بیروڕا
پڕۆژه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى سه‌وز
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
دواجار مسته‌فا كازمى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق له‌ ڕۆژى 31/3/2021 به‌ سه‌رۆكایه‌تى شاندێك گه‌یشته‌ ریازى پایته‌ختى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ ، ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ى توانه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 1990 ه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌ بڕابوو به‌ هۆى داگیركردنى كوه‌یت له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌ .
كازمى دواى ده‌ستبه‌كاربوونى  سه‌ردانى وڵاتانى ده‌رودراوسێى عێراقى كرد ، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو یه‌كه‌م وڵات سه‌ردانى سعودیه‌ بكات و بڕیاریش درابوو ، به‌ڵام به‌هۆى نه‌خۆشكه‌وتنى شا سه‌لمانه‌وه‌ دواخرا بۆ ئێستا ، سه‌ردانى تاران و ئه‌نقه‌ره‌ى كرد .
حكومه‌تى عێراق له‌ سه‌رده‌مى عه‌بادى و دواى ئه‌ویش عه‌بدولمهدى و نهاش كازمى له‌ هه‌وڵى ئاسایى كردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و وڵاتانى عه‌ره‌بین كه‌ قوڵایى ستراتیجى عێراقه‌ به‌لاى عه‌ره‌به‌كانى عێراقه‌وه‌، ئیتر ئه‌و پرۆژه‌ى كه‌ كازمى به‌ ناوى ڕۆژهه‌ڵاتى نوێه‌وه‌ ناوى ده‌بات یان هه‌ندێكى دى به‌ پرۆژه‌ى شامى نوێ كه‌ تائێستا سێ كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ له‌ نێوان هه‌رسێ وڵاتى میسرو ئوردن و عێراق  له‌ قاهیره‌و نیۆرك و عه‌مان گرێدراوه‌ ، چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو بڕیار بوو كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ له‌ به‌غدا ببه‌ستن ، به‌ڵام به‌هۆى ڕوداوى به‌یه‌كدادانى دوو شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ میسر دواخرا .
مه‌به‌ست له‌م كۆبوونه‌وه‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییانه‌ له‌م ناوچه‌دا ، له‌ نێوان سێ وڵاتدا  ته‌واو كارى و ده‌ستكه‌وتى ئابورى و سیاسى ئاسایش وڕۆشنبیرى ده‌بێت  ، شه‌قامى عێراقیش وه‌كو كاردانه‌وه‌كانیان له‌ میدیاو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ده‌بینرێت خۆشحالن به‌و پێشهاته‌ ، هه‌وڵه‌كانى عێراق بۆ به‌ستنه‌وه‌ى تۆڕى كاره‌باى عێراق به‌ ئوردن و ڕاكێشانى بۆڕى نه‌وت له‌ به‌سره‌وه‌ بۆ عه‌قه‌به‌ ، گۆڕینه‌وه‌ى نه‌وت له‌ گه‌ڵ كۆمپانیكانى میسربه‌رامبه‌ر به‌شداریكردن له‌ بنیاتنانه‌وه‌ى ژێرخانى عێراق و زۆرشتى تریش  سه‌ره‌تاى ئه‌و پڕۆژه‌ن  .
ڕێككه‌وتننامه‌ى هاوبه‌ش له‌ نێوان دوو وڵاتدا
عێراق و سعودیه‌ چه‌ند ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كى گرنگیان ئیمزاكرد له‌ چه‌ند بوارێكى جیاوازدا ، سه‌ره‌ڕاى ڕێككه‌وتنامه‌ له‌ سكته‌رى وزه‌و و وزه‌ى نوێ بووه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ریاز وبه‌غدا ڕێككه‌وتن كه‌ سندوقێكى هاوبه‌ش دابمه‌زرێنن كه‌ سه‌رمایه‌كه‌ى 3 ملیار دۆلار بێت به‌ گوێره‌ى به‌یانى هاوبه‌شى هه‌ردوولایان ، كه‌ سوودو قازانجى بۆ ئابورى هه‌ردوولا ده‌بێت به‌ هاوبه‌شى كه‌رتى تایبه‌تى هه‌ردوو وڵات .
نه‌وت
خاڵێكى ترى گرنگ كه‌ دوو وڵات هاوڕابوون سكته‌رى نه‌وته‌ كه‌ هه‌ردوو وڵات خاوه‌نى یه‌ده‌كى گه‌وره‌و هه‌نارده‌كه‌رى زه‌به‌لاحى نه‌وتن بۆیه‌ بڕیاریان داوه‌ هه‌ماهه‌نگى وهاوكارى و هاوهه‌ڵوێستى خۆیان په‌ره‌ پێ بده‌ن له‌ ڕێكخراوى ئۆپیك كه‌ سه‌قامگیرى بازاڕى نه‌وت بپارێزن و پابه‌ند بن به‌ بڕیاره‌كانیه‌وه‌ .
سیاسى و ئابورى
له‌ بوارى سیاسى و ئابوریشدا بڕیاریان داوه‌  ئه‌كتیف كردنى گواستنه‌وه‌ى زه‌مینى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى  له‌ نێوانیاندا ، باسى زۆر دۆسیه‌ى گرنگی تریان كردووه‌  تایبه‌ت به‌ پاراستنى ئاسایش و ئارامى ناوچه‌كه‌و پشتیوانى ده‌ستپێشكه‌رییه‌كه‌ى سعودیه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ له‌ یه‌مه‌ن و دوور خستنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌  ، كازمى  به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى به‌ عه‌ره‌بستان داوه‌ كه‌ له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ هیچ هێرشێك نه‌كرێته‌ سه‌ر عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ ، ئه‌گه‌رچى له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌ندێك ده‌نگۆى وا بڵاوكرابووه‌وه‌.
حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌كه‌ى كورته‌وه‌ ڕاگوزه‌ره‌ به‌ڵام له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ وه‌به‌رهێنانى ده‌ره‌كى بۆ عێراق ڕابكێشێت ، بۆیه‌ هه‌وڵدان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ گه‌ڵ سعودیه‌ به‌ گرنگ و پێویست ده‌زانێت به‌ تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى وزه‌و كشتوكاڵدا پشتیوانى عه‌ره‌بستان بۆ عێراق كاریگه‌رى خۆى ده‌بێت .
خۆرهه‌ڵاتى سه‌وز
بابه‌تێكى ترى گرنگ كه‌ پێش سه‌ردانه‌كه‌ كازمى ، شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان به‌ ته‌له‌فۆن له‌ گه‌ڵ كازمى باسى  كردبوو پڕۆژه‌یه‌كى زۆر گرنگ بوو له‌ بوارى ژینگه‌دا ئه‌ویش ده‌ستپێشخه‌رى و  پڕۆژه‌ى (( خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى سه‌وزه‌ ))ه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت به‌ مه‌به‌ستى ڕواندنى 50 ملیار دار وه‌كو گه‌وره‌ترین به‌رنامه‌ى سه‌وزكردنه‌وه‌ ى زه‌وى له‌ جیهاندا .
له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق له‌ گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌  عه‌ره‌بیه‌كه‌ى دواى ساڵانێك له‌ دابڕان و درزو كه‌لێن بێگومان به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى هه‌یه‌ و كارێكى وائاسان نیه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ كازمى .
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ