بیروڕا
جه‌زائیر له‌ پاسه‌وانه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كى نوێ
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
دواجار عه‌بدولعه‌زیز بو ته‌فلیقه‌ى سه‌رۆكى جه‌زائیر بڕیارى دا پاشه‌كشه‌ بكات له‌ خۆكاندیدكردن بۆ خوولى پێنجه‌مى سه‌رۆكایه‌تى وڵات له‌ دواى ناڕه‌زایه‌تى و نیگه‌رانى و خۆپیشاندانه‌كانى وڵات بۆ ماوه‌ى سێ هه‌فته‌ى له‌سه‌ریه‌ك له‌ زۆربه‌ى شاره‌ گه‌وره‌كانى جه‌زائیر كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هه‌نگاوێكى دروست له‌ قه‌ڵه‌مدرا له‌لایه‌ن خه‌ڵك و هێزه‌سیاسیه‌كانى وڵاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌سه‌ركه‌وتنى گه‌ل  هاته‌ ئه‌ژماردن له‌لایه‌ن چالاكوانانى مه‌ده‌نى  و هێزه‌ ئۆپۆزه‌سیۆنه‌كانه‌وه‌ .
جه‌زائیر ئه‌و وڵاته‌ى كه‌ له‌دواى به‌ده‌ستهێنانى سه‌ربه‌خۆیى له‌ فه‌ره‌نساله‌ ساڵى 1962 تا ئێستا ئه‌و سه‌ركرده‌و سه‌رۆكانه‌ى حوكمى ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌ له‌ ئه‌ندامان و سه‌ركرده‌كانى حزبى به‌ره‌ى نیشتمانى ڕزگارى جه‌زائیر بوون كه‌ سه‌ركردایه‌تى و ڕابه‌رایه‌تى شۆڕشى ڕزگارى نیشتمانیان كردبوو دژ به‌ داگیركه‌رى فه‌ره‌نسا كه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆمار ئه‌حمه‌د بن بیلا بوو كه‌ كه‌سێكى مه‌ده‌نى بوو سه‌ربازى نه‌بوو دواى ئه‌ویش هه‌وارى بومدین  كه‌ وه‌زیرى به‌رگرى بوو توانى له‌ شێوه‌ى كوده‌تایه‌كدا كۆتایى به‌ ده‌سته‌ڵاتى ئه‌حمه‌د بن بیلا بهێنێت و خۆى له‌ شوێنى دابنیشێت .
له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ى ئه‌زموونى جه‌زائیر له‌ سودان و یه‌مه‌ن جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌زائیر سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌سته‌ڵاتیان نه‌گرتۆته‌ ده‌ست ژماره‌یه‌كى كه‌م نه‌بێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن و سودان سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌سته‌ڵاتیان ده‌گرته‌ ده‌ست و كوده‌تایان دژى یه‌كتر ده‌كرد , به‌ڵام جه‌زائیریش هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان ڕاسته‌وخۆ نه‌ده‌هاتنه‌ سه‌رشانۆى سیاسه‌ت و حوكمڕانى به‌ڵام له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ ده‌ستوه‌ردان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕیاره‌كان هه‌بوو .
له‌ به‌رئه‌وه‌ چۆنیه‌تى هه‌ڵسووكه‌وتى سوپاى جه‌زائیر له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك بوته‌فلیقه‌ جیاواز بوو له‌ هه‌ڵسووكه‌وت و هه‌نگاوه‌كانى سوپاى سودان دژ به‌ عومه‌ر حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د به‌شیر , له‌ جه‌زائیر سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپا فه‌ریق ئه‌حمه‌د قاید ساڵه‌ح داواى له‌ سه‌رۆك عه‌بدولعه‌زیز بو ته‌فلیقه‌كرد ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌ له‌ به‌رئه‌وه‌ى تواناى سه‌رۆكایه‌تى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتى نه‌ماوه‌و ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى وڵاتدا چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و دۆخه‌ بدۆزینه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكێكى نوێ یه‌ بۆ وڵات , به‌ڵام له‌ سودان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سوپاى ئه‌و وڵاته‌ چوونه‌ سه‌ر سه‌رۆك به‌شیر و له‌كار دووریان خسته‌وه‌و وتیان له‌ شوێنێكى پارێزراو دامان ناوه‌ .
پاشه‌كشه‌ى بوته‌فلیقه‌
هه‌رچه‌ند عه‌بدولعه‌زیز بوته‌فلیقه‌ بڕیارى ئه‌وه‌ى دا كه‌ خۆى كاندید نه‌كاته‌وه‌ بۆ خوولێكى تازه‌و وولایه‌تێكى نوێ ى حوكمڕانى و به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى به‌گه‌ل دا كه‌ ئیتر ئه‌و به‌هۆى ته‌مه‌ن و بارى ناجێگیرى ته‌ندروستى ناتوانێت  به‌رده‌وام بێت به‌ڵام هه‌وڵده‌دات كۆمارێكى نوێ دروست بكات بۆ جه‌زائیر كه‌ ئاینده‌یه‌كى  جوان و به‌رنامه‌یه‌كى كارا بۆگه‌شه‌كردن  و پێشووه‌چوونى به‌رده‌وامى  وڵات دابنێت كه‌ ئه‌ویش خۆى له‌ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورێكى نوێ و دامه‌زراندنى كۆمیسیۆنێكى پیشه‌یى و بێلایه‌ن بۆ سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتدا   به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌جوانه‌كانى جیهان , هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نیشتمانى گه‌وره‌ به‌ به‌شدارى هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانى وڵات بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت .
له‌ هه‌مانكاتدا و له‌ ژێر فشارى زۆرى ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵكدا بوته‌فلیقه‌ بڕیارى دابه‌ ده‌ستنیشانكردنى نوره‌دین  به‌دوى  به‌سه‌رۆكى حكومه‌تى نوێ  دواى ئه‌وه‌ى ئه‌حمه‌د ئویه‌حیا سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌و به‌ڵێنى دا كه‌ گۆڕانكارى گرنگ ئه‌نجام بدات و هه‌روه‌ها ئه‌م كابینه‌ وه‌زارییه‌ نوێ یه‌ سه‌رپه‌رشتى كاروبارى گشتى وڵات بكات و ئاسایش و ئارامى هاوڵاتیان بپارێزێت كۆمه‌ك و هاریكارى و ئاسانكارى بۆ كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات
.سه‌ركه‌وتنى خواست و داواكارییه‌كانى گه‌لى جه‌زائیر
ئه‌م بڕیارانه‌ى سه‌رۆك بوته‌فلیقه‌و حكومه‌ته‌كه‌ى چ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ خۆكاندید كردن بۆ ولایه‌تى پێنجه‌م و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى كه‌ بڕیاره‌ بهاوێژرێن بۆ گۆڕانكارى و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داواكارییه‌كانى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك كه‌ چاكسازى و باشتركردنى گوزه‌رانى خه‌ڵكه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌  ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكى مه‌زنه‌ بۆ خواستى گه‌لى جه‌زائیر , سه‌ركه‌وتنى مه‌زنتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵته‌رنه‌تیفى گونجاو بۆ سیستمى كۆن دیارى بكرێت و گه‌ل هه‌نگاو به‌هه‌نگاو چاودێرى  گۆڕانكارى و بڕیاره‌كان بكات به‌ ئاشتیانه‌و به‌بێ توندوتیژى چۆن له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هێمنى و مه‌ده‌نییانه‌ ده‌ستى پێكرد هه‌ربه‌هه‌مان ڕیتم و هه‌ناسه‌ تا گه‌یشتنى به‌ مه‌نزڵ به‌رده‌وام بێت .
هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ گرنگانه‌ دواى چه‌ندین هه‌فته‌ له‌ خه‌باتى مه‌ده‌نى و هێمنانه‌و شارستانییانه‌ هاته‌ به‌رهه‌م .
به‌ڵێ هه‌ر له‌ درێژه‌ى خه‌باتى شارستانى و هێمنانه‌ى گه‌لى جه‌زائیر به‌و هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تایى و گۆڕانكارییانه‌ قایل نه‌بوون و له‌ دواجاردا  له‌ ژێر فشارى سوپاو گه‌لدا  سه‌رۆك عه‌بدولعه‌زیز بو ته‌فلیقه‌ ناچار به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ كرا له‌ 2/ نیسان 2019 كه‌ ته‌مه‌نى 82 ساڵه‌و نزیكه‌ى 20 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایى جه‌زائیرى كرد كه‌ حه‌وت ساڵى دوایى ده‌سته‌ڵاته‌كه‌ى نه‌خۆش و ناته‌واو بوو له‌به‌رئه‌وه‌ى تووشى جه‌ڵته‌ى ده‌ماغ بوو بوو .
جێ به‌جێكردنى ماده‌ى 102 ى ده‌ستوور
له‌ دواى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى بوته‌فلیقه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى جه‌زائیر به‌تاڵ بوو بۆیه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانى جه‌زائیره‌وه‌ ماده‌ى 102 ى ده‌ستوور خرایه‌ بوارى جێ به‌جێكردنه‌وه‌ ماده‌ى 102 ده‌ڵێت له‌ دواى به‌تاڵ بوونى پۆستى سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى گه‌ل بۆ ماوه‌یه‌كى ڕاگوزه‌ر كه‌ 90 ڕۆژه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن ڕێكده‌خرێت و سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرێت به‌ڵام ئه‌و سه‌رۆكه‌ واته‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى گه‌ل كه‌ 90 ڕۆژ سه‌رۆك ده‌بێت بۆى نى یه‌ خۆى كاندید بكات بۆ سه‌رۆكى جه‌زائیر .
عه‌بدولقادر بن ساڵه‌ح بووه‌ سه‌رۆكى كاتى
له‌ دواى حه‌وت ڕۆژ له‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى بوته‌فلیقه‌ واته‌ له‌ 9/نیسان 2019 ئه‌نجوومه‌نى گه‌لى جه‌زائیر عه‌بدولقادر بن ساڵحى به‌ سه‌رۆكى كاتى جه‌زائیر هه‌ڵبژاردبۆ ماوه‌ى 90 ڕۆژبه‌ده‌نگى 453 ئه‌ندام له‌ كۆى 455 ئه‌ندامى ئاماده‌بوو .
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ به‌شێكى زۆرى خه‌ڵك و شه‌قامه‌ ناڕازى ئه‌و وڵاته‌دژى هه‌ڵبژاردنى بن ساڵه‌ح بوون چونكه‌ ئه‌وان بن ساڵه‌حیان به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ره‌ دیاره‌كانى ڕژێمى بوته‌فلیقه‌ ده‌زانى و هه‌ربۆیه‌ حزبه‌كانى ئۆپۆزه‌سیۆن بایكۆتى كۆبوونه‌وه‌كه‌ىئه‌نجوومه‌نى گه‌لیان كرد .
له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌  جه‌ماوه‌رى به‌رینى خه‌ڵكى ناڕازى  شه‌قامه‌كانى جه‌زائیر داریكردنى بن ساڵه‌حیان به‌ پێچه‌وانه‌ى ئامانج و ئاواته‌كانى شۆڕشه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان ده‌زانى كه‌له‌ 22 شووباتى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ داواى ڕۆیشتن و سزادانى هه‌موو سه‌ركرده‌و سه‌ره‌ زلله‌كانى ڕژێمى بوته‌فلیقه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌روه‌ت و سامانى ئه‌و وڵاته‌یان بۆخۆیان به‌ تاڵان بردووه‌و گه‌لى جه‌زائیریشیان لێ بێبه‌ش كردووه‌ .
بن ساڵه‌ح به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى دا كه‌ ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات و وتى ئه‌ركێكى قورسم له‌ سه‌رشانه‌و ئێمه‌ به‌ره‌و قۆناغێكى نوێ هه‌نگاو ده‌نێین و ده‌بێت زه‌مینه‌سازى بۆ بكه‌ین و ئامانج و داخوازییه‌كانى گه‌ل به‌دى بهێنین له‌ كورتترین ماوه‌دا .
ئێستا جه‌زائیر له‌ قۆناغێكى ڕاگوزه‌ردایه‌ له‌ دواى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى  بوته‌فلیقه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى وڵات , وادیاره‌ ئیتر كۆتایى نه‌وه‌ىیه‌كه‌مى جه‌نگاوه‌ره‌ دێریینه‌كانى شۆِشى جه‌زائیر دێت كه‌ به‌ موجاهیده‌كان دژ به‌ ئیستیعمارى فه‌ره‌نساجه‌نگابوون  له‌ ساڵانى 1954 تا 1962
كه‌ به‌ پاسه‌وانانى كۆن ناسرابوون .
سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى جه‌زائیر 
ئێستا له‌ دواى ئه‌و گۆڕانكارییه‌ نوێیانه‌ى له‌و وڵاته‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ پرسیارى ئه‌وه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ ئایا ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ كاریگه‌رى ده‌بێت له‌ سه‌ر سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى جه‌زائیر له‌ كۆڕوكۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى و ئیقلیمى له‌ ئێستا و داهاتووى نزیكیشدا ئه‌وه‌ى شاره‌زایانى كاروبارى جه‌زائیر پێشبینى ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێناچێت  گۆڕانكارى گه‌وره‌و جه‌وهه‌رى له‌ سیاسه‌تى ئه‌و وڵاته‌دا به‌ خێرایى  بێته‌ ئاراوه‌له‌ ئێستادا به‌ڵكو به‌ هێواش و پله‌ به‌ پله‌ڕووده‌دات   .
جه‌زائیر له‌ ساڵى 1962 تاوه‌كو ساڵى 1988 كه‌ ڕاپه‌ڕینێكى جه‌ماوه‌رى تێیدا ڕوویدا له‌سه‌ر سیستمى سۆسیالیستى به‌ڕێوه‌ ده‌چوو به‌ڵام له‌ دواى ئه‌و ڕاپه‌رشینه‌ى 5 ئۆكتۆبه‌رى 1988 سیسته‌مه‌كه‌یان گۆڕا بۆ سه‌رمایه‌دارى له‌ ژێر چاودێرى ده‌وڵه‌تدا به‌ڵام سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌یان هیچ گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆى به‌سه‌ردا نه‌هات , بۆیه‌ جه‌زائیر له‌و كاته‌وه‌تا ئێستا یه‌كێك له‌ كڕیاره‌ كانى به‌رهه‌مى پیشه‌سازى سه‌ربازى ڕووسیه‌ و خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كه‌ به‌هێزه‌ له‌گه‌ڵ مۆسكۆ دژى ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌ كاروبارى وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئه‌فریقیا به‌ڵام كورد نا دواتر دێمه‌ سه‌رئه‌و باسه‌ .
پشتیوانى بزوتنه‌وه‌ ئازادیخوازه‌كانى كردووه‌ جگه‌ له‌ كورد به‌تایبه‌تى به‌ره‌ى پۆلیساریۆ كه‌ دژ به‌ مه‌غریب له‌ جه‌نگدایه‌ و خوازیارى سه‌ربه‌خۆیى بیابانى ڕۆژئاوان له‌ مه‌غریب .
كورد و جه‌زائیر 
بیره‌وه‌رى كورد زۆر تاڵه‌ له‌ گه‌ڵ جه‌زائیر باوه‌ڕناكه‌م هیچ كوردێك هه‌بێت نه‌وه‌ى كۆن و نوێ  ڕێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیرى شوومى نه‌بیستبێت یان له‌ بیر نه‌بێت كه‌ له‌ 6 / ئازارى 1975  شاى گۆڕبه‌گۆڕى ئێران حه‌مه‌ڕه‌زا په‌هله‌وى و سه‌دام حسین كه‌ ئه‌وكات جێگرى سه‌رۆكى عێراق بوو به‌ ناوبژى سه‌رۆكى ئه‌و كاتى جه‌زائیر هه‌وارى بومدێن ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌ نه‌گریسه‌یان له‌ جه‌زائیر مۆر كرد كه‌ عێراق نیوه‌ى شه‌تولعه‌ره‌ب بدات به‌ ئێران و ئێران هه‌موو جۆره‌  كۆمه‌ك و هاریكارىیه‌ك له‌ شۆڕشى كوردستان  ببڕێت كه‌ ئه‌وكات شۆِڕشى ئه‌یلول دواى نۆ ساڵ خه‌بات و قوربانى پێشمه‌رگه‌ به‌یانى 11 ئازارى ساڵى 1970  ده‌رچووبوو كه‌ ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستان جێبه‌جێ بكرێت له‌ ماوه‌ى چوار ساڵدا كورد به‌شدار بوو له‌ حكومه‌تى عێراقداو دواتر له‌ جه‌زائیر به‌ پیلانێكى نێوده‌وڵه‌تى كۆتایى به‌ شۆِڕشێكى مه‌زن هات و حكومه‌تى عێراقیش له‌ هه‌موو به‌ڵێن و ناوه‌ڕۆكى به‌یاننامه‌ى 11 ئازارى ساڵى 1970 پاشگه‌زبووه‌وه‌ .
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د

بیروڕا

زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ