بیروڕا
ئێران وئیمارات كرانه‌وه‌ به‌ڕووى یه‌كدى دا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ساڵانێكى دوورو درێژه‌ كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ى هه‌ژده‌ ئێران چاوى له‌وه‌یه‌ هه‌موو كه‌ناره‌كانى كه‌نداوى له‌ بنده‌ستدا بێت ,  به‌ڵام  له‌ مێژووى نوێ یشدا ئێران  و ده‌وڵه‌تى  میرنیشینه‌  عه‌ره‌بیه‌ یه‌كگرتووه‌كان كێشه‌و ناكۆكیان هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر سنوورو به‌ تایبه‌تى له‌ سه‌ر دووڕگه‌كانى تونبى بچووك و توونبى گه‌وره‌و ئه‌بو موسا كه‌ له‌ ساڵى 1971 ه‌وه‌ ئێران داگیرى كردووه‌ چه‌ند ڕۆژێك پێش ڕاگه‌یاندنى  سه‌ربه‌خۆیى ده‌وڵه‌تى ئیمارات .
ئیمارت و سعوودیه‌ هاوپه‌یمانى یه‌كن به‌تایبه‌تى تر , جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ردووكیان ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى هاریكارى وڵاتانى كه‌نداوى عه‌ره‌بین , بۆیه‌ له‌ زۆر وێستگه‌و كاتى پێویستدا ڕاوێژو گفتوگۆى دووبه‌دوو  و زیاترییان كردووه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌خوازم له‌م باسه‌ كورته‌دا تیشكى بخه‌مه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێران و ئیماراته‌ له‌ گه‌رمه‌ى ململانێ و ناكۆكیه‌كانى نێوان عه‌ره‌بستانى و سعوودیه‌و ئێراندایه‌ كه‌ بۆ له‌م كاته‌دا سه‌ره‌ڕاى ناكۆكى و ململانێكانى نێوانیان ئێران و ئیمارات  به‌ تایبه‌تى له‌ سه‌ر ئه‌و سێ دووڕگه‌ى كه‌ ستراتیجیترین پێگه‌ن له‌ ده‌روازه‌ى گه‌رووى هورمزدا و ئێران داگیرى كردووه‌ كه‌چى  ئیمارات مه‌یلى به‌ دان وسانه‌ له‌ گه‌ڵ ئێران ؟
1. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئیمارات له‌ هه‌نگاوێكى ته‌كتیكى ده‌چێت تا ستراتیجى , به‌ پله‌ ى یه‌كه‌م مه‌سجێكه‌ بۆ  سه‌رۆك تره‌مپ له‌ پاش ساردبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان ئیمارات و ئه‌مریكا به‌ هۆى  نزیك بوونه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ قه‌ته‌ر , له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ئابوورى ئیمارات و به‌ تایبه‌تى دوبه‌ى له‌وه‌یه‌ به‌رگه‌ى ململانێ و ناكۆكى له‌ گه‌ڵ ئێران نه‌گرێت , له‌وانه‌ش به‌هێزترئه‌و ئه‌گه‌ره‌یه‌ كه‌ ئیماراتییه‌كان له‌و بڕوایه‌دان ئیداره‌ى ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵى دان و سانه‌ له‌ گه‌ڵ ئێران و په‌نا بۆ جه‌نگ نابات و هه‌وڵى پاراستنى هاتوچۆى ده‌ریایى له‌ ته‌نگه‌ى هورمز ده‌دات , بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌مه‌ هه‌نگاوێك بێت  پێشى ڕووداوه‌كه‌ بكه‌ون له‌ لایه‌ن ئیماراته‌وه‌.
2. ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئیمارات له‌وه‌یه‌ خاڵێكى  گۆڕانكاری  گه‌وره‌ بێت له‌ سیاسه‌تى ده‌وڵه‌تى ئیماراتدا كه‌ له‌مه‌ودوا ده‌ست وه‌رنه‌داته‌ كاروبارى وڵاتانى تره‌وه‌ چونكه‌ به‌شێكى هێزه‌كانیشى له‌ یه‌مه‌ن پاشه‌كشه‌ پێكرد ,له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئیمارات گورزێكى گورچكبڕه‌ بۆ سیاسه‌تى ئه‌مریكا و تره‌مپ بۆئه‌و هه‌وڵانه‌ى داویانه‌ بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانێتیه‌كى عه‌ره‌بى له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل دژ به‌ ئێران له‌ هه‌مانكاتدا ڕێككه‌وتنێكى فه‌له‌ستینى و ئیسرائیلى پڕله‌ كه‌مووكوڕیشى له‌ گه‌ڵدا بێت ,له‌لایه‌كى تره‌وه‌ كۆسپ ده‌بێت بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ عه‌ره‌بییه‌ى كه‌ ئه‌مریكا به‌نیازه‌ دروستى بكات بۆ پاراستنى كه‌نداوو,  هاوپه‌یمانى دووقۆڵى ئیمارات و سعوودیه‌ش ده‌خاته‌ ژێر پرسیارى جدییه‌وه‌ و به‌حرێن و عه‌ره‌بستانیش به‌ته‌نیا جێده‌هێڵێت له‌وشه‌ڕه‌ قسه‌و میدیاییه‌ى كه‌ ئێستا له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌و ئێران  ده‌گوزه‌رێت .
3. ئه‌م هه‌نگاوه‌ى سیاسه‌تى ئیمارات بۆ ده‌ست درێژ كردن بۆ وتو وێژ  هه‌نگاوێكى تاڕاده‌یه‌ك لۆجیكیه‌ , چونكه‌ پێشتر ئیمارات هیچ كات له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵبگیرسێت له‌ نێوان ئێران و ئه‌مریكادا , به‌ڵكو خوازیارى گۆڕانكارى له‌ سیاسه‌ته‌كانى ئێراندا بووه‌ ده‌رهه‌ق به‌ پرسه‌ گرنگه‌كانى ناوچه‌كه‌و دژ به‌ پرسى گۆڕینى ڕژێمى كۆمارى ئیسلامى ئێران .
4. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووداوانه‌ى كه‌ له‌ گه‌رووى هورمز هاتنه‌ ئاراوه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا به‌ تایبه‌تى په‌لامارى كه‌شتییه‌ نه‌وت به‌ره‌كانى ئیمارات وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت بۆ ئیمارات پێده‌چێت ئیمارات نه‌خوازێت ببێته‌ به‌شێك له‌و ململانێ یه‌ .
5. له‌ ڕووى ناوخۆیى یه‌وه‌ پێده‌چێت میرنیشینى  دوبه‌ى ئه‌م ده‌ستوه‌ردانانه‌ى  میرنیشینى ئه‌بوزه‌بى پێ گونجاو نه‌بێت كه‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا به‌ تایبه‌تى له‌ شه‌ڕى یه‌مه‌نیش تێوه‌گلاوه‌و كه‌ ئه‌م كارانه‌ به‌ سوودو به‌رژه‌وندى ئابوورى بۆ ئیمارات ناگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵكو  له‌ ڕوانگه‌ى ئاسایشیه‌وه‌ سه‌یریان كردووه‌  كه‌ قازانجى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى وڵات نابێت به‌ڵكو  ئاسایش و به‌رژه‌وندییه‌باڵاكانى وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ .
له‌ كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم سیاسه‌تى ئه‌مریكاش تائێستا ڕوون و ڕه‌وان نیه‌ چى ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ ئێران جارێك باسى ڕیگا چاره‌ى سیاسى و دبلۆماسى ده‌كا و جارێك باسى بژارده‌ى سه‌ربازى , له‌ ئاوا بارودۆخێكدا ئه‌گه‌ر ئیمارات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى به‌ ئامانج بگیرێت له‌وه‌یه‌ زیانى گه‌وره‌ى به‌ربكه‌وێت , بۆیه‌ باشترین بژارده‌ بۆ  ده‌وڵه‌تى ئیمارات و به‌ تایبه‌تى میرنیشینى ئه‌بوزه‌بى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كرانه‌وه‌و هه‌وڵى چاره‌سه‌رى دبلۆماسى قه‌یرانه‌كه‌ بدات له‌ گه‌ڵ ئێران و لایه‌نه‌كانى دیشدا .
‌‌ زیاتر ...
ئاڵا ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ