكارى له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌تدا كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ فێڵ و خه‌ڵه‌تاندنى خۆپیشانده‌ران ده‌زانن .
له‌ ئاوا بارودۆخێكدا چ بكرێت چاره‌سه‌ر چیه‌ ؟
ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ى حكومه‌ت یان كوشت و بڕى خۆپیشانده‌ران وه‌كو ئه‌وه‌ى تا ئێستا باس له‌ كوژرانى 850 كه‌س ده‌كرێت و هه‌زارانى  تر بریندارن ,هه‌ڵبژاردنى پێشووه‌خته‌ له‌ ژێر چاودێرى نێوه‌ نه‌ته‌وه‌یى  هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هه‌موو حزب و تاقمه‌ تائیفى تێوه‌ گلاو ه‌كان به‌ گه‌نده‌ڵى و دادگاییى كردنیان و گێڕانه‌وه‌ى ماڵى گشتى بۆ گه‌نجینه‌ى ده‌وڵه‌ت .
هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا سه‌ركرده‌كانى ئه‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆك و دروشمى نیشتمانى مه‌زنیان هه‌ڵگرتووه‌و قوربانیان بۆ داوه‌و ئاماده‌ نین سازشى له‌ سه‌ربكه‌ن , ئیتر له‌ به‌ر دۆخى ئه‌منى بێت كه‌ واش ده‌خوازێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌ستى میلیشیاكان نه‌كه‌ون , به‌ڵام پێویسته‌ نامه‌و به‌ڵێن و مه‌سجى جدى و جێ متمانه‌ بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق بنێرن به‌ كوردو توركمان و كریستیان و شیعه‌و سوونه‌ كه‌ ئه‌م بزاڤه‌ بزاڤێكى نیشتمانى یه‌ كار بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق ده‌كات له‌ پێناو یه‌كسانى و داد په‌روه‌ر ى  حكومه‌تێكى ڕه‌شید كه‌ هه‌موو مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى هاونیشتمانانى عێراق دابین بكات دوور له‌ ئینیماى تائیفى و نه‌ته‌وایه‌تى , تاوه‌كو ئه‌وانیش ببنه‌ پاڵپشتى ئه‌و بزاڤه‌ .
له‌ كۆتاییدا
1. هه‌ر چه‌ند عبدولمهدى بڕیاری دا ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ , به‌ڵام پێناچێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ى  ناوبراو كۆتایى به‌ گرژى و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بهێنێت , به‌ڵكو وه‌كو پیچشتر ئاماژه‌م پێداوه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا بووه‌ته‌ خوازیارى سه‌ره‌كى هه‌موو گۆڕه‌پانه‌كان ئه‌وه‌یه‌ گۆڕانكارى بنه‌ڕه‌تى له‌ سیستمى به‌ڕێوه‌بردن و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و كه‌س و تاقم و حزبانه‌ى كه‌ به‌ دۆسیه‌ زه‌به‌لاحه‌كانى گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ تێوه‌گلاون له‌ كارو چالاكى سیاسى له‌ عێراقدا ,
2. كێ ئه‌و ئازایه‌تیه‌ى به‌رده‌كه‌وێت  له‌ عێراقدا به‌ر له‌ ڕشتنى زیاترى خوێنى خه‌ڵك بگرێت و زه‌مینه‌ ساز بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زووترین كات و به‌ كه‌مترین زیان ئاشتى و ئارامى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵات  , چونكه‌ هه‌مووان دانیان به‌وه‌ دا ناوه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵى هه‌یه‌ نادادپه‌روه‌رى هه‌یه‌ پێشێلكارى گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانى عێراق له‌ سه‌ره‌وه‌ تا خواره‌وه‌ى كراوه‌ , ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ى میلیشیاو تاقمه‌ چه‌كداره‌كان به‌ ئاشكراو له‌ سه‌ر شاشه‌ى تیڤیه‌كانه‌وه‌ داواى لێبوردن و به‌خشینیان له‌ خه‌ڵكى وڵات كرد , به‌ڵام زۆر دره‌نگ بوو .
‌‌ زیاتر ...
حاكم قادرحه‌مه‌جان
شاڵاو ئەحمەد
ئاڵا ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شه‌هریه‌ احمد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ