بیروڕا
بۆچی دەنگ بە هاوپەیمانیی کوردستان بدەین؟
ئارام هادى
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤێت جیهانیان بەڕێوە دەبرد، دواتر بە رووخاندنی یەکێتیی سۆڤێت هاوسەنگیی جیهان تێکچوو، ئەمریکا بەتاک جەمسەری مایەوە و قەیرانە (دارایی، ژینگەیی، سیاسی، مرۆیی و سروشتی) یەکان قەبەتر بوون، هەروەها چەندین گروپی تیرۆر سەریان هەڵدا، شەڕی ئاو دەستیپێکرد، سروشت وێرانتر بوو، تا کار گەیشت بەوەی دەست و دیاریی شەڕی بایۆلۆژی (ڤایرۆسی کۆرۆنا)ی پێشکەش کردین!.

ئەگەر ئەم جەنگە لە هەرێمی کوردستاندا بچووک بکەینەوە، ئەوا دەگەین بەو راستییەی کە کێشەی سەرەکیی ئێمەش لە کوردستاندا هەمان دەردە جیهانییەکەیە کە تێکچوونی هاوسەنگی هێز بەرۆکی تاک بە تاکمانی گرتووە.

کێشەی سەرەکی ئێمە لە هەرێمی کوردستان تێکچوونی هاوسەنگی سیاسییه، کە رەنگدانەوەی خراپی بەسەر کۆی سیاسەتی کورد لە عیراق لە دەیەی رابردووەوە هەبووە، یەکێتی وەکو حزبێکی کاریگەر پێشتر دەست و خەتی بەسەر هەموو رێکەوتننامەکانی تایبەت بە کورد و نوێنەرایەتیکردنی کورد (جار و باریش هەر چوار پارچەی کوردستان)ەوە دیاربوو، بەڵام دۆخی دەیەی رابردووی یەکێتی و نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال و دواتر کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە لەلایەک و ساختەکاریی رێکخراو لەلایەن پارتییەوە لە هەڵبژاردنەکانی دەیەی رابردوودا پارتی کردە هێزی زۆرینە و یەکێتی پاشەکشەی کرد، ئەمەش بڕیارە هەڵەکانی پارتی بەدواداهات کە بریتی بوون لە

-1راگەیاندنی ئابووریی سەربەخۆ.
-2 ریفراندۆم.
-3سزادانی زۆنی سەوز و بێ بەشکردنی هاووڵاتیانی لە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان.
-4بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان لە بادینان.
-5نادیدەگرتنی یەکێتیی لە سیستمی حوکمڕانی ناوخۆ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دەرەوەدا.

دەرئەنجامی ئەم بڕیارە تاکڕەوییانەی پارتی، سیستمی پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە، کەمبوونەوەی پڕۆژە و هەلی کار، کۆچی گەنجان بۆ دەرەوە، دوورکەوتنەوەی دۆستە جیهانییەکان، تیژکردنەوەی ددانی دوژمنان بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، زیاتر لە 30 ملیار دۆلار قەرزاری ناوخۆیی و دەرەکی بەوتەی سەرۆکی حکومەت، تێکچوونی سەقامگیریی، ناکۆکیی ناوماڵی کورد و پەرتبوون و لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا، بردنی هەولێر بەرەو ئاڵۆزیی کە هەر شەوە و لەلایەکەوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی دەکاته سەر، بێ متمانەیی خەڵک و دەسەڵاتی بەدواداهات.
جگە لەمانە پارتی بووە سەر ئێشە بۆ پارچەکانی تری کوردستانیش.

ئێستاش بەرە و سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڕۆین ( یەکێتی و گۆڕان) پێکەوە بە ناوی هاوپەیمانی کوردستان بەشدارن، ئەوە تۆی هاووڵاتیت کە دەبێت بە دەنگدانت بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان هاوسەنگی هێز، هاوبەشی لە بڕیاردان، یەکڕیزیی لە بەغدا، سەقامگیریی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، مووچە و بودجە و خزمەتگوزاریی بۆ خۆت و سەرجەم هاووڵاتیان بگەڕێنیتەوە، وابکەی (سفرە و کاسە و گیرفان)ی خێزانەکان پڕبن، هەروەها بە دەنگدانت بە هاوپەیمانیی کوردستان، رێگر دەبیت لە دووبارە بوونەوەی سیاسەتی ناڕاست و وادەکەیت کە کورد پڕۆژەی ستراتیژیی هاوبەشی بە تێڕوانینی نوێ بۆ مامەڵەی نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت.

بایکۆتکردنی دەنگدان سوودی نییە و واتە بەهێزکردنی پارتی و لاسەنگترکردنی هاوکێشەی سیاسی و لاوازکردنی یەکێتی و گۆڕان کە دەبێت زۆر باش لەوەش تێگەیشتبین هەتا یەکێتی و گوڕان لاوازبن هەرێمی کوردستان بە قەیرانی قووڵتردا تێدەپەڕێت، پێچەوانەکەشی سەقامگیریی و ئاشتی و خێر و بێرە.
لەلایەکی ترەوە یاسای نوێی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق بە زەرەری حزبە بچووکەکانە و دەنگی پێویستیان لە زۆربەی بازنە جیاجیاکاندا نییه بۆئەوەی کاندیدەکانیان سەربخەن، باشترین رێگەش ئەوەیە بەبێ گوێدانە رەنگ و دەنگی جیاواز، دەنگ بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان بدەن، بۆئەوەی چیتر باجی نا هاوسەنگیی هێز نەدەین.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ