بیروڕا
هه‌ڵوێستى شیعه‌كانى عێراق له‌مه‌ڕ ململانێكانى ئه‌مریكاو ئێران
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
هه‌رچه‌نده‌ ده‌بوو هه‌ڵوێستى  فه‌رمى ده‌وڵه‌تى عێراق له‌مه‌ڕ گرژى و هه‌ڵكشان و داكشانى ئاڵۆزییه‌كانى نێوان ئه‌مریكاو ئێران له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نرایه‌ به‌ڵام له‌ به‌رئه‌وه‌ى حكومه‌ت و داموده‌زگاكانى فه‌رمانڕه‌وایى له‌ عێراقدا فۆرمى ته‌واوى نیشتمانى یان وه‌رنه‌گرتووه‌ و له‌ چوار چێوه‌یه‌كى ته‌سكى تائیفى و ئتنیكى دا ده‌خوولێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌ ئاشكرا له‌ لێدوانى سه‌ركرده‌ى لایه‌ن و تاقمه‌چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى به‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ یه‌كێكیان ده‌ڵێت عێراق ده‌كه‌ین به‌ ڤێتنام بۆ ئه‌مریكییه‌كان ئه‌گه‌ر په‌لامارى ئێران بده‌ن و یه‌كێكى تریان به‌جۆرێكى تر لێدوان هه‌ڵوێستى خۆى ده‌رده‌بڕێت .
جگه‌ له‌وانه‌ش باڵه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى مه‌رجه‌عیه‌تى جیاوازییان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕووى سیاسی و یاساییه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى  هه‌ردوو وه‌زاره‌تى به‌رگرى وناوخۆى عێراقدا ڕێكخرابن و له‌ ژێر فه‌رمانى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقدا بن كه‌ دكتۆر عادیل عه‌بدولمهدیه‌  ئه‌وا له‌ ڕووى مه‌زهه‌بی یه‌وه‌   هه‌رلایه‌نێكیان وابه‌سته‌ى ناوه‌ندو مه‌رجه‌عێكى ئاینزاى شیعه‌ن دیارترینیان كه‌ خۆى له‌ تاقمه‌كانى به‌درى هادى عامرى  عه‌سائیبى ئه‌هلى هه‌قى قه‌یس خه‌زعه‌لى و بزوتنه‌وه‌ى نوجه‌باو حزبوڵاى عێراق و ...تد سه‌ربه‌ مه‌رجه‌عیه‌تى ئایه‌توڵاى عوزما عه‌لى خامنه‌ئى ولایه‌تى فه‌قیهو ڕابه‌رى شۆڕشى ئیسلامى له‌ ئێران و جیهانى ئیسلامى شیعه‌یه‌ و پابه‌ند بوون به‌ فه‌رمان و ئامۆژگارییه‌كانى ئه‌ركێكى ئایینى پیرۆزه‌و هیچ لێكدانه‌وه‌و قسه‌وباسێك هه‌ڵناگرێت و ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت و وه‌كو فه‌رمانى خوداوه‌ند وان فه‌رمانه‌كانى ده‌بێت خێرا و ده‌سته‌جێ بخرێنه‌ بوارى پراكتیكه‌وه‌ چونكه‌ خامنه‌ئى وه‌لى ئه‌مرى مووسڵمانانه‌ تا هاتنى ئیمامى مه‌هدى  بۆیه‌ ئه‌م فه‌رمانانه‌  نه‌ك هه‌ر له‌ ئێران به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو هێزه‌كانى وابه‌سته‌ به‌ مه‌رجه‌عیه‌تى ولایه‌تى فه‌قیهه‌وه‌ له‌ ته‌واوى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین وبگره‌ جیهانیش  جێبه‌جێ ى بكه‌ن  بۆ سه‌رخستنى چه‌وساوه‌و زۆرلێكراوان به‌ قه‌ولى خۆیان .
له‌ گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا چه‌ند باڵێكى تریان هه‌یه‌ شیعه‌كانى عێراق وابه‌سته‌ى مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف و سه‌ید عه‌مار حه‌كیم و سه‌ید  موقته‌دا سه‌درن وه‌كو سه‌رایا سه‌لام و سه‌رایا عاشورا و فرقه‌ى عه‌باسى جه‌نگاوه‌ر و لیواى عه‌لى ئه‌كبه‌ر كه‌ ئه‌مانه‌ فه‌رمانه‌كانیان له‌ ناوخۆى عێراقه‌وه‌یه‌و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌دان به‌تایبه‌تى موقته‌دا سه‌در كه‌ عێراق بێلایه‌ن بێت له‌ شه‌ڕى چاوه‌ڕوانكراوى ئه‌مریكاو ئێراندا و خاكى عێراق نه‌كرێته‌ گۆڕه‌پانى یه‌كلا كردنه‌وه‌ى ئه‌و ململانێ دێرینه‌ى  ئه‌مریكا و ئێران .
هه‌رچه‌نده‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ چركه‌ ساتێكى مێژوویى هه‌ستیاردا هاته‌ دامه‌زراندن ئه‌ویش له‌ دواى داگیركردنى شارى مووسڵ له‌لایه‌ن چه‌ته‌كانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام (داعش ) له‌ سه‌ر بانگه‌وازى سه‌ید عه‌لى سیستانى گه‌وره‌ مه‌رجه‌عى شیعه‌ى عێراق كه‌ ئامانج لێ ى پاراستنى مه‌زارو شوێنه‌ پیرۆزه‌كانى شیعه‌ بوو له‌ عێراق به‌ڵام له‌ ئێستاو دواى نه‌مانى داعش  به‌ ئاشكراو هه‌ندێك له‌ پێكهاته‌كانى عێراق به‌ تایبه‌تى سوونه‌و دواتر كوردیش له‌و بڕوایه‌دان ئیتر هیچ پاساوێك بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ نى یه‌  به‌ڵكو ده‌بێت سوپاى عێراق ئه‌ركى پاراستنى خاك و سه‌روه‌ر ى و سنووره‌كانى عێراق بگرێته‌ ئه‌ستۆ چونكه‌ سوپاى عێراق به‌ شێوه‌یه‌كى هاوسه‌نگ پێكهاتووه‌و هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقى له‌ خۆ گرتووه‌ به‌ڵا م هێزى چه‌كدارى تائیفى و مه‌زهه‌بى مه‌ترسى یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئاینده‌ى پێكه‌وه‌ژیان و مانه‌وه‌ى عێراق وه‌كو وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆ .
له‌وه‌ش سامناكتر پێكهاته‌كانى ترى عێراق جگه‌ له‌ شیعه‌ مانه‌وه‌ى ئه‌م هێزه‌ تائیفیه‌  به‌و چه‌ك و توانا و بوودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ى كه‌ بۆى ته‌رخانكراوه‌ به‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌بینن و ئه‌جنداى ده‌ره‌كى پێ جێبه‌جێ ده‌كرێت به‌ تایبه‌تى ئه‌و ڕۆڵه‌ى كه‌ له‌ شه‌ڕى ناوخۆیى سوریا گێڕایان پێده‌چێت له‌ ئاینده‌شدا به‌شدارى ململانێ و شه‌ڕه‌ تائیفیه‌كانى ناوچه‌كه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ر خراپیان بۆ عێراق ده‌بێت .
ماوه‌ته‌وه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ بڵێین هه‌رچه‌نده‌ سه‌ید سیستانى فه‌تواى ئه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ عێراق بێلایه‌ن بێت له‌ ململانێ ى ئێران و ئه‌مریكادا به‌ڵام پێناچێت ئه‌و فه‌توایه‌ زۆر خۆى بگرێت له‌ به‌ر زۆر فاكته‌ر له‌وانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆربه‌ى ئه‌و تاقم گروهه‌ چه‌كدارانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى به‌ تایبه‌تى سه‌ره‌كیه‌كانیان وابه‌سته‌ى مه‌رجه‌عیه‌تى قوومن و حكومه‌تى عێراقیش ناتوانێت كۆنترۆڵیان بكات .

‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ