بیروڕا
داخستنى بنكه‌و باره‌گاكانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌نگاوێك به‌ ڕێگاى ڕاستدا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌و فه‌رمانه‌ دیوانییه‌ى كه‌ دكتۆر عادیل عه‌بدولمهدى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق به‌ ژماره‌ى 237 له‌ 1 /ته‌موزى 2019  دا تایبه‌ت به‌ ڕێكخستنى كارو چالاكییه‌كانى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌رى كرد هه‌رچه‌نده‌ هه‌نگاوێكى دروسته‌ به‌ ڕێگاى ڕاستدا به‌ره‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو چه‌كه‌كان له‌ ده‌ستى ده‌وڵه‌تدا به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا مایه‌ى نیگه‌رانیشه‌ بۆ هه‌ندێك لایه‌ن و ناوه‌ندى بڕیارو هێز .
لایه‌نه‌ گرنگه‌كانى فه‌رمانه‌كه‌ى عه‌بدولمهدى :
1. فه‌رمانه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو هێزو تاقمه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى به‌شێكن له‌ سیستمى به‌رگرى و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق و ده‌بێت له‌ ژێر فه‌رمانى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌چه‌كداره‌كاندا بن به‌ گوێره‌ى ئه‌و یاسایاییه‌ى كه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران دایڕشتووه‌ .
2. فه‌رمانه‌كه‌ پێداگیرى له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ واته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌ دیارى ده‌كرێت .
3. به‌ گوێره‌ى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ى كه‌له‌و هێزانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى نرابوون له‌ كاتى شه‌ڕى تیرۆرى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى داعشدا هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه‌ و ناوى سه‌ربازىیان  لێده‌نرێت و هه‌موو فه‌رمانده‌و ئه‌ندامه‌كانى پله‌ى سه‌ربازى وه‌كو سوپاى عێراق وه‌رده‌گرن .
4. له‌سه‌ر  فه‌رمانده‌و ئه‌ندامانى حه‌شدى شه‌عبیه‌ كه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كى سیاسى به‌ حزب و ڕێكخستنه‌كانیانه‌وه‌ ببچڕێنن .
5. ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ست نابن به‌ سوپاو هێزه‌چه‌كداره‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌بێت ببن به‌ لایه‌ن و حزبى سیاسى و پابه‌ند بن به‌ ساى حزبه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ .
6. ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ كارى سیاسى هه‌ڵده‌بژێرن نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك چه‌ك هه‌ڵبگرن  به‌ مۆڵه‌تى فه‌رمى  ده‌وڵه‌ت نه‌بێت بۆ پارێزگارى بنكه‌و باره‌گاكانیان .
7. فه‌رمانه‌كه‌ هه‌مو و ئه‌و هێزانه‌پابه‌ند ده‌كات كه‌ هه‌موو بنكه‌و باره‌گاكانیان له‌ ناو ه‌و ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كانیشدا  دابخه‌ن و له‌ گه‌ڵ  نوسینگه‌ى  دارایى و خاڵه‌كانى پشكنینى تایبه‌ت به‌و هێزانه‌ش .
8. به‌ گوێره‌ى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌رتاقم و گروهێك به‌ ئاشكراو نهێنى كارێك یان چالاكییه‌ك بكات پێچه‌وانه‌ى ئه‌م فه‌رمانه‌ به‌ تاوانبارو یاخى و تێكده‌ر ده‌ناسرێت و لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى له‌ گه‌ڵدا ده‌كرێت .
9. ئه‌م فه‌رمانه‌ حه‌شدى عه‌شائیریش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ تاقمێكى عه‌شائیرى سوونین كه‌ دواى حه‌شدى شه‌عبى  دامه‌زرێنران و هه‌ر تاقم و گروپێكى تریش له‌م شێوه‌ بێت هه‌مان یاساو فه‌رمانیان به‌ سه‌ردا ده‌سه‌پێت .
10. فه‌رمانه‌كه‌ تا 31/7/2019 ى وه‌كو دوا مۆڵه‌ت بۆ هه‌موو ئه‌و تاقمانه‌ دیاریكردووه‌ كه‌ پابه‌ند بن پێ یه‌وه‌.
له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا موقته‌دا سه‌در  كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ دیارو خاوه‌ن پێگه‌ى شیعه‌كانه‌و هه‌روه‌ها ڕابه‌رى فراكسیۆنى سائرونه‌ كه‌ له‌ دوا هه‌ڵبژاردنى عێراقدا 2018 یه‌كه‌م ده‌نگى هێنا ده‌ستخۆشى له‌ عه‌بدولمهدى كرد و بڕیاریدا تاقمه‌كه‌ى خۆى كه‌ به‌ سه‌رایا سه‌لام ناسراون ده‌ستبه‌جێ فه‌رمانه‌كه‌ جێه‌جێ بكه‌ن , له‌ هه‌مان كاتدا نیگه‌رانى خۆى له‌وه‌ پیشاندا كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م فه‌رمانه‌ به‌ ته‌واوى جێبه‌جێ نه‌كرێت .
پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین حه‌شدى شه‌عبى ساڵى 2014 به‌ فتواى ئایه‌توڵا سیستانى مه‌رجه‌عى شیعه‌كانى عێراق هاته‌ دامه‌زراندن له‌ دواى ئه‌وه‌ى چه‌كداره‌كانى داعش سێ یه‌كى خاكى عێراقیان داگیركردو تا نزیك دیواره‌كانى به‌غدادى پایته‌خت هاتن و هه‌ڕه‌شه‌ى توندیان له‌ شیعه‌و مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كانیان ده‌كرد.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى نیگه‌رانى گه‌لى عێراق و به‌ تایبه‌تى سوونه‌كانه‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا ده‌ستدرێژى و پێشێلكارى زۆر له‌لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌ى حه‌شدى شه‌عبیه‌وه‌ تۆماركراوه‌ له‌ ناوچه‌ سوونه‌ نیشینه‌كاندا و دواتر و تائێستاش ڕێگرى ده‌كه‌ن زۆرێك له‌ سوونه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ وحاڵى خۆیان به‌ تایبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى پشتێنه‌ى به‌غدادو پارێزگاى دیاله‌ .
به‌ هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر عه‌بدولمهدى له‌م هه‌نگاوه‌و تاقیكردنه‌وه‌دا سه‌ربكه‌وێت ئه‌وا ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌یه‌ و ده‌ستى واڵا ده‌كات بۆ ڕیفۆرمو چاكسازى و شه‌فافیه‌ت و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ زه‌به‌لاحه‌كانى گه‌نده‌ڵى كه‌ئه‌م میلیشیاتانه‌ به‌كارده‌هێنران بۆ خۆشاردنه‌وه‌و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ سه‌روه‌رى یاسا .
له‌ كۆتاییدا ئه‌م  فه‌رمانه‌ى عه‌بدولمهدى بڕیارێكى شارستانى و نیشتمانى یه‌و هه‌رچه‌ند به‌ فشارى ئه‌مریكیه‌كانیش بێت به‌ڵام هه‌موو شه‌قامى عێراق پشتیوانى لێده‌كات و به‌ تایبه‌تى پێویسته‌ له‌ سه‌ر پێكهاته‌كانى ترى عێراق به‌ تایبه‌تى سوونه‌و كوردو توركمان و كه‌مینه‌كانى تر پشتیوانى ته‌واو له‌م  فه‌رمانه‌گرنگه‌ بكه‌ن چونكه‌ بوونى هێزى چه‌كدارى تائیفى وه‌كو بۆمبێكى ته‌وقیت كراو وایه‌ هه‌ر چركه‌ ساتێك بۆى هه‌یه‌ بته‌قێته‌وه‌و كاره‌ساتى گه‌وره‌ بۆ گه‌لانى ترى عێراق به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى كه‌ شیعه‌ نین  چونكه‌ په‌روه‌رده‌و ڕێكخستنى ئه‌مان ناوه‌ڕۆكیكى تائیفى هه‌یه‌و كرده‌وه‌كانى ساڵانى رَابردوو ئه‌وه‌ى پیشانى هه‌مووان دا .
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ